ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە سلێمانی
خاوەنی دەزگایەكی راگەیاندن بە پێنەدانی موچەكانیان تۆمەتبار دەكەن

فۆتۆ: Alejandro Escamilla، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 5ی ئایاری 2020

كەركوك ناو

ژمارەیەك رۆژنامەنوس و كارمەندی پێشوی رۆژنامەی هاوڵاتی لە سلێمانی، خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری رۆژنامەكە تۆمەتباردەكات بە پێنەدانی موچەی مانگێكیان كە مێژووەكەی بۆ كانونی دووەمی 2016 دەگەڕێتەوە.

ئەو رۆژنامەنوس و كارمەندانە، كە ژمارەیان نۆ كەسە، سێشەممە 19ی نیسانی 2022 بەیاننامەیەكیان ئاراستەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، رێكخراوەكانی بەرگری لە مافی رۆژنامەنوسان و میدیاكان كرد و تیادا لەگەڵ جەخت لە وەرگرتنەوەی ئەو مافەیان دەكەنەوە و بڕیارە لە هەفتەكانی داهاتودا، "رێگای جۆراجۆری رێپێدراوی یاسایی و میدیایی دەگرینەبەر"، بەپێی بەیاننامەكە كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە.

هەروەها هاتووە "ئەو موچەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی بارودۆخی دارایی رۆژنامەی هاوڵاتی خراپ بوو لە ساڵی 2016، بەهۆیەوە مانگی دواتر (شوبات)ـی هەمان ساڵ رۆژنامەكە راگیرا، ئەوكات تاریق فاتیح، خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەكە لەگەڵ ستافەكە رێككەوتن موچەی مانگی شوبات بە لێبڕینەوە دابەشبكات و ستافەكەش لەبەر بارودۆخی هاوڵاتی و خۆشەویستیان بۆ رۆژنامەكە و مێژووەكەی بەو داوایە رازی بون، بەڵام بۆ موچەی مانگی كانونی دووەم، تاریق فاتیح، بەڵێنی بە ستافەكەدا ئەوە وەكو قەرز دەمێنێتەوە و بەزوترین كات موچەكەیان پێبدرێت".

رۆژنامەی هاوڵاتی كە تاریق فاتیح خاوەندارێتی دەكات لە 5ی تشرینی دووەمی 2000 یەكەم ژمارەی لێ دەرچووە. رۆژنامەیەكی گشتی-یە و لە شوباتی 2016 تەواوی چالاكییەكانی راگرت، ئەوكات تاریق فاتیح راگرتنەكەی بۆ قەیرانی دارایی و نەبونی هیچ پاڵپشتییەكی ماددی گەڕاندەوە.

بەڵام لە نیسانی 2018 جارێكی تر رۆژنامەكە هەر بە بڕیاری خاوەنەكەی دەستی بەكاركردن كردووە و لە ئێستادا لە رۆژنامەیەكی هەفتانە و ماڵپەڕێك پێكدێت.

hawlati-1
لۆگۆی رۆژنامەی هاوڵاتی

لە بەیاننامەكەدا هاتووە "كاتێك رۆژنامەكە لە ساڵی 2018 دەركرایەوە، ئەوكات جارێكی تر باسی قەرزەكە لەلایەن ستافەكەوە ورژوێنرایەوە، ئەوكاتیش تاریق فاتیح بەڵێنێدا ئەو قەرزە بۆ ستافەكە بگەڕێنێتەوە و بڕیاربوو مانگی یەك موچەی ستافەكە بداتەوە".

"سەرەڕای ئەو بەڵێن و دەستی دەستی پێكردنە، بەڵام تا 19ـی نیسانی 2022، تاریق فاتیح، تەنیا موچەی دوو رۆژنامەنوسی گەڕاندۆتەوە، ئەوەش لەژێر فشار و ناچاركردندا"، بەپێی بەیاننامەكە.

سەرەڕای ئەو بەڵێن و دەستی دەستی پێكردنە، بەڵام تا 19ـی نیسانی 2022، تاریق فاتیح، تەنیا موچەی دوو رۆژنامەنوسی گەڕاندۆتەوە

ئەو رۆژنامەنوس و كارمەندانەی پێشوی رۆژنامەكە، ئەوە بە هۆكاری بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەیان دەزانن و دەڵێن "بۆ ئێمە جێی پرسیارێكی قوڵە، كە سەدان كەس لە رۆژنامەی هاوڵاتی كاریانكردووە و ساڵانێكی دور و درێژ بێ گوێدانە فشار، هەڕەشە و ئەشكەنجەدان هەر پێداگریمان لەسەر مافی خەڵكی دەكردەوە، بەڵام ئێستا دامەزرێنەر و خاوەنی رۆژنامەكە بە پێچەوانەی هەموو ئەو مەبادیئانەوە، خۆی بۆتە بەشێك لە پێشێلكاریی و زەوتكردنی ماف، لە نێویاندا مافی هاوڕێ و هاوپیشەكانی خۆی".

 

 

دەقی بەیاننامەی ژمارەیەك رۆژنامەنوس و كارمەندی پێشوی رۆژنامەی هاوڵاتی

بۆ:

  • رای گشتی
  • سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان
  • رێكخراوەكانی بەرگریكردن لە مافی رۆژنامەنوسان
  • دەزگاكانی راگەیاندن

 

ئێمە ژمارەیەك رۆژنامەنوس و كارمەندی پێشوی رۆژنامەی هاوڵاتی، دەمانەوێت ئاگادارتان بكەینەوە، لەوەی كە تاریق فاتیح، خاوەنی ئیمتیاز و سەرنوسەری رۆژنامەی هاوڵاتی، موچەی مانگێكی تەواوی ستافی رۆژنامەی هاوڵاتی زەوتكردووە و ئامادەنییە بیداتەوە، كە مێژووەكەی بۆ كانونی دووەمی 2016 دەگەڕێتەوە.

ئەو موچەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی بارودۆخی دارایی رۆژنامەی هاوڵاتی خراپ بوو، بەهۆیەوە مانگی دواتر (شوبات)ـی هەمان ساڵ رۆژنامەكە راگیرا، ئەوكات تاریق فاتیح لەگەڵ ستافەكە رێككەوتن موچەی مانگی شوبات بە لێبڕینەوە دابەشبكات و ستافەكەش لەبەر بارودۆخی هاوڵاتی و خۆشەویستیان بۆ رۆژنامەكە و مێژووەكەی بەو داوایە رازی بون، بەڵام بۆ موچەی مانگی كانونی دووەم، تاریق فاتیح، بەڵێنی بە ستافەكەدا ئەوە وەكو قەرز دەمێنێتەوە و جەختیكردەوە "بەزوترین كات موچەكە دەگەڕێنمەوە".

لەو سەروبەندەدا خۆیی و تەواوی ئەندامانی خێزانەكەی كوردستانیان بەجێهێشت و بڕیاربوو نەگەڕێنەوە كوردستان و لە ئەوروپا نیشتەجێبن، بەڵام دوای چەند مانگێك لە گەڕانەوەیان و دواتر لە نیسانی 2018 جارێكی تر رۆژنامەكەی دەركردەوە و ئەوكات جارێكی تر باسی قەرزەكە لەلایەن ستافەكەوە ورژوێنرایەوە، ئەویش هەروەكو پێشوو بەڵێنێدا ئەو قەرزە بۆ ستافەكە بگەڕێنێتەوە، وتی "هەموو مانگێك دەتوانم موچەیەك بدەم".

ستافەكەش بەوە رازی بون و سەرلەنوێ دەرچونەوەی رۆژنامەی هاوڵاتی-ـیان لەبەرچاوگرت، هەرچەندە هەر ئەوكاتیش تێبینیمان هەبوو لەسەر ئەوەی ئەگەر بارودۆخی دارایی خراپە، چۆن رۆژنامەیەك دەتوانێت دەستبەكاركردن بكاتەوە!

سەرەڕای ئەو بەڵێن و دەستی دەستی پێكردنە، بەڵام تا ئەمڕۆ 19ـی نیسانی 2022، تاریق فاتیح، تەنیا موچەی دوو رۆژنامەنوسی گەڕاندۆتەوە، ئەوەش لەژێر فشار و ناچاركردندا.

ئێمە كە لە خوارەوە ناوەكانمان هاتووە، لە هەفتەی رابردوودا بەشێوەیەكی ئوسوڵی نامەیەكی ئاگاداركردنەوەمان بۆ تاریق فاتیح نارد و مۆڵەتی هەفتەیەكمان پێدا، لە وەڵامدا لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی قەرزاری ئەو ستافەیە. بەڵام ئامادەنەبوو هیچ موچەیەك بداتەوە و وتی "چی دەكەن بیكەن".

ئەو داوایەی ئێمە دوای ئەوە دێت، كە زانیاریی تەوامان هەیە، بارودۆخی دارایی تاریق فاتیح و رۆژنامەكەی زۆر باشە و لەكاتی خۆیدا رۆژنامەكە دەردەچێت و پشتگیری ماددیی هەیە. كە ئەم بەیاننامەیە شوێنی وردكردنەوەی نییە.

ئەو شێوازی مامەڵەیەی تاریق فاتیح، لەگەڵ ئەو ستافەدا، لەكاتێكدایە، لەكاتی راگرتنی رۆژنامەكە لە ساڵی 2016ـدا بەشێكیان ئامادەیی خۆیان نیشاندا تا ماوەیەك بە خۆبەخش لە رۆژنامەكەدا كاربكەن، بەو مەرجەی تاریق فاتیح لە راگرتنی رۆژنامەكە پەشیمانبێتەوە، بەشێك لە ستافەكەش ئامادەبون بە كەمكردنەوەی سەدا 50ـی موچەكانیان بەردەوامبن، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر راگرتنی رۆژنامەكە و بەجێهێشتنی كوردستان بەرەو ئەوروپا.

هەروەها بەشێك لەو ستافە زیاتر لە دەیەیەك هەموو توانا و جوهدی خۆیان لە رۆژنامەكەدا خەرجكردووە.

بۆ ئێمە جێی پرسیارێكی قوڵە، كە سەدان كەس لە رۆژنامەی هاوڵاتی كاریانكردووە و ساڵانێكی دور و درێژ بێ گوێدانە فشار، هەڕەشە و ئەشكەنجەدان هەر پێداگریمان لەسەر مافی خەڵكی دەكردەوە، بەڵام ئێستا دامەزرێنەر و خاوەنی رۆژنامەكە بە پێچەوانەی هەموو ئەو مەبادیئانەوە، خۆی بۆتە بەشێك لە پێشێلكاریی و زەوتكردنی ماف، لە نێویاندا مافی هاوڕێ و هاوپیشەكانی خۆی.

ئێمە لەڕێی ئەم بەیاننامەیەوە جارێكی تر جەخت لە بەدەستهێنانی ئەو مافەمان دەكەینەوە و پێداگری لە وەرگرتنەوەی موچەكانمان دەكەین، بۆ ئەوەش لە هەفتەكانی داهاتودا، رێگای جۆراجۆری رێپێدراوی یاسایی و میدیایی دەگرینەبەر.

 

ناوی رۆژنامەنوسەكان:

شۆڕش خالید

سیروان حسێن

تافان نەجات

هەستیار قادر

عومەر ستار

نەوشیروان فەتاح

فەرەیدون حسێن

سەفین محەمەد

ئارام حسێن

 

بۆ پەیوەندیی و زانیاریی:

07515276690

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT