خانمە پێشکەشکارەکەی خانەقین لە دووڕیانی " كوشتن" و گەشانەوەدا

رۆژنامەنوس، مەڕوە كەلهوڕی لەكاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ دوو گوندنشینی قەزای خانەقین. فۆتۆ: ئەكاونتی مەڕوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

مەڕوە خالید كەلهوڕی

لە ناوچەیەكی ناسەقامگیر و پڕ لە ململانێی مەزهەبی و نەتەوەیی، پیشەی رۆژنامەنوسیی ئاسان نییە، چ جای رۆژنامەنوسەکە ژن بێت و راستەوخۆش هەڕەشەی كوشتن و ونكردنی تەرمەكەی لێ بكرێت. لە خانەقین ئەوە بەسەر من و وێنەگرەكەمدا هات، بەجۆرێك توشی شۆك و ترسی كردوین تا ئێستا كاریگەری هەیە.

من مەڕوە كەلهوڕی (27ساڵ)، پەیامنێر و لێپرسراوی نوسینگەی خانەقینی كەناڵی ئاسمانی ئیشراق، یەكەم رۆژنامەنوسی مێینەم لە خانەقین کە شەش ساڵە لەسەر شاشە دەردەكەوم.

لە 2015ەوە كاری رۆژنامەوانی دەكەم؛ سەرەتا لە كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستان لە سلێمانی بەرنامەیەكم بە زاراوەی كەلهوڕی هەبوو؛ دواتر لە رادیۆی مەدەنیەت لە خانەقین وەك بێژەر دەستبەكاربوم، جێهێشتنی ئەو دوو كەناڵە تەنیا بەهۆی ئەوەوە بوو كە موچەی پێویستیان پێنەدەدام، بە دوو مانگ جارێك موچەیان پێدەداین كە بڕەكەی شایەنی باسكردن نییە.

ناچاربوم لە 2018ەوە وەك پەیامنێر لە کەناڵی ئیشراق كاربكەم؛ ئێستا لێپرسراوی نوسینگەی خانەقینی ئەو كەناڵەم. كەناڵی ئیشراق سەر بە یەكێتی كەناڵ و رادیۆكانی عیراقە، كە لەلایەن حزبە شیعەكانی عیراقەوە خاوەندارێتی دەكرێت و زۆرینەی بەرنامەكانی بە شێوەزاری كوردی كەلهوڕی پەخشدەكات و نوسینگەی سەرەكی لە بەغدایە.

لەبەردەم هەڕەشەی سەرنگومکردندا

مانگی ئایاری ئەمساڵ مەڕوە و دوو وێنەگرەكەی بۆ كارێكی رۆژنامەوانی دەچنە باخەكانی خانەقین؛ بیرۆكەی بابەتەكەیان ئەوەیە بۆچی باخەكانی خانەقین لەناودەبرێن و دەسوتێنرێن، كێن ئەوانەی ئەو كارە دەكەن و جوتیاران چەند زەرەرمەندبون.

"كاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی 27ی ئایار بوو، چاوپێکەوتنەکانمان تەواوكرد؛ راپۆرتێكی تێروتەسەل دەرچوو، ڤیدیۆ و وێنەی پێویستمان گرت و  بێ كێشە گەڕاینەوە ئۆفیس"، مەڕوە زیاتر گوتی "هەر كە گەڕاینەوە چەند وێنەیەكی كاتی ئەنجامدانی راپۆرتەكەم و تیمەكەم بڵاوكردەوە و لەسەریم نوسی: كارەكەمان لەبارەی لە ناوبردنی باخەکانی خانەقینە و هەندێک حزب و لایەن باخەکان لەناودەبەن... ئەوەندەی نەبرد وێنە تایبەتییەكانی خۆمم لە چەند پەیج و ئەكاونتێكەوە بینی و هەر یەكە و بە جۆرێك كەوتنە ناوزڕاندن و سوكایەتیپێكردنم، وەك ئەوەی بە بەرنامە كارەكەیان كردبێت".

sosial
ئەكاونتێك كە پێدەچێت فەیك بێت، دوو وێنەی تایبەتی مەڕوە كەلهوڕی بڵاوكردۆتەوە و نوسیویەتی: توانیویەتی گاڵتە بە حزبە كوردییەكانی خانەقین و هەموو ئەفسەر و لێپرسراوان بكات، لە پێشی هەمویانەوە قایمقام

یەكێك لە ئەكاونتەكان بەناوی (فەساد حیتان دیالی) لە 28ی ئایار – رۆژێك دوای راپۆرتەكە-، دوو وێنەی تایبەتی مەڕوەی داناوە و لەسەری نوسیووە "كچە راگەیاندنكاری زیرەك مەڕوە كەلهوری، راستە هەر رۆژێك لە كەناڵێك دەوام دەكات، بەڵام توانیویەتی گاڵتە بە حزبە كوردییەكانی خانەقین و هەموو ئەفسەر و لێپرسراوان بكات، لە پێشی هەمویانەوە قایمقام"، مەڕوە ئەمە بە سوكایەتیپێكردن بۆ سەر خۆی و هاندانی خەڵك بۆ دژایەتیكردنی دەبینی و دەڵێت "من گاڵتەم بە هیچ كەس و لایەنێك نەكردووە و كاری رۆژنامەوانیی پیشەیی خۆم كردووە، ئینجا بۆچی وێنەی تایبەتم دەبەن".

مەڕوە دەڵێت توشی شڵەژان و دڵەڕاوكێی زیاتر بووە و نەیزانیوە چی بكات، بەڵام پاش چەند كاتژمێرێك مەترسییەكانی سەر خۆی و تیمەكەی زیاتر دەبن و بە ژمارە تەلەفۆنێک کە لای (کەرکوک ناو) پارێزراوە، بە نامەیەک هەڕەشەی كوشتن بۆ عەلی موحسن، یەكێك لە وێنەگرەكانی دێت.

"گوێبگرە ناپاک، ئەمە ئاگادارکردنەوەیە بۆت تا لە ماوەی سێ رۆژدا شوێنی کارەکە جێبهێڵیت، بە پێچەوانەوە پەیمانی خوا بەدیدێت و تەرمەکەت ون دەکەین، تێگەیشتیت هەی بەکرێگیراوی حزبە کوردییەکان"، ئەمە دەقی نامەكەیە كە بە عەرەبی نێردراوە. مەڕوە كەلهوڕی بە بینینی ئەو نامەیە توشی شۆك دەبێت و خۆی و تیمەكەی ترس دایاندەگرێت؛ بیر لەوە دەكاتەوە وەك لێپرسراوی نوسینگە چی بكات بۆ پاراستنی خۆی و تیمەکەی.

گوێبگرە ناپاک، ئەمە ئاگادارکردنەوەیە بۆت تا لە ماوەی سێ رۆژدا شوێنی کارەکە جێبهێڵیت، بە پێچەوانەوە پەیمانی خوا بەدیدێت و تەرمەکەت ون دەکەین، تێگەیشتیت هەی بەکرێگیراوی حزبە کوردییەکان

بڕیارمان دا ماوەیەك ئاگاداری خۆمان بین؛ چونەدەرەوە بۆ كاری رۆژنامەوانی بۆ هەندێك ناوچە سنورداربكەین و كەسوكارمان ئاگاداربكەینەوە و رۆژی دواتر نوسینگەی سەرەكیمان لە بەغدا لەو هەڕەشانە ئاگاداركردەوە.

marwa,harasha
دەقی نامەیەكی هەڕەشەئامێز كە لەڕێی مۆبایلەوە بۆ تیمەكەی مەڕوە كەلهوڕی رۆیشتووە و ژمارەكە لای (كەركوك ناو)، پارێزراوە

هەڕەشەكە بۆ ماوەیەك ترسی لە نێو خێزانەكانیشماندا دروستكرد و ئەوانیش چاودێرییان دەكردین بۆ پاراستنمان، لێپرسراوانی كەناڵەكەش بڕیاریاندا ماوەیەك جموجۆڵ بكەم بكەنەوە و پەنا بۆ پۆلیس و یاسا ببەین. "بەڵام هەموو چركەیەك دەترساین لەوەی روبەڕوی كوشتن و لەناوچون ببینینەوە".

هەرچەندە كەناڵی ئاسمانی ئیشراق ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینكردنی پاسەوان، بەڵام ئێمە ئەوەمان رەتكردەوە و پێمانوابوو كاریگەری نەرێنی لەسەر خۆمان و كارەكانمان دروستدەكات.

بەڵام یەكێك لە باشترین رێگەكان بەلای ئێمەوە ئەوەبوو پەنا بۆ پۆلیس ببەین تا ژیانمان بپارێزێت و ئەو كەسانە بدۆزێتەوە كە هەڕەشەی لەناوبردنمان لێدەكەن. هەر بۆیە لە بنکەی پۆلیسی ئازادی گوتەی خۆماندا و ئەو ژمارە تەلەفونە و ئەكاونتانەشمان پێدان كە هەڕەشە و سوكایەتییان دەکرد.

"ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس و دادگا دەكەین، هەم لەسەر ژمارە تەلەفونەكە، هەم لەسەر بردنی وێنە تایبەتی و سوكایەتییەكان لە سۆشیال میدیا"، مەڕوە وای گوت.

بەپێی وتەی مەڕوە پۆلیس وەكو دۆسیەیەكی تایبەت بە هەڕەشەكردن لە رۆژنامەنوسان، كەیسەكەی رەوانەی دادگا كردووە، ئەو وتی "نوێترین زانیاریی ئەوەیە دادگا بە نوسراو داوای لە كۆمپانیای ئاسیاسێل كردووە، خاوەندارێتی ئەو ژمارە تەلەفونەیان بۆ بنێرێت، بەڵام تا ئەم دەقەیە هێشتا وەڵامی ئەو نوسراوە نەدراوەتەوە".

دادگا بە نوسراو داوای لە كۆمپانیای ئاسیاسێل كردووە، خاوەندارێتی ئەو ژمارە تەلەفونەیان بۆ بنێرێت، بەڵام تا ئەم دەقەیە هێشتا وەڵامی ئەو نوسراوە نەدراوەتەوە

قەزای خانەقین لە باکوری پارێزگای دیالە، ناوچەیەکی جێناکۆکە لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە یەکێک لە ناوچانە دادەنرێت کە ئازادی کاری رۆژنامەوانی تیایدا بەرتەسککراوەتەوە، وەك مەڕوە جەختیلێكردەوە "گرفت و تەگەرەی رۆژانە دێنە بەردەم رۆژنامەنوسان".

مەڕوە دەڵێت "پێموایە فشارەكان بۆ ئەوەن رۆژنامەنوسان بترسێن و رایانبگرن لە کارەکانیان تا هیچ چاودێرێك نەبێت بەسەریانەوە... بەڵام سەرەڕای رێگری و فشارەكان من بەردەوامم لە كارەكەم... هەستێکی تایبەتم هەیە کە توانیومە خزمەتی شارەکەم و زاراوەی کەلهوڕی بکەم لە نێو جیهانی راگەیاندندا".

راگەیاندن خولیای منداڵیمە؛ لە پۆلی سێی سەرەتاییەوە كاتێك پێشكەشكاری ژنم دەبینی لە تەلەفیزیۆنەوە دەردەكەوتن، خۆزگەم دەخواست رۆژێك منیش لە شاشەوە دەربكەوم. ئێستا هەرچەندە خەونەكەم هاتۆتە دی و زۆر بە ئیشقەوە كارەكەم دەكەم، بەڵام خەریكە بە هەڕەشە و سوكایەتیکردن خەونەکەم لێ تاڵ دەکەن.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT