شەپۆلی "بێدەنگكردن" لە خانەقین
رۆژنامەنوسان و چالاكوانان راپێچی دادگا دەكرێن

دياله‌، گۆڕه‌پانێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: ئه‌میر خانه‌قینی

لەیلا ئەحمەد

چالاكوانانی مەدەنی و رۆژنامەنوسانی خانەقین لە پارێزگای دیالە، روبەڕوی شەپۆلێكی "بێدەنگكردن" بونەتەوە لەڕێی تۆماركردنی سكاڵا و راپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا و دەستبەسەركردنیان، ئەوەش لەسەر رەخنەگرتن لە سۆسیال میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخستنی گردبونەوەی ناڕەزایی.

ئەو شەپۆلە كە لەسەرەتای ساڵی 2020ەوە تائێستا بەپێی ئامارەكان زیاتر بووە، هاوكاتە لەگەڵ زیادبونی ناڕەزایی هاوڵاتیان و چالاكوانانی مەدەنی دژی بە ئیدارەی قەزاكە بەهۆی تێبینی و رەخنەكانیان لە "خراپ بەڕێوەبردن و كەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان".

سەروەر عەلی، یەكێكە لەو چالاكوانانەی خانەقین لە ناوەڕاستی 2020 روبەڕوی دادگا كرایەوە، كاتێك داوای لە فەرمانگەی تەندروستی قەزاكە كرد، ئامارەكانی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەشارێتەوە.

سەروەر پێیوابوو "تەندروستی خانەقین ئاماری توشبووان و مردن دەشارێتەوە" و داوایكرد "راستگۆبن" لەگەڵ دانیشتووانی خانەقین. "ئەوەم لەپێناو سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان و كارمەندانی نەخۆشخانەكەدا كرد، بۆ ئەوەی خەڵك و كارمەندەكانیش پارێزراوبن لەو پەتایە".

ئەو وتەیەی كە روبەڕوو لەگەڵ لێپرسراوانی فەرمانگەكە كرد، بووە هۆی ئەوەی سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماربكرێت و تۆمەتباربكرێت بە هەوڵدان بۆ "پەلاماردانی" فەرمانگەكانی حكومەت.

ئامانج لە كۆی ئەو سكاڵایانەی دژ بە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی خانەقین دەكرێت هەڵمەتێكی بێدەنگكردنە

بەهۆی ئەو سكاڵایەوە سەروەر دوو كاتژمێر لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەركرا و دواتر بە كەفالەت ئازادكرا.

لە تەمموزی ئەمساڵ دادگای خانەقین، كەیسەكەی لە بەرژەوەندی ئەو چالاكوانە یەكلاییكردەوە. بەڵام سەروەر هێشتا دڵخۆش نییە و دەڵێت "ئامانج لە كۆی ئەو سكاڵایانەی دژ بە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی خانەقین دەكرێت هەڵمەتێكی بێدەنگكردنە و ئامانجیانە ئازادی رادەربڕین و قسەكردن بەرتەسك بكەنەوە".

ئەوە یەكەم سكاڵا نەبوو لە دژی ئەو تۆماربكرێت لەسەر رەخنەگرتن، كۆتایی مانگی ئەیلولی رابردوش سەندیكای پارێزەرانی عیراق لقی خانەقین، سكاڵایەكی تریان لە دژی تۆماركرد و تۆمەتباریانكرد بە "ناوزڕاندن".

سكاڵاكە لەسەر بڵاوكردنەوەی نوسینی كەسێك بوو لە گروپێكی فەیسبوك كە 80 هەزار بەشداربوی هەیە و سەروەر عەلی سەرپەرشتی گروپەكە دەكات.

نوسینەكە رەخنەیی بوو لەدژی دادگا و بەشێك لە پارێزەرەكان، لەوانە رایینەكردنی كاروباری خەڵك و لەبەرنەكردنی رۆبی پارێزەران لە دانیشتنەكانی دادگادا.

سەروەر وتی "لە كۆمێنت هەندێك كەس ناوی یەكیان زڕاند و قسەیان بەیەكتر وت، سكاڵاكەش لەسەر ئەوە بوو كە من هاوكار بوم لە بڵاوكردنەوەی ئەو رەخنەو جوێنانە". زیاتر وتی "دوای دانیشتنم لەگەڵ پارێزەران رێككەوتم پۆزشێك بنوسم و بڵێم ئەو كۆمێنتانە بۆچونی من نییە، بەڵام ئامادەنەبوم نوسینەكە لاببەم... بەهۆی پۆزشەكەوە پارێزەران سكاڵاكەیان لە دژم راگرت".

سەروەر لەبارەی ئەوەی بۆچی ئامادەنەبوو نوسینكە لاببات، وتی "نوسینەكە رەخنەیی بوو، هیچ ناوزڕاندن و سوكایەتییەكی بۆ كەس تیانەبوو، بۆیە ئامادەنەبوم لایببەم، ئەوانیش كێشەیان لەگەڵ خودی نوسینەكە نەبوو، بەڵام گلەییان لەو كۆمێنتانە هەبوو كە بۆ بابەتەكە نوسرابوو".

xanaqeen-2
خانەقین/ 2020/ چەكدارێكی سوات سەر بە پۆلیسی خانەقین لەكاتی ئەركدا لەناو شار فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

"كۆی ئەوەی چالاكوانان و رۆژنامەنوسانی خانەقین دەیكەن، لە پێناو مافی گشتی و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكە، بەڵام حكومەت بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا دەكات"، سەروەر وایوت.

سەلام عەبدوڵا، چالاكوانێكی تری قەزای خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "چەندین هاوڕێی چالاکوان و رۆژنامەنوسم روبەڕوى کێشە و رێگریکردن دەبنەوە و دەستبەسەر دەكرێن لەلایەن هێزە ئەمنی و لەسەر سكاڵای فەرمانگەكان و لێپرسراوانی حزبەكانەوە... پێمانوایە ئامانجەكە هەموی بێدەنگكردنە".

بەپێی ئاماری چالاكوانان و لقی خانەقینی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە تا كۆتایی ئەیلولی 2021، لانیكەم حەوت چالاكوان و رۆژنامەنوس روبەڕوی دادگا كراونەتەوە.

تەواوی سكاڵاكان لەلایەن سەندیكا و فەرمانگە حكومیی و كەسانی حزبییەوە تۆماركراون، ئەوەش بەپێی ماددەی 433و 435ی یاسای سزادانی عیراقی.

ئەو دوو ماددەیە تایبەتن بە ناوزڕاندن و سوكایەتیكردن لەڕێی تەلەفون، یان دەزگاكانی راگەیاندن، لە حاڵەتی سەلماندندا تۆمەتبار غەرامە و زیندانیدەكرێن.

موراد عەلی، رۆژنامەنوسێكی قەزای خانەقینە، دەڵێت كۆی ئەو كەیسانەی دژ بە چالاكوانان و رۆژنامەنوسان تۆماردەكرێت، لەسەر رەخنەگرتن و رێكخستنی ناڕەزاییە دژ بە كەمی کارەبا، گەندەڵى و نەبونى ئاوی خواردنەوە، سوتاندنی باخ و كردنی بە یەكەی نیشتەجێبون، "ئەمانە مافی گشتین و حەق نییە هەوڵبدرێت چالاكوانانی لەسەر بێدەنگ بكرێت".

رێنماییمان بە هەموو هێزەكانمان ئەوەیە مامەڵەیەكی گونجاو لەگەڵ میدیاكاران و چالاكواناندا بكەن

موراد لەم دوو ساڵەدا هیچ سكاڵایەكی لەسەر تۆمارنەكراوە، بەڵام لە حوزەیرانی 2013 لەسەر بڵاوكردنەوەی بابەتێكی رەخنەیی دژ بە شارەوانی خانەقین لە رۆژنامەی رۆژی نوێ 27 كاتژمێر دەستبەسەركرا.

رۆژی نوێ رۆژنامەیەكی رەخنەیی ناوخۆیی خانەقین بوو و ئێستا بەهۆی پاشەكشێی میدیای نوسراوەوە راگیراوە.

موراد وتی "لەناو فایلی سکاڵاکە نوسیبویان موراد عەلی كاسبكارە نەك رۆژنامەنوس، لەكاتێكدا من ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بوم".

"دادوەر لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کردم باجى سەندیكام پێنیشاندا، سەندیکا پارێزەریان بۆ گرتم و ئازادیانکردم و كەیسەكەشم لە دادگا بردەوە". موراد وایوت.

بەڵام كێشەی بەردەوامی رۆژنامەنوسانی خانەقین وەك موراد دەڵێت ئەوەیە دەستیان بە زانیاری راناگات و بۆ ئەوەش هێزە ئەمنییەكان و فەرمانگە حكومییەكان تۆمەتبار دەكەن بە پێشێلكاری رێگریكردن و پێنەدانی زانیاریی.

بەڵام نیهاد محەمەد، وتەبێژى پۆلیسی پارێزگای دیالە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە رێنماییمان بە هەموو هێزەكانمان ئەوەیە مامەڵەیەكی گونجاو لەگەڵ میدیاكاران و چالاكواناندا بكەن، بەڵام هەندێك كات بەڵگەی دەستگیركردن و رێگریكردن لە كارەكانیان ئەوەیە ناسنامەی كاری رۆژنامەوانییان پێ نییە، تا بتوانن بە ئازادی روماڵی روداوەكان بكەن".

img-8572
دیالە/ 30ی حوزەیرانی 2021/ گردبونەوەیەكی ناڕەزایی دژی خراپی كارەبا لە خەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

"پێویستە رۆژنامەنوسان پیشەییانە مامەڵە بكەن و مۆڵەتپێدراوبن بۆ كاركردن لە سەندیكای رۆژنامەنوسان، تا بتوانن بێ كێشە كاری رۆژنامەوانی بكەن"، نیهاد محەمەد وایوت.

دلێر حەسەن سایە، قایمقامى قەزاى خانەقین، لەبارەی ئەوەی هیچ رێنماییەكی نوێیان پێیە بۆ رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی خانەقین، وتی "هیچ رێنماییەکى نوێمان نییە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لە بەرامبەر چالاکوانان و رۆژنامەنوسان لە خانەقین، بەڵام پەیوەندى باشمان لەگەڵیاندا هەیە و هیچ کاتێک رێگرمان لە خۆپیشاندان نەکردووە".

وتیشی "هیچ كاتێك نەبووە چالاکوانان و رۆژنامەنوسان داواى موڵەتى خۆپیشاندان بکەن و قبوڵی نەكەین، بەڵام پێویستە هەموو شتێك سنورى خۆى هەبێت، نەک بە ئازادى لەسەر شاشە دەربچێت و ناوی خەڵك بزڕێنێت".

"لە خانەقین رۆژنامەنوس و چالاکوانمان زۆرە و ئازادى رادەربڕین لە ناوچەکانى تر زۆر باشترە"، دلێر سایە وای وت.

بەڵام سەروەر عەلی، چالاكوانی خانەقین دەڵێت، تۆماركردنی دەیان سكاڵا دژ بە رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی خانەقین لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا بەڵگەی ئەوەیە كە "مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ ئازادی رادەربڕیندا نەكراوە و بێدەنگكردن ئامانجی سەرەكییە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT