"هێرشبەرەكان سەرەتا سێ بۆ چوار كەس بون، بە بۆكس و شاپ لێیان دام، دواتر بون بە 10 كەس"، هادی سەلیمی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی روداو بەمشێوەیە باسی ئەو هێرشەی كرد كە لەلایەن كارمەندانی چێشتخانەیەكەوە لە هەولێر كراوەتەسەری. بەپێی راپۆرتی پزیشكی هادی لای چاوی راستی تەقیوە و سێ تەقەڵ دوراوەتەوە.
نزیك كاتژمێر 9ی شەوی 11ی تشرینی دووەمی 2021، چیشتخانەی ماسی زیرەك گڕیگرت، كە دەكەوێتە سەر شەقامی شەست مەتری هەولێر، لە بەرانبەر وەزارەتى داد. ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە نێویاندا رۆژنامەنوسانی تۆڕی میدیایی روداو، ئێن ئاڕ تی و پەیجی ئەربیل لایڤ ویستیان روماڵی روداوەكە بكەن، بەڵام روبەڕوی هێرش و پەلاماردان بونەوە.
هێرشەكە چۆن بوو؟
هادی سەلیمی پەیامنێری روداو و زەردەشت خان-ی وێنەگر، كاتژمێر نۆ و 45 خولەك گەیشتنە بەردەم چێشتخانەكە و ویستیان روماڵ دەستپێبكەن.
هادی وتی "لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزین و چوینە ناو چێشتخانەکەوە، ویستمان روماڵ دەستپێبكەین، بەڵام كارمەندەكان وتیان وێنەگرتن قەدەغەیە، ئیتر ئێمەش گەڕاینەوە بۆ لاى ئۆتۆمبێلەکە، بەرلەوەی سەربكەوین سێ بۆ چوار كەس هێرشیانكردە سەرمان، دواتر ژمارەكە بۆ سەروو 10 كەس زیادی كرد، لە نێویاندا کوڕی خاوەنی چێشتخانەکە، بە بۆکس، شاپ و کەلـلەی سەر لێیانداین... پۆلیسی فریاکەوتن منی لەدەستی ئەوان رزگار کرد".
لە هەمانكاتدا، كارمەندەكان هێرشیانكردە سەر نامۆ محەمەد، وێنەگری کەناڵی ئێن ئاڕ تی و شڤان هەرکی پەیامنێری پەیجی ئەربیل لایڤ.
راپۆرتی پزیشکی دەریخستووە، "سێ تەقەڵ لای چاوی راستی تەقیوە"، بەپێێ وتەی هادی سەلیمی. بەو هۆیەوە خۆی و كەناڵی روداویش سكاڵایان تۆماركرد.
سوتانی چێشتخانەی ماسی زیرەك لە هەولێر. سەرچاوە: تۆڕی میدیایی روداو
موراد سورچی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، وتی "کاتێک لەبەردەم چێشتخانەكە دابەزین، کرێکارەکان و کوڕەکانی خاوەنی چێشتخانەكەش وتیان روماڵ نەکەن، تەنانەت خاوەنی چێشتخانەکە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەى لەگەڵ کردین... بەڵام دواتر كاتێك هێرشكرایە سەر تیمی رووداو، وێنەگرەكەی ئێمەش بە هەمان شێوە هێرشی كرایەسەر".
"وێنەگرەكەمان (نامۆ محەمەد) دەستی راستى ئازاری زۆری پێگەیشتووە، سێ رۆژ نەیتوانیوە کامێرامانی بکات"، موراد وای وت.
هاوكات شڤان هەرکی، پەیامنێری پەیجی ئەربیل لایڤ، وتی "هەر لەگەڵ دەرهێنانی كامێراكەم شەش لە کرێکارانی چێشتخانەكە هێرشیان کردەسەرم... باشبوو پۆلیسی بەرگری شارستانی لەوێ بون و نەیانهێشت لێم بدەن، ئیتر منیش روماڵم نەکرد و شوێنەکەم بەجێهێشت".
پەلاماردانی رۆژنامەنوسانی ئەو كەناڵانە، دووەم حاڵەتی هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوسانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە.
لە 11ی ئابی ئەمساڵ موختاری گەڕەكی باداوەی هەولێر و برایەكی پەلامار هەردوو تیمی ئێن ئاڕ تی و سپێدەیاندا و لەگەڵ شكاندنی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان، رێگریشیان كرد روماڵی خۆپیشاندانێكی هاوڵاتیان بكەن.
بەپێی راپۆرتی سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان بۆ ساڵی 2020، لەكۆی 315 پێشێلكاریی جۆراوجۆر بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، دووان لەو پێشێلكارییانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە كراون.
موراد سورچی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دەڵێت "وایلێهاتووە بەوە دڵخۆش بین ئەو شوێنەی بۆ روماڵ روی تێدەکەین پۆلیس و ئاسایشی لێ بێت، لایەنی کەم ئێمە بپارێزێت لە هێرشی هاوڵاتیان".
وایلێهاتووە بەوە دڵخۆش بین ئەو شوێنەی بۆ روماڵ روی تێدەکەین پۆلیس و ئاسایشی لێ بێت، لایەنی کەم ئێمە بپارێزێت لە هێرشی هاوڵاتیان
چوار رێكخراوی بەرگریكردن لە مافی رۆژنامەنوسان ئیدانەی مامەڵەی كارمەندانی چێشتخانەی ماسی زیرەكیان كرد و داوایان كرد رۆژنامەنوسان لەڕێی یاساوە مافەكانیان بەدەستبهێننەوە.
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە راگەیەنراوێكدا دوای روداوەكە، بڵاویكردەوە "خەریکە هێرشی هاوڵاتیان بۆ سەر رۆژنامەنوسان لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە"، هەروەها هاتووە "توندوتیژی بەردەوامە، کامێرا و کەرەستەی رۆژنامەنوسان دەستیبەسەردا دەگیرێت و رێگریی لە کاری رۆژنامەنوسان دەکرێت... بەبێ بڕیاری دادگا بەشێک لە رۆژنامەنوسان دەستبەسەر و دەستگیردەکرێن".
رێكخراوەكە پێیوایە دادگا لە ئاست پێشێلکارییەکان بێدەنگە و هاتووە "لە کەیسی موختارەکەی گەڕەکی باداوە هیچیان بۆ رۆژنامەنوسان نەکردووە، بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین".
هاوکات سەنتەری میترۆ و کۆمەڵەى بەرگری لە ئازادی رۆژنامەنوسی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای لێکۆڵینەوەی جددییان كرد لەو بابەتە.
"كارمەندانی چێشتخانەكە بە کۆمەڵ هێرشیان کردۆتەسەر رۆژنامەنوسان و بە بۆکس، شیش و ئاسن و کەرەستەی چێشتخانەکە هێرشیان کردۆتە سەریان"، بەپێی سەنتەری میترۆ.
رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "ناکرێت لەم دەستدرێژییەدا "بێدەنگ بین" و هاتووە "هێندە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکراوەتە سەر رۆژنامەنوسان و پەلاماردراون، هێرشكردن بووەتە روداوێکی ئاسایی و وایکردووە دەستى خەڵکانێکی تریشی کردۆتەوە کە رێز لە پیشە و کاری رۆژنامەنوسی نەگرن و سڵ لە دەستدرێژی نەکەنەوە".
تیمی جاسەنە داوادەكەن كەناڵەكان پەنا بۆ دادگا ببەن و سكاڵا لەسەر دەستدرێژیكاران بگرنەبەر.
نەزاکەت حوسێن، سەرۆكی لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسان بە (كەركوك ناو)ی وت "هەندێک لە رۆژنامەنوسان لەکاتى ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرانبەریان لیژنەكەمان ئاگادارناكەنەوە، ئەگەرچی لیژنەکەمان گروپ چاتێکی لە ڤایبەر هەیە کە دەتوانن هەر لەوێ ئاگاداریان بکەنەوە".
وتیشی "ئێمە بەهۆی ئەوەى یاساكەمان رێگەنادات بێ ئاگادارکردنەوە بەیاننامە دەربکەین، بۆیە ناتوانین بەدواداچونی بۆ بکەین".
یاساكەمان رێگەنادات بێ ئاگادارکردنەوە بەیاننامە دەربکەین
حاجی شاخەوان، خاوەنی چێشتخانەكە لەبارەی روداوەكەوە، دەڵێت "ئەوەى هاتووە بە قسەى خۆش پێموتووە کە روماڵ نەکات، خەڵکیش لەوێ بون، ئەوانیش رێگریان لە رۆژنامەنوسان کرد کە روماڵ نەكەن... خۆم چوم بۆ کەناڵی رووداو، لەگەڵ هادی سەلیمی و بەڕێوەبەری کەناڵەکە دانیشتین و داوای لێبوردنیشم کرد لەوەى رویداوە". زیاتر وتی "سەرەتا بە پەیامنێرەکەی رووداومان وت روماڵ مەکە، پاشان دیسان گەڕایەوە و کامێراکەی دامەزراند، ئیدی لەوێوە ئەوەى رویدا من ئاگام لێی نەبوو، ئەوان لە پشتەوەی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بون و دوریش بون لەبەردەم چێشتخانەکە".
وتەكەی شاخەوان لەكاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان، رۆژنامەنوسان مافی ئامادەبونیان هەیە لەهەر كۆنگرە و كۆنفرانسێك و روماڵكردنی روداوەكان و نابێت رێگرییان لێبكرێت.
رۆژنامەنوسەكان لە نێویاندا هادی سەلیمی گلەیی دەكات، لەوەی ئەگەرچی پۆلیسی فریاکەوتن لەوێ بون، بەڵام کەسیان دەستگیرنەكرد لەوكاتەدا.
"ئەمە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە کە حیساب بۆ پۆلیس و حکومەت نەکرێت و هێرشبكرێتە سەر رۆژنامەنوسان"، هادی وای وت.
بەڵام هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەبارەى دەستگیرنەکردنی هیچ یەکێک لە کرێکارانی چێشتخانەکە، وتی "بەپێی یاسا پۆلیس ناتوانێت هیچ کەسێک دەستگیربکات... ئێمە بڕیاری دادگا جێبەجێدەکەین، کەی سکاڵا هەبوو، ئێمەش کەسی سکاڵالێکراو لەسەر داوای دادگا دەستگیر دەکەین".
بەپێی زانیارییەکانی (کەرکوک ناو)، خاوەنی چێشتخانەى ماسی زیرەک هەوڵی داوە رۆژنامەنوسەكان لە سكاڵا تۆماركردن پەشیمانبكاتەوە.
كۆنگرەی رۆژنامەوانی رێكخراوی پەیامنێران، دوای تۆماركردنی سكاڵا لە دژی خاوەنی چێشتخانەی ماسی زیرەك. سەرچاوە: دیبلۆماتیك مهگهزین
شڤان هەرکی، پەیامنێری پەیجی ئەربیل لایڤ بە (كەركوك ناو)ی وت "خاوەنی چێشتخانەی زیرەک لە رێگەى چەندین کەسەوە هەوڵی دا لە سكاڵاكەم پەشیمانم بکاتەوە و بێتە ماڵم بۆ سوڵح، بەڵام پێم وتون لەدەستی مندا نەماوە و ئێستا پارێزەری رێکخراوی پەیامنێران سکاڵاکەی تۆمارکردووە".
هەرچەندە بەڕێوەبەرانی كەناڵی رووداو سكاڵاكەیان لەسەر خاوەنی چێشتخانەكە، كشاندۆتەوە، بەڵام هادی سەلیم، كە لای راستی چاوی سێ تەقەڵ دوراوەتەوە، تا ئێستا سكاڵاكەی نەكشاندۆتەوە.
بەڵام پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر وتی كە ئەوان سكاڵا تۆمارناكەن، بەهۆی بێئومێدبونیان لە دادگا.
"پێشتر سکاڵامان لە دژی موختاری گەڕكی باداوە تۆماركرد، بەڵام دادگا هیچ پێشوەچونێکی نەبوو، بۆیە متمانەمان بە دادگا و هێزی ئەمنی نییە لە رێگەى سکاڵاوە شتێکمان بۆ بکات"، موراد سورچی وای وت.
کۆچەر عەلی مەنتک، لە رێکخراوی پەیامنێران، یەکشەممە 14ی تشرینی دووەم لەبەردەم دادگا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی "سكاڵامان لەسەر خاوەن و كارمەندەكانی چێشتخانەكە تۆماركردووە و پشتیوانی سكاڵای هەریەكە لە شیڤان هەرکی و هادی سەلیمی دەكەین".