هەر ئەوەندە دادوەرەكە وتی، "تۆمەتبارە بە ناوزڕاندن و دەستبەسەری بكەن"، سوركێو محەمەد، سەرنوسەری ماڵپەڕی پەرەگراف دەستبەسەركرا، دواتر لەسەر کارێکی رۆژنامەوانیی تایبەت بە گەندەڵی روبەڕوی دادگا كرایەوە. هەر ئەوكات دەستبەسەركردنەكە لای سوركێو بووە مایەی پرسیار، "بۆچی دادوەرەکان بە یاسای کاری رۆژنامەوانی مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا ناکەن".
بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2007دا پەرلەمان پەسەندیكردووە، رۆژنامەنوس بە بڕێك پارە غەرامەدەكرێت كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، لە حاڵەتێكدا ئەگەر سەلمێنرا ناوی خەڵكی زڕاندووە.
لە كۆی یاساكەدا تەنیا سزادانی ماددی بۆ رۆژنامەنوسان دیاریكراوە ئەگەر تاوانێكی رۆژنامەوانی بكەن، لەهیچ شوێنێكی یاساكەدا ئاماژە بە دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی رۆژنامەوانان نەكراوە، ئەمەش ئەو پرسیارەیە كە رۆژنامەنوس سوركێو محەمەد و دەیان رۆژنامەوانی تر دەیكەن كە بۆچی كاتێك روبەڕوی دادگا دەكرێنەوە بە یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
هەندێك پێیانوایە بونی كەلێنی یاسایی لەناو یاسای رۆژنامەگەریی و "میزاج"ی دادوەرەكان دووان لە هۆكارە سەرەكییەكانن كە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە كە بۆچی یاسای رۆژنامەگەری وەک خۆی جێبەجێناكرێت و رۆژنامەنوسان دەخرێنە سوچی زیندانەوە.
ماڵپەڕی پەرەگراف، كە سوركێو محەمەد سەرنوسەرێتی لە یەك هەفتەدا لە كانونی دووەمی 2020 دوو داوای یاسایی لەسەر تۆماركرا.
داوا یاساییەكان دوای ئەوە هاتن، كە ماڵپەڕەكە كەیسێكی "گەندەڵی"، ئارام شێخ محەمەد، جێگری پێشوی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقی لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕان جوڵاند و بڵاوكردەوە كە تایبەت بوو دەستبەسەراگرتنی ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی حكومەتی عیراق و نە گەڕاندنەوەیان، سەرەڕای ئەوەی لەو بەرپرسیارێتییەدا نەمابوو. ئەوەش بەپشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەك و بەڵگەنامەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.
لە 19ی کانونی دووەمی 2020دا، سورکێو محەمەد، چووە بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ لە سلێمانی لەسەر هەردوو سکاڵا یاساییەكە كە لەلایەن ئارام شێخ محەمەدەوە تۆماركرابوو.
"دادوەری لێکۆڵەر بە یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵ کردم و نیو كاتژمێر دەستبەسەری كردم"، سورکێو محەمەد، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "بەڵام پاش ئەو فشارانەی لەلایەن رێکخراوەکان و سەندیکای رۆژنامەنوسانەوە کرا، یاساکەی گۆڕی و بە کەفالەت ئازادی کردم".
چیرۆكی سوركێو محەمەد، یەكێكە لە دەیان ئەو چیرۆكانەی كە ساڵانە روبەڕوی رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستاندا دەبنەوە.
"كەلێنەكان"ی یاسای رۆژنامەگەریی دەدۆزرێنەوە
هەرچەندە رۆژنامەنوسان بەپێی یاسای رۆژنامەگەریی بەدوردەبن لە دەستگیركردن، زیندانی یان هێشتنەوە، بەڵام هەندێك بڕگەی یاساكە بە لاستیكی ناودەبرێن و دادوەرەكان بۆ جێبەجێكردنیان پەنا بۆ یاسای تر دەبەن.
كرۆكی كێشەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە بەشێك لە دادوەرەكان، رۆژنامەنوسان بە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، یاسای سزادانی عیراقی و هەندێكجار یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دادگایی دەكەن. هەرسێ یاساكەش سزای زیندانیكردنیان تیایە.
كەریم بەحری، كە لە خولی پێشوتردا (2005 - 2009) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە لە لیژنەی یاسایی، ئەوكات دوای پەسەندكردنی یاساكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی "وشەی دەستگیركردن لە یاساكەدا نییە، بەڵام با دڵنیاتان بكەمەوە ئەم یاسایە رۆژنامەنوسان لە دەستگیركردن ناپارێزێت".
ئەو كە خۆی دەنگی بە كۆی یاساكەدابوو، بەڵام تێبینی لەسەر هەندێك بڕگەی هەبوو، روونیكردەوە كە كۆمەڵێك دەستەواژە هەیە لەوانە ئادابی گشتی، ناوزڕاندن لە یاساكەدا پێناسە نەكراون، بۆیە دادوەر پەنا بۆ یاسای تر دەبات، لەو حاڵەتەشەدا رەنگە هەندێك كات هەر بەو یاسایە سزا دیاریبكات كە دەستگیركردنی تیایە، لەوانەش یاسای سزادانی عیراقی.
كارزان محەمەد، دكتۆرای هەیە لە یاسای راگەیاندن-دا بە هەمان شێوە پێیوایە كە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان كەلێنی یاسایی تیایە، ئەو نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت "لە یاساکەدا ناوزڕاندن وەک تاوانێک لە کاری رۆژنامەوانییدا باسکراوە، بەڵام پێناسەی نەکردووە کە ناوزڕاندن چییە، لەبەرئەوەیە دادوەر ناچاردەبێت بۆ ئەوەی پێناسەی ناوزڕاندن بکات بگەڕێتەوە بۆ یاسای سزادانی عیراقی".
روونیشیكردەوە "کێشەکە لەوێدا قوڵدەبێتەوە کاتێک دادوەرەکان بۆ پێناسەی تاوانەکان دەچنە سەر یاسایەکی تر و بۆ دیاریكردنی سزاكەش ناگەڕێنەوە سەر یاسای رۆژنامەگەریی و هەر بەپێی یاسای دووەم سزاکە دیاریدەکەن".
لە یاسای رۆژنامەگەریدا سزای ناوزڕاندن ئەگەر سەلمێنرا غەرامەكردنە (یەك ملیۆن دینار كەمتر و پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت)، بەڵام لە یاسای سزادانی عیراقیدا ناوزڕاندن سزای دەستبەسەركردن و غەرامەكردن یان یەكێكیانی تێدایە – دەستبەسەركردن بەپێی یاساكە لە 24 كاتژمێرەوە تا پێنج ساڵە.
هەر بەپێی یاسای سزادانی عیراقی، لەحاڵەتی بڵاوكردنەوەی ناوزڕاندنەكە لە رۆژنامە یان دەزگای تری راگەیاندن، ئەوكات سزاكەی توندتر دەبێت.
كارزان محەمەد كە وانەی ئیتیك و یاسا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەڵێتەوە، زیاتر رونیكردەوە "پێشێلکردنی ئادابی گشتی، زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتیمانی... بەهەمان شێوە لە یاسای رۆژنامەگەرییدا هاتووە، بەڵام بێ پێناسەكردنی، ئەمەش دوبارە هەمان كێشە دروستدەكاتەوە و دادوەر پەنا بۆ یاسای تر دەبات بۆ سزادانی رۆژنامەنوسان".
سزادانی پێنج كەس لە دادگای تاوانەكانی هەولێر لە 16ی شوباتی 2021 بە شەش ساڵ زیندانی كە لە نێویاندا دوو رۆژنامەنوس هەبون (شێروان ئەمین و گوهدار محەمەد)، بەدەر لە یاسای رۆژنامەگەری یەکێکە لەو کەیسانەی ناکۆکی زۆری لە نێوان یاسا ناساندا بەدوای خۆیدا هێنا. سزادانی ئەوان بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بوو.
لەو یاسایەدا هاتووە "هەركەسێك بە دەستی ئەنقەست و بەهەر شێوەیەك لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عیراق و ببێتەهۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".
د.كارزان گوتی "هەندێکجار بابەتەکە گەیشتۆتە ئاستێك رۆژنامەنووس بە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر سزابدرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
خالێكی تر كە وەک كەلێنێك دەبینرێت لە پرسی دادگایكردنی رۆژنامەنووساندا ئەوەیە، دادگای تایبەتمەند نییە بۆ بینینی كەیسەكانی پەیوەست بە كاری رۆژنامەوانی. وەك چۆن دادگای لێكۆڵینەوەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی هەیە لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی گەرمیان كە لە ساڵی 2012ەوە دەستبەكاربون، ئەوەش بە پشتبەستن بە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ساڵی 2008 دەرچووە و تیایدا باس لە دروستكردنی دادگای تایبەتمەند دەكات.
"بوونی دادگای تایبەتمەند بۆ کەیسەکانی رۆژنامەنووسان زۆر پێویستە، چونکە ئەوە وادەکات دادوەرانی دادگاکە وردتربن لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنوسان و بە گشتیش رێوشوێنەکانی دادگاییکردن جیاواز دەبن"، د.كارزان محەمەد وایگوت.
بەڵام دادوەری خانەنشین لەتیف شێخ مستەفا، دەڵێت "ئەوەی وا لە بەشێک لە دادوەران دەکات کەیسەکانی تایبەت بە رۆژنامەنووسان لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەوانی یەکلایی بکەنەوە، مەزاجی کەسی دادوەرەکانە". زیاتر گوتی "لەڕاستیدا یاسای رۆژنامەگەری دەتوانێت رووماڵی حاڵەتەکانی پەیوەست بە کاری رۆژنامەوانی بکات، ئەگەر میزاجی كەسی نەبێت و سزادانەكان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری بێت".
كەیسەكانی سزادانی رۆژنامەنوسان لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری زۆرن
دادگاكان بەردەوامن لە سزادانی رۆژنامەنوسان بەدەر لە یاسای رۆژنامەگەری، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە هێشتا چارەسەری ئەو كێشەیە ئەوسەری دیار نییە.
رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵڵا، لە یەكی ئازاری 2020دا چووە بەردەم دادگای هەولێر و دەستبەسەركرا، ئەوەش لەسەر سکاڵایەکی مەتین بارزانی، برازای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
دەستبەسەركردنی ناوبراو لەسەر راپۆرتێك بوو لەبارەی كەیسی تەقەكردن لە ریستۆرانتی هۆقەبازی شاری هەولێر، كە لە ماڵپەڕی درەومیدیا بڵاوكرایەوە بەناونیشانی (شەڕی ئامۆزاكان لەسەر نەوت لە رێستۆرانتێكدا تەقییەوە). بەڵام نیاز چەند جارێك جەختیكردۆتەوە ئەو هیچ پەیوەندی بەو راپۆرتەوە نییە.
نیاز پاش وەرگرتنی گوتەکانی بە كەفالەت ئازادكرا، بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە ناوبراو بە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن كەیسەكەی لەسەر جوڵێنراوە نەك یاسای رۆژنامەگەری.
رێکخراوی ئازادبوون، ئەوكات لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "ئەوەی جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە سکاڵاکار (مەتین بارزانی) بە گوێرەی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن سکاڵای لەسەر رۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا تۆماركردووە".
سزای ئەو ماددەیە زیندانیکردنە لە شەش مانگ بۆ پێنج ساڵ، یان قەرەبوی یەك ملیۆن بۆ 15 ملیۆن دینار.
نیاز عەبدوڵا، لەپاڵ كاری رۆژنامەنوسی، جێگری سەرۆكی رێكخراوی (ئازادبوون)ە و كەیسەكەی هێشتا لە دادگا یەكلایینەكراوەتەوە.
لەگەڵ نیاز عەبدوڵا، لەسەر هەمان پرس، مەتین بارزانی، سكاڵای یاسایی لەسەر چوار رۆژنامەنوسی تر درەكرد و دادگا بە هەمان یاسای بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركردن، كە پێكهاتبون لە (محەمەد رەوف، فازڵ رەفعەت و نامیق رەسول)، سەرنووسەر و ئەندامانی دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی درەو میدیا، هەروەها رۆژنامەنوس هێمن مامەند.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان، لەسەر كەیسی ئەو رۆژنامەنووسانە، ئەوكات رایگەیاند لەبری سانسۆر و رێوشوێنە یاساییەكان ئەو كەسانەی زەرەرمەند دەبن، لە هەواڵ و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان رێگەی وەڵامدانەوە هەڵبژێرن، ئەگەر رێگەی یاسایش دەگرنەبەر ئەوە "دادگاكان لەچوارچێوەی یاسای "تایبەت"ی رۆژنامەگەری و بە پشتبەستن بە مەدەئی (الخاص یقید العام)، لێكۆڵینەوەكانیان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بكەن، نەك پەنا بۆ یاسای تر ببردرێت".
تەنیا لە ساڵی 2019دا، 43 جار رۆژنامەنووسان بەدەر لە یاسای رۆژنامەگەری راگیراون و مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی سەنتەری میترۆ، بۆ داکۆکیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان.
كەمال رەوف، سەرنووسەری ماڵپەڕی شارپرێس، یەكێكی ترە لە قوربانیانی جێبەجێنەكردنی یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، وەك خۆی دەڵێت "55 داوای یاسایی لەسەر تۆماركراوە" و زۆرینەیان بەدەر لە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە.
55 داوای یاسایی لەسەر تۆماركراوە و زۆرینەیان بەدەر لە یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەیان لەگەڵدا كردووە
ئەو لە ساڵی 2010 لە سلێمانی دەستگیركرا و بە دەستبەسەری بۆ زاخۆ گوازرایەوە، لەسەر راپۆرتێكی رۆژنامەوانی كە پێنج سكاڵای لەسەر تۆماركرابوو.
راپۆرتەكە بە ناونیشانی "سێكوچكەی گەندەڵی" لە رۆژنامەی هاوڵاتی، باسی لە كەیسێكی گەندەڵی دەكرد، كە چەند بەرپرسێکی حزبیی و سێ کۆمپانیا تێوەگلابون.
"سکاڵاکارەکان پێیان گوتم ئەگەر سەرچاوەی زانیارییەکەت ئاشکرابکەیت سکاڵاکە دەکێشینەوە"، كەمال رەوف گوتی "منیش رەتمكردەوە كارێكی لەو شێوەیە بكەم، چونكە دژی ئیتیك و كاری رۆژنامەوانییە".
بەپێی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری، رۆژنامەنووس مافی ئەوەی هەیە سەرچاوەی زانیارییەكەی ئاشكرانەكات، تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت.
هەرچەندە كەمال رەوف، سەرنووسەری پێشوتری رۆژنامەی هاوڵاتی ئەو كەیسەی لە دادگا بردەوە، بەڵام گوتی "بەپێی ئەو ئەزموونەی هەمە، زۆرجار لە دادگاییکردنی رۆژنامەنووساندا بە یاسای تر مامەڵە دەکرێت، کە ئەمە ئامانجی تری لە پشتەوە و دەیانەوێت بەوە رۆژنامەنووسەکان چاوترسێن بکەن و وایان لێبکەن کە دەست بۆ کەسەکانی گەندەڵی نەبەن".
شۆخان عەبدوڵڵا پارێزەرە لە سلێمانی، زۆركات كەیسەكانی رۆژنامەنووس لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان وەردەگرێت، دەڵێت "لە زۆربەی کەیسەکاندا دادگاییکردنی رۆژنامەنووسان و سکاڵاکردن لە دژیان، بەو ئامانجە نییە کە کۆتایی بە تاوانێک بهێنرێت یان سزای تاوانبارێک بدرێت، بەڵکو ئامانج لێی تۆڵەکردنەوە لە رۆژنامەنوسەکە و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕینە".
زۆربەی کەیسەکانی دژ بە رۆژنامەنووسان ئامانج لێی تۆڵەکردنەوە لە رۆژنامەنوسەکە و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕینە
ئەو زیاتر گوتی "کاتێک پارێزەرێک دەبێتە بریکاری رۆژنامەنووسێک لە دادگادا، راستەوخۆ بە چاوی تاوانبار سەیری پارێزەرەکەش دەکرێت، لە زۆربەی کەیسەکاندا رۆژنامەنوسەکان سزا دەدرێن، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی ئەو بەرپرس و دەزگایە کە سکاڵاکەی دژی رۆژنامەنوسەکە جوڵاندووە، ئەوەش بەو واتایە دێت کە پارێزەرەکە کەیسەکەی دۆڕاندووە، ئەمە بەڕاستی بۆ پارێزەرەکان ناخۆشە و هەموو پارێزەرێک ئامادە نییە بچێتە ناو وەها کەیسێکەوە".
چارەسەر لە كوێیە؟
زۆرینەی ئەوانەی قسەیان بۆ ئەم راپۆرتە كردووە، هاوڕان لەسەر ئەوەی یاساكە جۆرێك لە كەلێنی لێ دۆزاوەتەوە، ئامارەكانیش ئاماژەن بۆ ئەوەی دادوەرەكان پەنا بۆ یاسای تر دەبەن، بۆ دادگاییكردنی رۆژنامەنووسان. بەڵام هێشتا ترسی گەورە هەیە لەوەی یاساكە هەمواربكرێتەوە.
جەلال ئەمین، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی گوت "زۆرجار باس لەوە دەکرێت یاسای رۆژنامەگەری کەلێنی تێدایە، بەهۆی پێشکەوتنەکانی میدیای ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیاوە ناتوانێت روماڵی هەموو کەیسەکانی کاری رۆژنامەوانیی بکات، بۆ چارەسەری ئەو کەلێنانە ماوەیەک پێش ئێستا پێشنیازە یاسایەک بەناوی (رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی)، ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا".
ئەو جەختیكردەوە لەوەی "هەر زوو پێشنیازە یاساکە دوچاری جۆرەها رەخنە بووەوە، بە تایبەتی مادەیەکی یاساکە رێگە بە دادوەران دەدات لەکاتی دادگاییکردنی رۆژنامەنووساندا پەنا ببەنە بەر یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر... بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە، پێشنیازە یاساکە رەتکرایەوە و نەخرایە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە".
ئەو پێیوایە سەرەڕای فراوانبونی میدیا و پێشكەوتی لەوانەش تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام هێشتا یاسای رۆژنامەگەری "یەكێكە لە باشترین یاساكان"، ئەگەر وەكو خۆی جێبەجێبكرێت.
دادوەری خانەنشین، لەتیف شێخ مستەفا، گوتی "دەکرێت یاساكە بە تەفیسری نوێوە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی میدیادا بیگونجێنین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەندێک لە رۆژنامەنووسان لە پێگەی کەسی تایبەتی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باتەکانیان بڵاودەکەنەوە، ئەوەش بابەتەکەی ئاڵۆزتر کردووە".
دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، كە خۆی پێشتر راگەیاندنكار بووە، پێیوایە یەكێك لە كێشەكان ئەوەیە پەرلەمان "نەیتوانیوە" چاودێرێکی باش بێت و ئەرکەکەی خۆی جێبەجێبکات، ئەوەش لە جیبەجێكردنی ئەو یاسایانەی دەریكردووە.
بە بۆچونی د.كارزان محەمەد، یاساكە جارێ بەهیچ شێوەیەك دەستكاریی نەكرێت و هەموارنەكرێتەوە، پێیوایە "ئەوەی ئێستا زۆرینەی پەرلەمانی لایە، کار بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین دەکات، بۆیە سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکان دەستکاریکردنی یاساکە لەم خولەی پەرلەماندا ئەنجامی خراپی دەبێت". ئەوەش هەمان ترسی پەرلەمانتار دابان محەمەد و زۆرێك لە رۆژنامەنووسانە.
بەڵام شوان کەریم زرار، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان كە زۆرینەی كات رەخنەكان روبەڕوی حزبەكەی ئەو دەبنەوە، بە (كەركوك ناو)ی گوت "ئازادیی رۆژنامەوانی لە کوردستان لە ئاستێکی باشدایە و دادگاکانیش بە یاسایەکی تایبەت کە لە پەرلەمان دەرچووە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا دەکەن... تەنانەت چاودێرانی بواری ئازادیی رۆژنامەوانیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شایەتی ئەوە بۆ ئەوە دەدەن كە کوردستان لە ئاستێکی باشدایە و بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە".
ئەو وتەیە لەكاتێكدایە لە دواین راپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆرینەی رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ و میدیا، جەختدەكەنەوە لەوەی كوردستان لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەوانیدا پاشەكشێی كردووە.
شوان كەریم وتیشی "ئازادی رۆژنامەوانیش سنوری خۆی هەیە و یاساکە ئەو سنورەی دەستنیشانکردووە، بۆیە دەبێت رۆژنامەنوسان ئاگاداری ئەوەبن سنورەکانی خۆیان نەبەزێنن بۆ ئەوەی خۆشیان و دادگاکانیش دوچاری ئەو دۆخە نەبنەوە".
ئازادی رۆژنامەوانیش سنوری خۆی هەیە و یاساکە ئەو سنورەی دەستنیشانکردووە
لەبارەی یاسای رۆژنامەگەریشەوە جەختیكردەوە "ئەگەر پێویست بێت هەموارکردنەوەی کارێکی ئاسانە، گونجاوترە ئەگەر لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە پێشنیازی هەموارکردنەکە ئامادە بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە بە یاسایەکی گونجاوی دەزانین".
هەرچی د.كارزان محەمەد و دابان محەمەدیش پێیان باشبوو لەبری هەمواركردنەوە، لەم قۆناغەدا فشار بۆ جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری بكرێت، بۆ ئەوەی چیتر رۆژنامەنووسان نەخرێنە كوچی زیندانەكانەوە.