دادگا دووساڵ زیندانی بەسەر بێریڤان ئەیوب-دا سەپاند

بێریڤان ئەیوب، 17 مانگە لە زیندانە بەبێ ئەوەی دادگا كەیسەكەی یەكلایی بكاتەوە

فەرمان سادق

دادگای تاوانی دووی هەولێر سزای دووساڵ زیندانی بەسەر بێریڤان ئەیوب، چالاكوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش بەپێی مادەی یەکی یاسای ژمارەی 21ـی ساڵی 2003.

بێریڤان ئەیوب، یەكێك لە چالاكوانانی بادینان، 17 مانگە لە زینداندایە و ئەمڕۆ یەكشەممە 6ی ئادار، لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێر بە دووساڵ زیندانی سزادرا. ئەوەش بە تۆمەتی "ئاژاوەگێڕیی و نانەوەی پەشێوی" و لەسەر سكاڵای ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

بەشدار حەسەن، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی دۆسییەی بەرگریكردن لە دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، لەگەڵ جەختكردنەوە لە بڕیارەكەی دادگا، وتی "ئێمە بە بڕیارەکەی دادگا رازی نین، چونکە لەگەڵئەوەی تۆمەتەکان زۆر لاواز بون و بەڵگەی پێویست نەبون... ئەو (بێریڤان ئەیوب)، چەکی بەدەستەوە نەگیراوە تا ویستی ئەوەی هەبوبێت بازرگان و دیپلۆماتکاری تورک لە هەرێمی کوردستان بکوژێت، یان هەڵبکوتێتە سەر کۆمپانیا تورکییەکان و کونسوڵخانەی تورکیا یان پارتێکی دیاریکراو، وەك ئەوەی دادگا حوكمەكەی پێدەركردووە... ئەوەی بەدەستییەوە گیراوە تەنیا مۆبایلەکەیەتی".

وتیشی "دوای دوجار لە دواخستنی دادگاییكردنی بێریڤان، هەواڵدەری نهێنی نەهاتۆتە بەردەم دادگا، لە دانیشتنی ئەمڕۆش هەر نەهات".

هەر لەو دانیشتنەی دادگادا، كەسێكی تر بە هەمان ماددە سزادراوە بەناوی عەبدولموتەلیب رەمەزان. كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە.

لەو دۆسییەیەدا، جگە لەو هەواڵدەرە نهێنییە، كەسێكی تریش وەكو شایەد لە دۆسییەی بێریڤاندا ناوی هاتبوو، بەڵام لە دانیشتنی هەفتەی رابردوی دادگادا لە 28ی شوباتی رابردوو، ئەو شایەتحاڵە وتی "من بێریڤان ناناسم"، وەك بەشدار حەسەن جەختیلێكردەوە.

لەبارەی ئەوەی ئایا تانە لە بڕیارەكەی دادگا دەدەن، ئەو وتی "هێشتا لەم كەیسەدا بیرمان لەوە نەکردۆتەوە تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدەین... چونكە لە دۆسییەكەی شێروان شێروانی و هاوڕێیەكانی مردنیان پێ نیشانداین، تا بە تایەکە رازی بین (پەندێكی كوردییە)"، زیاتر وتی "بۆیە دەترسین وەک ئەوەی شێروان شێروانی لێ بێت".

لە شوباتی 2021، پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا)، بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتا"، تاوانبارکران و بڕیاردرا بە شەش ساڵ زیندانی حوکم بدرێن. هەرچەندە تانە لە دۆسییەكە درا، بەڵام سودی نەبوو.

بێریڤان ئەیوب لە 13ی تشرینی یەكەمی 2020 لەلایەن ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركرا و لەوكاتەوە تائێستا كە زیاتر لە 17 مانگ دەكات لە زیندانە و خاوەنی ماڵ و منداڵە.

بەشدار حەسەن وتی "بەپێی ئەو ماوەیەی لە زیندان بووە و بە پەیڕەوكردنی ئازادكردنی مەرجدار (نۆ مانگە بە ساڵێك هەژماردەكرێت)، ئەوا لە 14ی نیسانی ئەمساڵ بێریڤان ئازاددەكرێت".

سزادانی بێریڤان ئەیوب و پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانە، بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بوو، یاساكە هەمان ئەو ماددەیە یاساییەیە، بەر لە 2003، بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە سەدام حسێن، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بەسەر پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی رژێمەكەیدا جێبەجێیدەکرد.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT