ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە سەرۆكایەتی پەرلەمان نیگەرانن
سەندیكا و پەرلەمان: دەزگاكەتان تۆماربكەن

هەولێر/ ئابی 2021/ چاوەڕوانی ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسی دەزگاكانی راگەیاندن لە چاوەڕوانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی تەندروستی فۆتۆ: تایبەت بە(كەركوك ناو)

فەرمان سادق – هەولێر

ژمارەیەك رۆژنامەنوس و دامەزراوەی راگەیاندن، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تۆمەتبار دەكەن بە "رێگریكردن" لە روماڵكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان. بەڵام راگەیاندنی پەرلەمان جەختدەكاتەوە لەوەی بڕیارەكە پەیوەندی بە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نییە و هاوشانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان داوادەكەن خۆیان بەڕەسمی تۆماربكەن، تا رێگەیان پێبدرێت روماڵ بكەن.

ئەو رۆژنامەنوسانە لە راگەیەنراوێكدا ئەمڕۆ هەینی 22ی نیسان لە ساڵیادی دەرچونی یەكەم رۆژنامەی كوردیدا داوادەكەن كارئاسانیان بۆ بكرێت بۆ روماڵكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان.

"بەداخەوە ماوەی چەند مانگێکە، بە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان و راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، چونەژورەوە و روماڵی دانیشتنەکانی پەرلەمان و کۆبونەوەی لیژنەکانی پەرلەمان بەبێ پاساوی لۆژیک لە زۆرینەی دەزگاکانی راگەیاندن قەدەغەکراوە".

ئەو رۆژنامەنوسانە كە زۆرینەیان لە هەولێری پایتەختن، پێیانوایە بڕیارێکی لەوجۆرە "نەنگییەکی گەورەیە و پێچەوانەی کۆمەڵێک یاسایە کە خودی پەرلەمان دەریکردووە، لەوانە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی کاری رۆژنامەوانی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی".

ئەوانە زۆرینەیان لە ماڵپەڕ و وێب تیڤییەكان كاردەكەن، دەڵێن "واجب بوو لە یادێکی ئەوهادا ئەم دامەزراوەیە کاری لەسەر زیادکردنی پانتایی ئازادی رۆژنامەوانی بکردایە"، بەپێی راگەیەنراوەكە. بەڵام كەناڵە تەلەفیزیۆنەكان بەشێك نین لەو راگەیەنراوە.

واجب بوو لە یادێکی ئەوهادا ئەم دامەزراوەیە کاری لەسەر زیادکردنی پانتایی ئازادی رۆژنامەوانی بکردایە

بڕیاری رێگریكردن لە هەندێك رۆژنامەنوس و میدیا، دەگەڕێتەوە بۆ حوزەیرانی 2021.

سامان ئەحمەد بەکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە (کەرکوک ناو)ـی وت، كە ئەوكات ژمارەیەک بڕیار و رێنماییانداوە بە ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکان و وێب میدیاکان، ئەوەش لە چۆنیەتی روماڵکردنی دانیشتن و چالاکییەکانی پەرلەمان.

parlaman-6
هەولێر/ ئاداری 2022/ دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

"یەكێك لە رێنماییەكان ئەوەیە كە پێویستە ئەو وێب میدیایانە بەگوێرەی یاسا لە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان تۆمارکرابن..."، سامان ئەحمەد زیاتر وتی "لەکاتی بڕیارەكەوە تائێستا تەنیا پێنج کەناڵ پشتگیری تۆمارکردنی خۆیان لە سەندیکا بۆ پەرلەمان هێناوە، هەر کاتێک ئەوانی تریش رێکارەکانیان تەواوکرد ئەوا خولێکی ئیتیکی روماڵکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بۆ دەکەینەوە تا شارەزاییان لەسەر کاری پەرلەمانی هەبێت، ئینجا هاوشانی کەناڵەکانی تر رێگەیان پێدەدرێت روماڵ بکەن".

جەختیشیكردەوە لەوەی "ئەو بڕیارە دور و نزیک پەیوەندی بە سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نییە".

بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، كە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2007 پەسەندی كردووە، پێویستە رۆژنامەكان لە سەندیكا تۆماربكرێن.

بەڵام ئەو رۆژنامەنوسانەی دەڵێن رێگرییان لێدەكرێت روماڵی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن، رۆژنامە نین، بەڵكو ماڵپەڕ و وێب تیڤ-ین، ئەوەش لەكاتێكدایە هیچ یاسایەك نییە كاری ئەو جۆرە پلاتفۆرمانە رێكبخات. هەروەها هەندێك لەوانەی لە بەیاننامەكەدا بەشدارن لە سەندیكا تۆمارنین.

ئازاد حەمەدئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "یەكێك لەو پرسانەی كە لە دیداری رۆژنامەنوساندا گەنگەشە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت پرسی سۆشیال میدیایە، دەبێت دانبەوەدابنێین کە سۆشیال میدیا ئازادییەکی فراوانتری هێناوەتەوە پێشەوە، بەڵام یاسای کاری رۆژنامەگەری ساڵی 2007 تایبەتە بە رۆژنامە، بەڵام ئێمە بۆ تۆماركردنی ماڵپەڕ و وێب تیڤییەكان لە سەندیكا، رەزامەندی ئەنجومەنی شورامان وەرگرتووە، كە دەبێت ئەوانیش لە سەندیكا تۆماربكرێن".

ئێمە بۆ تۆماركردنی ماڵپەڕ و وێب تیڤییەكان لە سەندیكا، رەزامەندی ئەنجومەنی شورامان وەرگرتووە، كە دەبێت ئەوانیش لە سەندیكا تۆماربكرێن

لەگەڵئەوەشدا ئازاد حەمەئەمین، وتی "تا ئێستا هیچ کەناڵێک یان وێب میدیایەک لە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان سکاڵای تۆمار نەکردووە، تا بەدواداچونی بۆ بکەین لەبارەی ئەوەی رێگرییان لێدەكرێت".

بەڵام جەختیكردەوە "ئەوەی لای ئێمە تۆماركرابێت پەرلەمانمان لێی ئاگاداركردۆدتەوە لەوەی رێگەیان پێبرێت"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ دامەزراوەیەك بهێنێت، ئازاد حەمەئەمین وتی "بەداخەوە هەندێک پڕۆژە هەن پڕۆژەی میدیایی نین، بەڵکو پڕۆژەی سیاسیی و مخابەراتین، ئەگەر وانین با بێن لە سەندیکا خۆیان تۆماربکەن".

بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە". لە بڕگەی دوەمی ماددەی دووەمی هەمان یاسادا هاتووە "رۆژنامەنوس بۆی هەیە لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە هەر زانیارییەك كە بایەخی بۆ هاوڵاتیان هەبێ و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتییەوە بێ بەدەستبێنێ بەپێی یاسا".

هەروەها بەپێی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، كە پەرلەمان لە ساڵی 2013دا پەسەندیكردووە، هەر كەسێك چ سروشتی بێت یان مەعنەوی، مافی ئاگاداربون و بەدەستهێنانی زانیاریی و ئەو دۆكیۆمێنتانەی هەیە كە لە دامودەزگاكان داوای دەكات.

لە هەرێمی كوردستان 31 كەناڵی ئاسمانی تۆماركراون، لەگەڵ 51 سایت، 138 رادیۆ، 259 رۆژنامە، 695 گۆڤار و 85 تەلەفزیۆنی ناوخۆیی، بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان بۆ (كەركوك ناو).

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "هەر رۆژنامەنوسێك كە رێگریی لێدەكرێت، ئەگەر سەندیکا بە لایەنێكی فەرمی دەزانێت با بێت سکاڵا تۆماربكات و ئاگادارمان بكاتەوە تا بەدواداچونی بۆ بکەین، بەڵام ئەوانەی راگەیەنراوەكەیان بڵاوكردۆتەوە كەسیان سكاڵایان تۆمارنەكردووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT