رۆژنامەنوسانی ناوچەكانی جێناكۆك لە نێوان دوو بەرداشدا

كەركوك/ 2020/ روماڵی گردبونەوەیەكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنى کوردى فۆتۆ: كەركوك ناو

گۆران بابان - كەركوك

رۆژنامەنوسانی ناوچەكانی جێناكۆك، نیگەرانن لەوەی بەدەر لە یاسا بەركارەكانی تایبەت بە كاری رۆژنامەوانی عیراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەهۆیەوە روبەڕوی دەستگیركردن و سوكایەتیی جۆراوجۆر بونەتەوە و دەڵێن ئەوەش كاریگەری كردۆتەوە سەر پیشەكەیان.

ئەو مامەڵەیە لەكاتێكدایە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق ئاشكرایدەكات، كە ئەوان ناتوانن بەرگری لە هیچ یەكێك لەو رۆژنامەنوسانە بكەن، كە ئەندام نین لای ئەوان، بەوەش دەیان رۆژنامەنوس لەیەككاتدا هەم لە دەرەوەی یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، هەم بەبێ پاڵپشتی سەندیكا ماونەتەوە.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان 24 لە كەركوك، یەكێكە لەو دەیان رۆژنامەنوسانەی دادوبێدادیانە بەدەست ئەو جۆرە مامەڵەیەوە.

هێمن لە حوزەیرانی 2020، لەكاتێكدا سەرقاڵی روماڵكردنی پرسی سوتاندنی دانەوێڵەی جوتیاران بوو لە گوندێكی داقوق، هێزێكی ئەمنی كە سێ ئۆتۆمبێلیان پێبوو، گەیشتنە سەری و رێگرییان لێكرد روماڵ بكات. هێزەكە بەوەوە نەوەستان دەستگیریان كرد و گواستیانەوە بۆ فەرماندەیی هێزەكە لە نزیك داقوق (44كم باشوری كەركوك).

"مامەڵەیەكی دوژمنکارانەیان لەگەڵ خۆم و تیمەكەمدا دەكرد، وتیان ئێوە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر دەستگیركراون، لەبەرئەوەی هاتون چالاكییەكانی داعش بڵاودەكەنەوە"، هێمن زیاتر وتی "ماوەی دوو کاتژمێر بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیریان كردین و لێكۆڵینەوەی وردیان لەگەڵدا كردین، سوكایەتی و جوێنیان بە خۆمان و پێشمەرگە و سەركردەكانی كورد دەدا، دەیانوت بەخەویش پێشمەرگە ناگەڕێتەوە ئەم ناوچەیەیە، لەكاتێكدا ئێمە تەنیا بۆ روماڵی سوتاندنی دانەوێڵەی جوتیاران لە ناوچەكە بوین".

مامەڵەیەكی دوژمنکارانەیان لەگەڵ خۆم و تیمەكەمدا دەكرد، وتیان ئێوە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر دەستگیركراون

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسانی عیراق ژمارە 21ی ساڵی 2011، نابێت لێپرسینەوە لە رۆژنامەنوس بكرێت یان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت بەهۆی تاوانێكەوە كە خراوەتە پاڵی، تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت.

hemn dalo
هێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان 24 لە كەركوك. ئەكاونتی هێمن دەلۆ، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

لەگەڵ ئەوەشدا هاتووە "پێویستە سەندیكای رۆژنامەنوسان و ئەو دەزگایەی كاری تێدا دەكات ئاگاربكرێتەوە".

تۆمەتباركردنی هێمن بە ماددەی چواری تیرۆر و ئاگادارنەكردنەوەی سەندیكا و دەزگاكەی لە دەستگیركردنی، لەكاتێكدایە، لە ماددەی 18ی یاسای مافەكانی رۆژنامەنوساندا هاتووە "كار بە هیچ دەقێك ناكرێت كە دژ بەم یاسایە بێت".

هێمن وتیشی "دەیانویست بە زەبری هێز لایڤێک بکەمەوە و بڵێم هەرچییەكم وتووە راست نییە و داوای لێبوردن بكەم، بەڵام من ئەوەم قبوڵنەكرد، دواتر دەزگاكەشم ئەوەیان قبوڵ نەبوو".

هەوڵدان بۆ ناچاركردنی هێمن دەلۆیی، بەوەی لە لایڤێكدا داوای لێبوردن بكات، تەواو پێچەوانەی یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسانە لە عیراق، چونكە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی پێنجی یاساكەدا هاتووە "رۆژنامەنوسان مافی خۆبەدورگرتنیان هەیە لە نوسین و ئامادەكرنی ئەو بابەتە رۆژنامەوانییانەی لەگەڵ بیروڕاو بۆچون و ویژدانی رۆژنامەگەری خۆیاندا یەكناگرێتەوە".

هێمن دوای دوو كاتژمێر بە مەرجی ئەوەی جارێكی تر بە هیچ شێوەیەك نەچێتەوە ئەو سنورە، ئازادكرا، ئەوەش دوای دەستتێوەردانی، ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و لێپرسراوانی حكومی و حزبی هات.

"هەرگیز ئەو رۆژەم بیرناچێتەوە، كە هێزی ئەمنی دەبینم رێک ئەو چیرۆکەم بەبیردێتەوە کە ئەوان رۆژنامەنوس وەکو دوژمنێک سەیر دەکەن، لەکاتێکدا ئێمە لە دەیان شوێن روماڵی سەرکەوتنەکانی هێزە ئەمنییەکانمان کردووە، بەبێ جیاوازی".

هێمن لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا، پێنج جار لەكاتی روماڵكردندا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە و دەڵێت "زۆرینەیان گوێ بە یاسا نادەن، یان شارەزاییان لە یاساكاندا نییە، ئەو مامەڵەیەی دەیكەن دژ بەیاسا بەركارەكانە".

بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن و مافی بەدەستهێنانی زانیاریی، هەواڵ و بەیاننامە و ئەو ئامارانەیان هەیە كە قەدەغەكراو نییە و مافی خۆیانە لە سنوری یاسادا بڵاویبكەنەوە. هەروەها مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی خۆی.

چیا نوری، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی پەیام لە كەركوك، یەكێكی ترە لەو رۆژنامەنوسانەی چەند جارێك روبەڕوی پێشێلكاری بۆتەوە و بەهەمان شێوە بەدەر لە یاسا بەركارەكان مامەڵەی لەگەڵدا كراوە.

"هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوەی وردیان لەگەڵ دەكردم، بەبێ بڕیاری دادوەر دەستگیریان دەكردم، هەندێك كات كەلوپەلەكانیان دەشكاندم... هەروەها هەڕەشەیان دەكرد لەوەی دەبوو بابەتە رۆژنامەوانییەكان بەدڵی ئەوان بنوسم"، چیا وایوت.

هەڕەشەیان دەكرد لەوەی دەبوو بابەتە رۆژنامەوانییەكان بەدڵی ئەوان بنوسم

بە گشتی 13 هێزی جۆراوجۆری ئەمنی تەنیا لە پارێزگای كەركوكدا هەن، ئەوەش بەپێی وتەی لێپرسراوانی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، كە جەختدەكەنەوە لەوەی كاریگەریی هەیە لەسەر پێشێلكارییەكان.

چیا نوری پێیوایە چارەسەری ئەو كێشەیە بەوە دەبێت كە راهێنان بە هێزە ئەمنییەكان بكرێت لەوەی چۆن مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ رۆژنامەنوساندا دەكرێت و ئاشنابكرێن بە یاساكانی تایبەت بە كاری رۆژنامەوانی لە عیراق.

داواشیكرد، بەردەوام كۆبونەوە و گفتوگۆ هەبێت لە نێوان رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندندا.

بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە چوار ساڵی رابردودا (سەرەتای 2017 تا كۆتایی 2020) سەدا 12ی پێشێلكارییە تۆماركراوەكان دژی رۆژنامەنوسان لە كەركوك بون.

تەنیا لە ساڵی 2020دا، بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان؛ 138 حاڵەتی پێشێلكاری لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون و لەو ژمارەیە 25ــیان لە كەركوك بون.

هێمن حەسیب، یاساناس، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەبێت هەر کاتێک سکاڵا لە دژی رۆژنامەنوس تۆماربكرێت، لەسەر بنچینەی یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسانی عیراق بێت، چونكە ئەم یاسایە لە كەركوك بەركارە، نەك یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان... بەڵام هەندێكجار بەرپرسان یان لێپرسراوانی فەرمانگەكان دەچن بە یاسای سزادانی عیراقی مامەڵە لەگەڵ كەیسەكانی رۆژنامەنوساندا دەكەن، لەو حاڵەتەدا رۆژنامەنوسەکە دەتوانێت داواکارییەک پێشکەش بکات بەوەی داگا بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە بكات... ئەوکات لەبەردەم دادوەر بە بەڵگە دەبێت بیسەلمێنێت کە رۆژنامەنوسە و بەڵگەکەش ئەوەیە  کە دەبێت ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنوسان بێت".

بەڵام ئەو وتی كە یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی بەردەم رۆژنامەنوسانی ناوچەكانی جێناكۆك ئەوەیە لەكاتی تۆمارکردنی سکاڵادا، بەپێی یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، بەتایبەت ماددەی 391 گوایە ماددەیەكی تایبەتە بە ناوزڕاندن.

یان هەندێك كات رۆژنامەنوسان بە ماددە و دەقی یاسایی جیاوازتر دەدرێنە دادگا، نەك بە یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسانی عیراق.

كاروان ساڵحی پەیامنێری (كەركوك ناو) و ئاسۆ ئەحمەد، پەیامنێری پێشوی ئێن ئاڕتی لە كەركوك، لە ئایاری 2019 كاتێك سەرقاڵی گرژیی نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب بون لە گوندی پەڵكانە لە ناحیەی سەرگەڕان، لەلایەن هێزێكی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین-ەوە دەستگیركران و بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی درانە دادگا.

palkana
كه‌ركوك/14ی ئایاری2019/ ئاڵۆزی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌ گوندی په‌لكانه‌ی كه‌ركوك

بەپێی ماددەكە هەركەسێك پێشیلی فەرمانێك بكات كە لە فەرمانبەرێك یان راسپێردراو بە خزمەتی گشتی، یان لە ئەنجومەنی شارەوانییەكان، یان لە دەستەیەكی رەسمییەوە دەرچوبێت، لە سنوری دەسەڵاتی یاساییاندا ئەوە سزادەدرێت بە زیندانیكردن لە شەش مانگ زیاتر نەبێت.

كەیسەكەی كاروان و ئاسۆ دوای دوو دانیشتنی دادگا داخرا، دوای ئەوەی سەلمێنرا كە هەردوكیان رۆژنامەنوسن، بەڵام دادگا هیچ مافێكی بۆ نەگەڕاندنەوە لە بەرامبەر ئەو لێدان و پێشێلكاریی و سوكایەتییەی كە بەرامبەریان كرا، وەك كاروان ساڵحی وتی.

"كێشەیەك هەیە لەم سنورانەدا دەسەڵاتەکان دان بە یاسای رۆژنامەگەریدا نانێن و دادگاش سەربەخۆ نییە، بۆیە رۆژنامەنوسانیش ناچار سڵ لە یاسا دەكەنەوە"، هێمن حەسیب وای وت.

ئەو كێشەیە هەروەها رۆژنامەنوسانی ناچاركردووە لەكاتی روماڵدا سڵبكەنەوە و نەتوانن بە ئازادنە كاری پیشەیی خۆیان بكەن، وك هێمن دەلۆ چەند جارێك جەختیلێكردەوە.

رزگار شوانی، لێپرسراوی راگەیاندنی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی عیراق، دەڵێت "ئەو رۆژنامەنوسانەی دەزگاکانیان سەر بە هەرێمی کوردستانن ئەگەر ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنوسانی عیراقبن ئینجا دەتوانین هەموو مافەکانیان لە پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن بۆ بەجێبگەیەنین، بەپێچەوانەوە ناتوانین بەرگرییان لێبكەین".

ئەوەش لەكاتێكدایە زۆرێك لە رۆژنامەنوسانی كورد لە كەركوك، تەنیا لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێم ئەندامن، بەوەش مافی بەرگریلێكردنیان دەفەوتێت، چونكە سەندیكاكە لە ئێستادا لقی خۆی لە كەركوك داخستووە.

"ئێمە پارێزەرمان هەیە و لە سەندیكای عیراقیش ئەندامی كوردمان هەیە، رۆژنامەنوسیش هەبووە كورد بووە بەرگریمان لێكردووە، چونكە لای ئێمە ئەندام بووە"، رزگار شوانی وایوت.

زیاتر وتی "دەزگا ئەمنییەکان بەگشتی مامەڵەیان باشە، بەڵام كەیس و حاڵەتی پێشێلكاریش هەبووە دژ بە رۆژنامەنوسان".

ئاماژەی بەوەشدا كە بەردەوامدەبن لە هەوڵدان بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردولا (رۆژنامەنوسان و دەزگا ئەمنییەكان).

لە دوو هەفتەی رابردودا بۆ ئەو مەبەستە لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق، كۆبونەوەیەكی هاوبەشیان رێكخست لە نێوان هەردولا.

رزگار شوانی وتی "جەختمان كردەوە كە نابێت دژی رۆژنامەنوسان مامەڵە بکەن، چونکە پەیامی رۆژنامەنوسان پەیامی خزمەت و ئاشتییە و خستنەڕوی راستییەكانە".

هێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان 24، داوایكرد، دۆخی رۆژنامەوانی لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك باشتر بكرێت، "بەردەوامبونی ئەم پێشێلکارییانە، لە داهاتوودا دەرئەنجامی خراپتری لێدەکەوێتەوە...".

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT