رۆژنامەنوس گوهدار محەمەد زێباری دۆسییەكی نوێی بۆ دەكرێتەوە و لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و زانیارییەوە تۆمەتباردەكرێت بە "هەڵگرتنی چەك بەشێوەی نایاسایی"، بۆ ئەو مەبەستە لە یەكی كانونی یەكەم لەبەردەم دادوەری ئاسایش ئامادەبوو كە تیایدا گوهدار هەموو تۆمەتەكانی رەتكردەوە و ئامادەنەبوو واژۆی "دانپێدانانێك"ی ئامادەكراو بكات، ئەوەش بەپێی وتەی پارێزەرەكەی.
گوهدار زێباری، كە لە 16ی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانهكانی هەولێرەوە هاوشان لەگەڵ چوار چالاكوان و رۆژنامەنوسی تر بە شەش ساڵ زیندانی كرا. ئەوەش دوای پێنج مانگ بەر لە سزادانیان بە تۆمەتی "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیركرابون.
بەشدار حەسەن، پارێزەی تیمی بەرگری لە رۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان، لەبارەی دۆسییە نوێیەكەی گوهدار زێبارییەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "گوهدار بەپێی ماددەی 21 لە یاسای چەک دۆسییەكی بۆ كراوەتەوە و جارێكی تر روبەڕوی دادگا كراوەتەوە، ئێستا دۆسییەکەی لاى دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشە و چوارشەممە (یەكی كانونی یەكەم) لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا كرا".
بەپێی ماددەی 21 لە یاسای چەك ژمارە 16ی ساڵی 1993ی پەرلەمانی كوردستان، هەڵگرتنی چەك بەبێ مۆڵەت رێگەپێدراو نییە و سزاكەی زیندانیكردنە، بەڵام ئەگەر سەلمێنرا بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ئیرهاب و تێكدانی ئاسایشی گشتی و پشتگیریكردنی هەر یاخیبونێك دژی حكومەتی هەرێم بكا، سزاكەی زیندانیكردنی هەتاهەتاییە.
بەشدار حەسەن، وتیشی "سکاڵاكە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و زانیارییەوە كراوە و گوهدار زێباری تۆمەتباركراوە بەوەی چەكی هەڵگرتووە، چەكەكەش لە جۆری تاپڕ بووە".
سکاڵاكە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش و زانیارییەوە كراوە و گوهدار زێباری تۆمەتباركراوە بەوەی چەكی هەڵگرتووە
زیاتر وتی "تەنانەت ئاسایش دانپێدانانی بۆ گۆهدار ئامادەکردبوو، کە واژۆی لەسەر بکات، بەڵام گۆهدار تەواوی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە".
ئەنجومەنی ئاسایش و زانیاری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە و بەپێی یاسا لەژێر دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن.
بە بۆچونی بەشدار حەسەن، كردنەوەی ئەو دۆسییە نوێیە، وەكو فشارێك وایە بۆ سەر گوهدار زێباری، ئەوەش دوای ئەوە هات لە زیندانەوە نامەیەكی ناڕەزایی دژی سزادانەكەی نوسیی و دواتر لە میدیاكاندا دەقەكەی بڵاوكرایەوە.
لە بەشێكی نامەكەی گوهدار زێباریدا بە ناونیشانی (دوای ساڵێك لە بێدەنگی)، هاتووە "ئێمە لێرەین، چونكە پەنجەمان بۆ سەرەداوەكانی گەندەڵی درێژكردوە و چاومان خستووەتە سەر گردەكانی ئەم وڵاتە، كە بەلای ئەوانەوە عەورەتە و نەزەری حەرامە، بەڵام بەلای ئێمەوە حەق و مافە.... قسەمان لەسەر كۆمەڵێك كەس كردووە كە بەلای ئێمەوە مرۆڤن و قابیلی رەخنەن، بەڵام بەلای ئەوانەوە پیرۆزن".
هەروەها لە بڕگەیەكی تری نامەكەدا دەڵێت "نازانم نامەكە دەگاتە دەستی ئێوە یان نا، یان ئەگەر بگاتە دەستی ئێوەش، دوای بڵاوبونەوەی دڵنیانیم لە سەلامەتیی ژیانی خۆم، بەڵام بەلای عاشقەوە گرنگ نییە ئەوەی دێتە رێگای بۆ گەیشتن بە مەعشوقەكەی، چونكە ئێمە پاشماوەی خوێنی قەڵەمین، بۆیە دەبێت دێڕە تەواونەكراوەكان تەواو بكەین و گوتارە بچڕاوەكانیش بەردەوامی پێ بدەین".
دوای بڵاوبونەوەی دڵنیانیم لە سەلامەتیی ژیانی خۆم
بەشدار حەسەن، پارێزەی تیمی بەرگری لە رۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان، وتی "گوهدار ئامادەنەبوو دانپێدانانی ئامادەكراو واژۆ بكات، تەنانەت هەموو ئەو تۆمەتانەشی رەتكردۆتەوە گوایا تاپڕی پێبوبێت، یان لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا بێت".
دوای یەك رۆژ لە لێكۆڵینەوەكەی ئاسایش لەسەر ئەو تۆمەتە، گوهدار زێباری نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی كانونی یەكەم، لە گرتوخانەی ئاسایشی گشتی هەولێرەوە گواسترایەوە بۆ چاکسازی هەولێر، ئەوەش بەلای پارێزەرەكەیەوە باشە، بەڵام گومانی هەیە لەو دۆسییە نوێیە و جارێكی تر جەختیكردەوە بۆ "دروستكردنی فشارە" بۆ سەر گوهدار.