بە بەرچاوی منداڵانی پۆلی یەكی سەرەتاییەوە؛ سێ پاسەوان بە دەمانچە و كڵاشینكۆفەوە، وەك تاوانبارێك لە دەرگای حەوشەی خوێندنگەكەوە دەریانكردینە دەرەوە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە بە زمانێكی توند و مامەڵەیەكی نەشیاو رێی نەدا روماڵی یەکەم رۆژی دەستپێکی خوێندنی نوێ بكەین. راستە چیرۆکەکە وا دەستیپێکرد، بەڵام کۆتاییەکەی جیاوازترە.
ئێستاش نەمانزانی بۆ جەنابی بەڕێوەبەر هێندە توڕە بوو، لە پڕ میزاجی گۆڕا و هەموو روداوەكەش تەنیا لە دوو خولەكی كۆتایی مەراسیمی یەكەم زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی (2021-2022)دا بوو، كە 1ـی تشرینی دووەم لە خوێندنگەی كندی سەرەتایی شاری كەركوك بەڕێوەچوو.
من كاروان ساڵحی-ـم، زیاتر لە 10 ساڵە كاری رۆژنامەوانی دەكەم و زۆربەی ئەو ماوەیەش هەر لەگەڵ ماڵپەڕی (كەركوك ناو) بەردەوامبوم، كە گرنگی بە بابەت و روداوەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك دەدات، ئەمە یەكەمجار نییە روبەڕوی پێشێلكاری ببمەوە، بەڵام ئەمجارە جیاوازییەكەی ئەوەیە لە بەرەی شەڕ و ناو خۆپیشاندان و بارگرژییەكاندا نەبوو، لە ناوەندێكی پەروەردەیی و لەلایەن كەسی یەكەمی پەروەردەی شارەكەمەوە بوو.
بەر لە پێشێلكارییەکە
دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن بەلای من و دەزگا میدیاییەكەشمەوە بایەخی هەواڵی تیادا بوو، بەوپێیەی خوێندنی ساڵی رابردودا بەهۆی كۆرۆناوە بە پچڕپچڕ و بەشێکی زۆریشی بە شێوەی ئۆنلاین بوو.
رۆژێك پێش دەستپێكردنەوەی خوێندن، لە گروپی تایبەت بە رۆژنامەنوسانی كەركوك لە وەتسئەپ، كە شوێنی بڵاوكردنەوەی بانگهێشتنامەی بۆنەكان و ئاڵوگۆڕی زانیارییە، بانگهێشتی مەراسیمی یەكەم زەنگی خوێندن لە خوێندنگەی كندی سەرەتایی كراین.
ڤیدیۆ: 1ـی تشرینی دوەمی 2021/ عەبد عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك پێشێلكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان دەكات
دوای وەرگرتنی رەزامەندی ژوری هەواڵی (كەركوك ناو)، كاتژمێر 7:40 خولەكی بەیانی دوشەممە 1ـی تشرینی دوەمی 2021 لە خوێندنگەكە ئامادەبوین، هەر من نەبوم، كامێرای كەناڵی عیراقییە، ئەنادۆڵ و كەناڵی ئاسمانی كەركوك-یشی لێ بوو.
ئێمە هەموو دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لەناو یەكێك لە خوێندنگەكانەوە روماڵی راستەوخۆ دەكەین.
كاتژمێر 7:51 خولەك پەخشی راستەوخۆم لە پەیجی (كەركوك ناو) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە دەستپێكرد، زیاتر لە 43 خولەك پەخش بەردەوام بوو، هەر لە سەرەتاوە عەبد عەلی حسێن تەعمە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك لە مەراسیمەكەدا ئامادە و ئاگاداری ئامادەبونی میدیاكانیش بوو.
كات گەیشتە كۆتایی مەراسیمەكە؛ بانگهێشتی بەڕێوەبەری پەروەردە كرا بۆ لێدانی یەكەم زەنگی خوێندن، زەنگەكەی هەڵگرت و ویستی بچێتە پشت مەنەسەكەوە، بەڵام نوێنەری كۆمپانیایەكی پەیوەندی كە هاوكاری خوێندنگەكە و پەروەردەی كەركوكی كردبوو، داوایكرد بەڕێوەبەر لەپێش مەنەسەكەدا زەنگ لێبدات تا لە كامێرا و وێنەكاندا دەربكەوێت.
ئەو قسەیە بەس بوو تا بە تەواوی میزاجی بەڕێوەبەر بگۆڕیت؛ بە شێوازی نەشیاو كەوتە وەڵامدانەوە و بە توڕەییەوە وتی "تۆ ئێمە فێر دەكەیت چی بكەین و چی نەكەین.. یان ئێمە ئێوە فێر دەكەین.." ئەو كەسە ویستی رونیبكاتەوە تەنیا مەبەستی كارێكی باش بووە و هەڵەی نەكردووە، بەڵام بەڕێوەبەر وتی "من دەمەوێت هەر لێرە (شوێنی خۆی) بەردەوامبم".
لەگەڵ وتنی دواقسەیدا، عەبد تەعمە مەنەسەكەی بەجێهێشت بەرەو ناوەڕاستی حەوشەی خوێندنگەكە، كە بە سێ ریز خوێندكاری سەرەتایی راوەستابون، لەنێویاندا ئەو منداڵانەی یەكەم رۆژیانە دەچنە ناو كەشی خوێندنگە و بۆ نیو رۆژ لە دایك و باوك و كەشی ماڵەوە دادەبڕێن، زیاتر لە هەر كەسێك پێویستیان بە هێمنی و ئارامكردنەوە هەیە.
بەڕێوەبەری پەروەردە بەدەم لێدانی زەنگەكەوە و بە بەردەم خوێندكارەكانی ناو حەوشەكەدا هاتوچۆی كرد کە سێ پاسەوانی بە جلی مەدەنییەوە، كە یەكێكیان كڵاشینكۆف و دوانەكەی تر دەمانچە بە كەمەریانەوە بوو، بەدوایەوە بوون، دواتر بەڕێوەبەر بەرەو روی رۆژنامەنوسەكان گەڕایەوە، من پەخشەكەم هەر بەردەوام بوو، لەگەڵ راوەشاندنی پەنجەیدا رویكردە ئێمە و وتی هەر ئێستا تەنیا راگەیاندنی پەروەردە بمێنێتەوە و ئەوانیتر بۆ دەرەوە، "یەڵا بۆ دەرەوە، دەی بۆ دەرەوە" عەبد عەلی تەعمە وای وت.
بە دەنگێكی بەرزتر و توڕەتر، بە بەرچاوی خوێندكارەكانەوە و بە هاوكاری سێ پاسەوانەكەی لە دەرگای حەوشەی خوێندنگەكەوە دەریانكردین
بەڕێوەبەری پەروەردە هەر بەوشێوازە پێیوتین "میدیای ئاسمانیمان ناوێت..، لەسەر چ بنەمایەك بانگهێشتكراون، رەزامەندیتان وەرگرتووە، یەڵا بۆ دەرەوە، هاتون فێرمان دەكەن چی بكەین، مەرجمان بۆ دادەنێن.. بە ئارەزوی خۆتان دەچنە ناو خوێندنگەكانەوە".
پەیامنێری كەناڵی عیراقییەی نیمچەحكومی رەزامەندی رێگەپێدانی نیشاندا، بەڵام بەڕێوەبەر رەزامەندییەكەی دڕاند و فڕێی دا.
بەردەوام بوو لە دەست راوەشاندن و سور بوو لەسەر دەرکردنمان؛ بە دەنگێكی بەرزتر و توڕەتر، بە بەرچاوی خوێندكارەكانەوە و بە هاوكاری سێ پاسەوانەكەی لە دەرگای حەوشەی خوێندنگەكەوە دەریانكردین.
دیار تاڵب، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كەركوك کە یەكێك بوو لەو رۆژنامەنوسانەی کرایە دەرەوە، ئەو وتی "داواكارین لە بەرانبەر ئەو مامەڵە نەشیاوەدا لێكۆڵینەوە بكرێت".
هەراكەی دەرەوەی خوێندنگە
من و هاوپیشەكانی دیكەم، خوێندنگەی كندی-ـیمان بەجێهێشت، دوای ئاگاداركردنەوەی دەزگاكەم لەو پێشێلكارییەی بەڕێوەبەری پەروەردە، گەیشتمە خوێندنگەی عەلی مەردان-ی سەرەتایی بۆ روماڵی راستەوخۆی یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی كوردی.
ژوری هەواڵی (كەركوك ناو)، هەرزوو هەواڵی پێشێلكارییەكەیان بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان، پاڵپشت بە لێدوان و بەڵگە بڵاوكردەوە، ئەوەش سەرەتای دەنگدانەوەی زۆری روداوەكەوە نەك هەر لە كەركوك، بەڵكو لەسەر ئاستی عیراق.
پەخشەكەی (كەركوك ناو)، هەموو روداوەكەی تۆماركرد، بە هاتوچۆی پاسەوانەكانیشەوە بە چەكەوە لە بەردەم خوێندكارەكاندا، ڤیدیۆ و وێنەكانی (كەركوك ناو) لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوەوە.
لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی پێشێلكارییەكەی كرد و داوایكرد دەستبەجێ بەڕێوەبەری پەروەردە رونكردنەوە بدات.
كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەوانی لە عیراق، بە بەیاننامەیەك و پاڵپشت بە قسەی من ئیدانەی پێشێلكارییەكەی كرد و داوایكرد لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەری پەروەردە بكرێت.
هەروەها لقی كەركوكی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "ئەو هەڵسوكەوتەی بەرێوەبەری گشتی لە بەرچاو قوتابیانی سەرەتایی بۆ روخاندنی رۆڵی ڕۆژنامەنوسان و راگەیاندنكاران سەرپێچی بنەمەكانی ئازادی رۆژنامەوانی و مافەكانی مرۆڤە كە دەستور جێگیریكردون و دەبێت داوای لێبوردن بكات".
هەر لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ، چەندین كەس و لایەنی دیكەش بە بەیاننامە یان لێدوان دژایەتی ئەو مامەڵەیەی بەڕێوەبەری پەروەردەیان کرد، جگە لەو پاڵپشتییە زۆرەی رۆژنامەنوسانی دەزگا میدیاییە جیاوازەكان بە تایبەت لە كەركوك بۆ دۆسیەكەی ئێمە هەیان بوو.
راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە بەڕێوەبەری پەروەردەی وت: كارێكی باشت نەكردووە بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان
عەلی حەمدی دلێمی، وەزیری پەروەردەی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا، ئاشكرایكرد لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عەبد عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوكەوە كردووە و داوایكردووە هەڵسوكەوتی باشبێت لەگەڵ رۆژنامەنوساندا، چونكە میدیا رۆڵی بەرچاویان لە گواستنەوەی وێنەی گەشی دەزگا پەروەردەییەكاندا هەیە.
وەزیر هەروەها دەڵێت رێگەپێدراو نییە كەس بەچەكەوە بچێتە ناو حەرەمی خوێندنگەكانەوە و جارێكیتر سوپاسگوزاری بۆ دەزگا میدیاییەكان دەردەبڕێت.
پارێزگاریش نیگەرانە
دواى دەكردنمان لە خوێندنگەكە، وێنە و ڤیدیۆی پێشێلكارییەكانی بەڕێوەبەری پەروەردەمان بۆ گروپی تایبەت بە (پەیوەندییە حكومییەكانی كەركوك) نارد لە وەتسئەپ.
مەروان ئەلعانی، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەكانی ئیدارەی پارێزگای كەركوك و دلێر شوانی، راوێژكاری پارێزگار بۆ كاروباری پەیوەندییەكان و راگەیاندن لە گەیاندنی پێشێلكارییە بە پارێزگار و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی ئێمە زۆر هاوكارییان كردین.
كاتژمێر 12:30 خولەكی نیوەڕۆی هەمان رۆژ، دلێر شوانی بە تەلەفۆن پەیوەندی بە من و رۆژنامەنوسەكانی ترەوە كرد و وتی پارێزگار دەیەوێت چاوی بە ئێوە بكەوێت.
لە نیو كاتژمێردا گەیشتینە باڵەخانەی پارێزگا، راكان سەعید جبوری پارێزگاری كەركوك پێشوازی لێكردین و دوای بینینی وێنە و ڤیدیۆ و وردەكاری روداوەكەوە، وتی "سەرەتا من داوای لێبوردن لە ئێوە دەكەم، چونكە ئێوەی رۆژنامەنوسان بەردەوام پاڵشتمان بون لە بۆنەكاندا و كەسانی دیار و ناسراوی شارەكەن".
پارێزگار داوای كرد بانگهێشتی بەڕێوەبەری پەروەردە بكەن؛ تا لە زمانی ئەویشەوە گوێیان لە روداوەكە بێت و لایەنگری نەكات، لەڕێی راوێژكارێكیەوە پەیوەندی بە عەبد عەلی تەعمە، بەڕێوەبەری پەروەردەوە كرا و لە 15 خولەكدا گەیشتە دیوانی پارێزگا.
ڤیدیۆ: 1ـی تشرینی دوەمی 2021/ عەبد عەلی حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك بەهۆی پێشێلكارییەكانەوە داوای لێبوردن دەكات
بەڕێوەبەری پەروەردە داوای لێبوردنی كرد
ئێمە لە ژوری پارێزگار بوین، كاتێك بەڕێوەبەری پەروەردە هات؛ شێواوی بە روخساریەوە دیار بوو، راكان سەعید پێیوت "تۆ كارێكی باشت نەكردووە بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان، ئەوان بۆ كارێكی نەشیاو نەهاتون بەڵكو ویستویانە روماڵی یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن بكەن".
بەڕێوەبەری پەروەردە هەوڵیدا هۆكاری توڕەیی و مامەڵەكەی بخاتە ئەستۆی نوێنەری كۆمپانیایەكی پەیوەندی كە لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوو، جارێكیتر پاساوی ئەوەی دەهێنایەوە رێنادرێت میدیا بچێتە ناو خوێندنگە و وتی بە شێوازێكی رێك و پێك بەڕێیكردوین، بەڵام بە نیشاندانی ڤیدیۆی روداوەكە قسەكانیمان رەتكردەوە.
پارێزگار بە بەڕێوەبەری پەروەردەی وت دەبوو بە شێوازێكی تایبەت بەڕێیانبكەیت، بۆیە پێویستە داوای لێبوردن لە رۆژنامەنوسەكان بكەیت، ئێمەش بە مەرجێك قایل بوین، داوای لێبوردنی بە ڤیدیۆ تۆماربكەین و لە میدیاكانی خۆماندا بڵاویبكەینەوە.
من ڤیدیۆی داوای لێبوردنی بەڕێوەبەری پەروەردەم لە پەیجی (كەركوك ناو) بڵاوكردەوە كە تیایدا دەڵێت "داوای لێبوردن لە هەموو رۆژنامەنوسانی عیراق و پارێزگای كەركوك دەكەم"، دوجار لێبوردنەكەی دوبارە دەكاتەوە.