نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە سوككردنی سزای پێنج رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی بە رێژەی لەسەدا 60ی سزاكەیان، ئەوەش بەپێی وتەی پارێزەری دۆسییەی ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانە.
ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانە (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا)، لە 16ی شوباتی 2021دا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتا"، تاوانبارکران و بڕیاردرا بە شەش ساڵ زیندانی حوکم بدرێن، ئەوەش دوای دەستگیركردنیان لە نێوان مانگی ئەیلولی 2020 بۆ تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی بادینان، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرۆكی هەرێم لە مەرسومێكدا بڕیاریداوە بە سوككردنی سزای ئەو پێنج سزادراوە، بەڕێژەی لەسەدا 60ی كۆی سزاكەیان، بەو پێیەش بێت شەش مانگی تر ئازاد دەكرێن".
كۆی سزاكەی سزادراوانی بادینان 72 مانگ بوو (شەش ساڵ)، دوای كەمكردنەوەی سەدا 60ی كۆی سزاكەیان نزیكەی 29 مانگیان دەمێنێتەوە.
بەلەبەرچاوگرتنی ئازادبونی مەرجدار كە بۆ هەر ساڵێك سێ مانگە، نزیكەی شەش مانگی تر ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانە ئازاد دەكرێن.
سزادانی ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانە، بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بوو، یاساكە هەمان ئەو ماددەیە یاساییەیە، بەر لە 2003، بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە سەدام حسێن، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بەسەر پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی رژێمەكەیدا جێبەجێیدەکرد.
دەستگیركردنی ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسە، دوابەدوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان و ناڕەزایی هات لە پارێزگای دهۆك لە مانگی ئابی 2020دا دژی پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لەكاتی خۆیدا و بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچەكانیان بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەو مانگەدا بەپێی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، هێزەكانی سەر بە حکومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 300 کەسیان بەتۆمەتی رێکخستنی خۆپیشاندان دەستگیرکرد و زۆرینەیان لە ناوچەی بادینان بون.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو ساڵی 2020 و 2021 زیاتر لە 50 چالاكوان، رۆژنامەنوس، مامۆستا و کەسی دیكەیان بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 روبەڕوی دادگا كردۆتەوە، بەشێكیان هێشتا دۆسییەكانیان لە دادگایە و یەكلایینەكراوەتەوە.