لە پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوساندا؛
كەركوك لە ریزبەندی دووەم پارێزگای عیراقدا دێت

كەركوك/ 2020/ روماڵی گردبونەوەیەكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنى کوردى فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

كەركوك لە ریزبەندی دووەم پارێزگای عیراقدا دێت لە پێشێلكارییە تۆماركراوەكان دژ بە رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2021دا، بەغدا یەكەم پارێزگایە و هەولێریش لە ریزبەندی سێیەمدایە، ئەوەش بەپێی راپۆرتی ساڵانەی كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەوانی لە عیراق.

راپۆرتەكە كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە و 26ی كانونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، تیایدا پێشێلكارییەكان لە یەكی كانونی دووەمی 2021ەوە تا 25ی كانونی یەكەم تۆماركراوە كە 233 پێشێلكاری بووە لە تەواوی عیراقدا.

لەو 233 پێشێلكارییە، لێدان، رێگریی و بەربەست لەبەردەم روماڵدا زۆرترین بووە، كە 139 حاڵەت بووە، دوای ئەویش دەستگیركردن و دەستبەسەركردن بە 34 حاڵەت. پێشێلكارییەكانی تر پێكهاتووە لە داخستنی كەناڵ و ناردنەوەی كارمەندانی راگەیاندن، هەوڵی كوشتن و حاڵەتی رفاندن، لەگەڵ برینداركردن و هێرشكردنە سەر ماڵی رۆژنامەنوسان.

زۆرینەی پێشێلكارییەكان لە مانگی تشرینی دووەمدا بووە، بە 40 حاڵەت، ئەوەش هاوكات بووە لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی زانكۆ لە هەرێمی كوردستان.

لەسەر ئاستی پارێزگا، بەغدا بە 66 پێشێلكاریی تۆماركراو ریزبەندی یەكەمی وەرگرتووە، دوای ئەویش كەركوك بە 35 حاڵەت، هەولێر بە 28 حاڵەت و بەسرە بە 20 حاڵەت و سلێمانی بە 18 حاڵەت. هەرچی پارێزگای نەینەوایە لە ریزبەندی حەوتەمدا دێت بە 15 پێشێلكاریی.

بەغدا بە 66 پێشێلكاریی تۆماركراو ریزبەندی یەكەمی وەرگرتووە، دوای ئەویش كەركوك بە 35 حاڵەت و هەولێر پلەی سێیەم بە 28 حاڵەت

كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەوانی لە عیراق، لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە لە 21ی كانونی دووەمی 2021، ئەفسەرێكی هێزەكانی پاراستنی كۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركوك، رێگریكردووە لە تیمی ماڵپەڕی (كەركوك ناو) و پەیامنێرەكەی كاروان ساڵحی، هەروەها ئۆژین جۆڵا، پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵ، كاتێك روماڵی خۆپیشاندانی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانیان دەكرد.

هەروەها هاتووە "لە 4ی ئەیلولی 2021دا هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، پێنج رۆژنامەنوسیان دەستبەسەركرد، ئەوەش لەكاتی روماڵی رۆژنامەوانی لە گوندێكی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز".

ئەو پێنج رۆژنامەنوسە پێكهاتبون لە ئۆژین جوڵا، پەیامنێری ئەنادۆڵ و وێنەگرەكەی هیشام محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دیار محەمەد و وێنەگرەكەی عەلی بەغدادی. لەگەڵ یوسف موراد لە كەناڵی كەركوك. بەڵام دوای دوو كاتژمێر ئازادكراون.

لە یەكی تشرینی 2021دا، عەبد عەلی حسێن، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك، رێگریكرد لە تیمەكانی ماڵپەڕی (كەركوك ناو)، كەناڵی عیراقییە و گەلی كوردستان، هەروەها ئاژانسی ئەنادۆڵ و كەناڵی كەركوك، لەوكاتەی روماڵی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنیان دەكرد لە یەكێك لە خوێندنگەكانی كەركوك و هاتووە "بە ووشەی نەشیاو رۆژنامەنوسەكان كراونەتە دەرەوە".

karwan-salhiss
كەركوك/ 1ـی تشرینی دوەمی 2021/ عەبد عەلی حسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك لەناو باڵەخانەی ئیدارەی پارێزگا داوای لێبوردن لە كاروان ساڵحی، پەیامنێری (كەركوك ناو) دەكات بەهۆی پێشێلكاری و كردنە دەرەوەی لە خوێندنگەیەك فۆتۆ: راگەیاندنی ئیدارەی پارێزگای كەركوك

ئەوانە بەشێكن لەو پێشێلكارییانەی لە راپۆرتەكەی كۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەوانی لە عیراق ئاماژەی پێكراوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە "لە دەرئەنجامی ئەم پێشێلكارییانەدا دەردەكەوێت كە مەترسییەكان هێشتا بەردەوامن و ئاستی ئازادی كاری رۆژنامەوانی لە تەواوی عیراق لە پاشەكشێدایە، بەتایبەت لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، كە ناوچەیەكی ئارام بون بۆ ئەو رۆژنامەنوسانەی لە هەڕەشەی گروپە چەكدارییەكان هەڵهاتبون بەتایبەت لە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019".

ئەو كۆمەڵەیە داوای پێداچونەوە دەكات دەربارەی ئەو هەنگاوانەی كە پێویستە بگیرێنەبەر لە پرسی ئازادی رۆژنامەوانی لە عیراق.

هەروەها هاتووە "هەست بە بێدەنگی توێژێك دەكەین بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانە و بێدەنگی بەرامبەر بەو هەوڵەی دەدرێت بۆ بەرتەسكردنەوەی روبەری ئازادیی و بیروڕای رۆنامەوانی، ئەوەش لە رێگەی دروستكردنی بەربەست و رێگریی لە كاری رۆژنامەوانی".

ئاماژە بەوەشدەكات كە "هیچ هەنگاوێك و رێكارێكی راستەقینە نییە لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان، یان وەزیری ناوخۆ، یان ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بۆ باشتركردنی مامەڵە و ئەدای هێزە چەكدارەكان لەگەڵ رۆژنامەنوساندا. ئەوەش دەرخەری ئەوەیە كە لەلایەن دەسەڵاتەوە خواستێك هەیە بۆ بەردەوامی سەركوتكردن و رێگریی لەكاری رۆژنامەوانی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT