ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسانی خانەقین لە پارێزگای دیالە چونە بەردەم دادگای قەزاكە و ناڕەزاییان نیشاندا لە دژی خراپی دۆخی رۆژنامەنوسان و ئازادی رادەربڕین لە قەزاكەیان، بەڵام لەبەردەم دادگا رێگرییان لێكرا.
ئەو رۆژنامەنوسانە 20ی شوبات گردبونەوە و تیایدا داوایان لە دادگای خانەقین كرد، هەڵوێستی هەبێت دژی زیادبونی پێشێلكارییەكانی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان، كە پێیانوایە ئامانج لێی "بەرتەسكردنەوەی ئازادی رادەربڕینە" لەو قەزایە.
عەباس ئەرکەوازی، پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی بەغدادیە لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێوەیەکی بەردەوام رۆژنامەنوسانی خانەقین دەستگیردەکرێن و تەشھیریان پێدەکرێت، لەگەڵئەوەشدا راپێچی دادگا دەكرێن، بەبێ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ھیچ ھەڵوێستێکیان ھەبێت لە بەردەوامی ئەو پێشێلکارییانە".
عەباس ئەرکەوازی وتیشی "لە ماوەی یەك ھەفتەدا دوو ئاگادارکردنەوەم بۆ ھاتووە بۆ ئامادەبون لەبەرەم دادگا".
لە ماوەی یەك ھەفتەدا دوو ئاگادارکردنەوەم بۆ ھاتووە بۆ ئامادەبون لەبەرەم دادگا
یەكێك لەو سكاڵایانەی لەسەر ئەو رۆژنامەنوسە تۆماركراوە، لەلایەن ئیدارەی خوێندنگەیەكەوە بووە، ئەوەش دوای ئەوەی عەباس ئەركەوازی، لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەو خوێندنگەیە توندوتیژی بەرامبەر بە خوێندكاران دەكرێت.
"راپۆرتەكە باس لە ئەشکەنجەدانی قوتابییەک دەكات لەلایەن مامۆستاكەیەوە... ئیدارەی خوێندنگەكەش داوای یاساییان لەسەر تۆماركردوم"، ئەركەوازی وای وت.
جەختیشیكردەوە "ئێمە لەبەردەم دادگا گردبوینەتەوە، بۆ ئەوەی ھەموو لایەک بزانن کە چۆن پێشێلێکاری دژ بە رۆژنامەنوسان دەکرێت و ئازادی رادەربڕین بەرتەسككدەكرێتەوە".
بەپێی ئاماری چالاكوانان و لقی خانەقینی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە تا كۆتایی ئەیلولی 2021، لانیكەم حەوت چالاكوان و رۆژنامەنوس روبەڕوی دادگا كراونەتەوە. ئەمساڵیش تائێستا یەك دوو حاڵەت هەبووە.
لە دەستپێکی گردبونەوەکەی 20ی شوبات-دا، کارمەندێكی پۆلیسی پاسەوانی دادگای خانەقین، رێگری لە رۆژنامەنوسان كرد وێنە بگرن و وتی "دادوەر وێنەگرتنی لەبەردەم دادگا قەدەغە كردووە".
پۆلیسی دادگای خانەقین رێگریی دەكات لەوەی رۆژنامەنوسان روماڵی گردبونەوەی رۆژنامەنوسان بكەن
راژان ماجد، رۆژنامەنوسی ئامادەبوی گردبونەوەكە، وتی "گردبونەوەكەمان بۆ ئەوەیە ئەو پەیامە بگەیەنین كە پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی خانەقین بەردەوامە و ئامانج لێی بەرتەسككردنەوەی ئازادی رادەربڕین و كاری رۆژنامەوانییە".
وتیشی "رێگریی پاسەوانی دادگا لە وێنەگرتنی ئامادەبوانی گردبونەوەكە راستی قسەكەی ئێمە دەسەلمێنێت لەوەی ئاستەنگ لەبەردەم كاری رۆژنامەنوسیدا هەیە".
تەواوی ئەو سكاڵایانەی لە دوو ساڵی رابردودا لەسەر رۆژنامەنوسان و چالاكانی مەدەنی خانەقین تۆماركراون، لەلایەن سەندیكا و فەرمانگە حكومیی و كەسانی حزبییەوە بووە و سكاڵاكان بەپێی ماددەی 433و 435ی یاسای سزادانی عیراقی بون.
ئەو دوو ماددەیە تایبەتن بە ناوزڕاندن و سوكایەتیكردن لەڕێی تەلەفون، یان دەزگاكانی راگەیاندن، لە حاڵەتی سەلماندندا تۆمەتبار غەرامە و زیندانیدەكرێن.
(كەركوك ناو)، نەیتوانی هەڵوێستی دادگای خانەقین بزانێت لەسەر ئەو پرسە و رێگە بە چونە ژورەوەی رۆژنامەنوسان بۆ ناو دادگا نەدرا.