لە ساڵی 2021دا
سەدان پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان تۆماركراوە

فۆتۆ: Viktor Forgacss، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 6ی ئابی 2021

كەركوك ناو

هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021یش ژینگەیەكی ئارام نەبوو بۆ رۆژنامەنوسان، تیایدا لەپاڵ دەیان كەیسی پێشێلكاریی لە هەڕەشە و لێدان و رێگریی لە روماڵ... ژمارەیەك رۆژنامەنوس بە زیندانیكردن سزادران، ئەوەش بەبێ یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان، رێكخراو و سەندیكاكانی هەرێم ئاماری جیاواز بۆ ساڵی رابردوو بڵاودەكەنەوە.

ئامارەكانی هەردوو راپۆرتی سەندیكای رۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، وەك ئەوە وایە دوو كێڵگەی جیاوازیان هەڵبژاردبێت بۆ روماڵ و تۆماری پێشێلكارییەكان.

ئامارەكەی سەندیكا، كە لەسەرەتای ئەمساڵ بڵاوكرایەوە، ئاماژەی ئەوەی تێدایە كە ئاستی پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنوسان و دەزگاكان لە هەرێم كەمیكردووە، بەڵام لای میترۆ هێشتا كوردستان كیڵگە نائارامەكەیە بۆ كاری میدیایی.

لیژنەی داکۆکی لە مافی رۆژنامەنوسان – سەر بە سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێم-، 12ی کانونی دووەمی 2022، لە شاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راپۆرتی ژمارە (27و 28) پێشێلکارییەکانی ساڵی 2021 بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەكەی سەندیكای رۆژنامەنوسان بێت، لە ساڵی 2021دا "79 حاڵەتی پێشێلكاری" بەرانبەر "187 رۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن" لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون.

پێشلكارییەكان لەمجۆرە بون:

دەستگیرکردن.................................17 حاڵەت

رێگەنەدان لە روماڵ...........................31 حاڵەت

هێرش و سوکایەتی............................22 حاڵەت

لێـدان............................................4 حاڵەت

هەڕەشە........................................ دوو حاڵەت

داخستنی نوسینگە و كەناڵ........... 3 حاڵەت

راپۆرتەكەی سەندیكا جیاوازی گەورەی هەیە لەگەڵ ئەو راپۆرتەی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە رۆژنامەنوسان كە 16ی كانوونی دووەم لە سلێمانی راگەیەندرا.

sandeka
سلێمانی/12ی كانونی دووەمی 2022/ سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەكاتی راگەیاندنی راپۆرتی پێشێلكاریی دژی بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021. فۆتۆ: ماڵپەڕی سەندیكا

بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ، لە 2021دا "353 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 260 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی" تۆماركراوە.

پێشلكارییەكان لەمجۆرە بون:

رێگریی و جیاكاریی........................................ 189

حاڵەتی لێدان و سوكایەتی............................ 81 

 دەستبەسەركردن بەبێ‌ بڕیاری دادگا.......... 25

زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی.................25 

 هەڕەشەكردن............................................13 

شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی...................7

تەقەكردن لە رۆژنامەونوس...................... 1

سزادانی رۆژنامەنوسان بەدەر لە یاسای رۆژنامەوانی.......... 4

هەڵكوتانەسەر و داخستنی بارەگای كەناڵەكان............ 2

پڕكردنەوەی بەڵێننامە بە رۆژنامەنوسان............... 6

جیاوازی ئاشكرا لە نێوان هەردوو راپۆرتەكەدا هەیە، لای سەندیكا 79 پێشێلكاری تۆماركراون، لای سەنتەری میترۆ 353، بەو پێیەش بێت جیاوازییەكە چوار هێندە و نیوەو 274 حاڵەت جیاوازییان هەیە.

metro
سلێمانی/ 16ی كانونی دووەمی 2022/ سەنتەری میترۆ، بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، لەكاتی راگەیاندنی راپۆرتەكەیاندا. فۆتۆ: سەنتەری میترۆ

هەر بەپێی داتاكانی میترۆ بێت 260 رۆژنامەنوس و دەزگا پێشلكارییان بەرامبەر كراوە، لە كاتێكدا ژمارەكە لای سەندیكا 187 حاڵەتە، بەوپێیەش بێت 73 حاڵەت جیاوازییان هەیە.

هەرچەندە ئامارەكەی سەندیكا جیاوازی زۆری لەگەڵ ئەوەی میترۆ هەیە، بەڵام سەندیكای رۆژنامەنوسان، ە سەرەتای راپۆرتەكەیدا دانیبەوەداناوە كۆكردنەوه و دەستنیشانكردنی كەموكوڕیی و پێشێلكارییەكان، ئامادەكردنی داتای ورد، "بۆ لیژنەی داكۆكی كارێكی ئاسان و ئاسایی نییه. یەكێك له گرفته هەره دیارەكان بەدواداچون و ساغكردنەوەی ئەسڵی پێشێلكارییەكانه".

ئەوەش هاتووە "هەندێك پێشێلكاریی دیكەش دژ بە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی میدیا دەكرێن تاكو ئێستا لیژنەی داكۆكی نەیتوانیوە ئامار و داتای راستەقینەی لەسەریان هەبێت، بەتایبەت ئەوانەی لەناو دەزگاكانی میدیا بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەكرێت وەكو، بڕینی موچه، كاری زیاده، نایەكسانی له ئەرك و  ماف، جوداكاریی و زوڵمكردن له رۆژنامەنوسان لەناو گرێبەستەكاندا".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT