دەسەڵاتدارانی كورد لە هەرێمی كوردستان پێدەچێت راستەوخۆ دەستیان لە رفاندن و كوشتنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسماندا هەبووبێت؛ داواشدەکرێت وڵاتان سزا بەسەر ئەو کەسایەتیانەدا بسەپێنن كە رێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بێلایەن و شەفاف، ئەوەش بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی نوێی سێ رێكخراوی نێودەوڵەتی داكۆكیكار لە ئازادیی رۆژنامەگەری.
ئەو لێكۆڵینەوەیە بەناونیشانی "تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان: پەردەهەڵدانەوە لەسەر بێبنەمایی گوتاری فەرمی"، ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی ئایاری 2022 هەریەك لە رێكخراوی رۆژنامەوانیی ئازادیی بێسنور (FPU)، رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور (RSF) و كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) لە ئەمیستردامی پایتەختی هۆڵەندا بۆ رایگشتی بڵاویانكردەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی رفاندنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و دواتر كوشتنی.
لەو لێکۆڵینەوە نوێیەدا، چەندین كەلێن و سەرپێچی لە لێكۆڵینەوەكانی دۆسیەكەی سەردەشت عوسمان ئاشكراكراون؛ لەوانە سازنەدانی چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكار و هاوڕێكانی، "لەبری ئەوە، هەڕەشەیان لێكراوە و داوایان لێكراوە بێدەنگ بن و چیرۆكە فەرمییەكە پشتڕاستبكەنەوە".
سەردەشت عوسمان (23 ساڵ)، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا و 12 ساڵ لەمەوبەر، لەبەردەم كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین رفێنرا كە ئەو تیادا خوێندكاری قۆناغی چوارەم بوو، دوای رۆژێك، تەرمەكەی لە شەقامێكی شاری موسڵ دۆزرایەوە.
"دژبەیەكیی لە چیرۆكە فەرمییەكە لەم ڕووانەوە بەدیدەكرێت: رفاندنی سەردەشت، گواستنەوەی سەردەشت (یان تەرمەكەی) لەهەولێرەوە بۆ موسڵ، راپۆرتی فەرمی توێكاری تەرمەكە، ئەو قسانەی كە گوایە ئەنجامدەرانی تاوانەكە سەر بە گروپی تیرۆریستی ئەنسارولئیسلام بوون، هەروەها ئەو هۆكار و پاڵنەرانەی خراونەتەڕوو سەبارەت بە تیرۆركردنەكە،" بەپێی لێكۆڵینەوەكەی ئەو سێ رێكخراوە.
پێویستە دەسەڵاتدارانی كورد دەستبەجێ كۆتایی بە هەراسانكردن و تۆقاندن و هەڕەشەكردن بەرامبەر كەسوكاری سەردەشت عوسمان و هاوڕێكانی بهێنن
دوای كوشتنی سەردەشت عوسمان، دەزگا ئەمنییەكانی هەولێر "دانپێدانان"ی چەند كەسێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا جەختیانكردەوە لەوەی "گروپێكی تیرۆریستی پەیوەندییان بە سەردەشت عوسمانەوە کردووە و چەندین جار داوایلێکراوە کاریان لەگەڵدا بکات، بەڵام دوای ئەوەی داواكەی رەتكردونەتەوە، كوشتویانە"، بەڵام هەرزوو ئەو "دانپێدانانە" لەلایەن کەسوکاری سەردەشت، رێکخراوەکان و چالاکوانان وەکو سیناریۆی دەسەڵات بۆ ونکردنی تاوانباری سەرەکی کەیسەکە لێکدرانەوە.
لە لێكۆڵینەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە "رۆژنامەنووسانی وەك سەردەشت، لە شوێنێك كاردەكەن ئازادیی رۆژنامەگەریی تیایدا سنوردارە بۆیە زۆربەی كات ناچاردەكرێن سانسۆر بخەنە سەر خۆیان، تا ئەو هێڵە سورانە نەبەزێنن كە لەوانەیە كاردانەوەی توندوتیژ لەلایەن دەسەڵاتەوە بوروژێنێت".
لێكۆڵینەوەكە پێنجەم راپۆرتی ئەو رێكخراوانەیە بەئامانجی بەدیهێنانی دادپەرەوەری لەسەر ئاستی لۆکاڵی وەك بەشێك لە دەستپێشخەریی (جیهانێكی پارێزراوتر بۆ راستی).
جوڵز سوینكڵز، توێژەری سەرەكی ئەو لێكۆڵینەوەیە لە رێكخراوی رۆژنامەوانیی ئازادیی بێسنور (FPU) دەڵێت "كەیسی سەردەشت هێمایەكە بۆ ئەو شتانەی رەنگە رووبدەن كاتێك رۆژنامەنووسان سنورەكانی ئەو ئازادیی دەربڕینە ببەزێنن كە بۆیان دەستنیشانكراوە. سەردەشت بابەتێكی تەنزئامێزی لەسەر كەسانی خاوەن بەهێزترین دەسەڵاتی كوردستان نوسیبوو، دواتر بەهۆی ئەوەوە رفێنرا و تیرۆركرا. بەداخەوە، ئەم كەیسە دەریدەخات كە نەبوونی ئیرادەی سیاسی بۆ ئاشكراكردن و لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دژ بەرۆژنامەنووسان لەناوخۆدا، هۆكاری سەرەكی دەربازبوونە لەسزا".
هەروەها پێیوایە راسپاردەكانی لێكۆڵینەوەكە رێچكەیەك فەراهەم دەكات بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت لەكەیسەكانی تایبەت بەكوشتنی رۆژنامەنوسان.
سەردەشت عوسمان بابەتی لەسەر گەندەڵی و واستەكاری دەنوسی، لەكانونی یەكەمی 2009ـدا بابەتێكی تەنزئامێزی بڵاوكردەوە بەناونیشانی "من عاشقی كچەكەی بارزانیم"، كە تیایدا بەراوردێكی كردووە لەنێوان ژیانی پڕ خۆشگوزەرانی خێزانی مەسعود بارزانی و ژیانی پڕ نەهامەتی هاوڵاتیانی ئاسایی كورد. دوای ماوەیەكی كورت، چەند جارێك هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو.
"خۆشحاڵم، كە هەمیشە شتێكم هەیە بۆ وتن و كەسانێك نایانەوێت بیبیستن، بەڵام هەركاتێك ئێمە بە چرپە قسەدەكەین ئەوا ئەوان گوێچكەكانیان نائارام دەبن. تا ئەو شوێنەی كە ماوین دەبێت قسەبكەین، لەو شوێنەش، كە تەمەنمان كۆتاییهات با هاوڕێكەم خاڵێكم بۆ دابنێت و بێتەسەر دێڕێكی نوێ و سەرلەنوێ دەستپێبكاتەوە"، ئەمە وەڵامی سەردەشت بوو بۆ هەڕەشەكان بەرلەوەی تیرۆر بكرێت.
ئەو سێ رێكخراوە لە لێكۆڵینەوەكەیاندا زنجیرەیەك راسپاردەی "كۆنكرێتی" بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵاودەكەنەوە و تیایدا هاتووە "پێویستە دەسەڵاتدارانی كورد دەستبەجێ كۆتایی بە هەراسانكردن و تۆقاندن و هەڕەشەكردن بەرامبەر كەسوكاری سەردەشت عوسمان و هاوڕێكانی بهێنن، دوبارە لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و بێلایەن لە كەیسەكەی سەردەشت عوسمان دەستپێبكەنەوە".
لە دووەم راسپاردەدا بەپێویستی دەزانن داكۆكیكاران و ئەوانەی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابورییان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان "فشاری بەردەوام بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی كورد بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هەڕەشەكردن و كوشتنی رۆژنامەنووسان، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان".
پێویستە ئەوانەی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابورییان هەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان فشاری بەردەوام بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی كورد بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی هەڕەشەكردن و كوشتنی رۆژنامەنووسان
كەیسی سەردەشت عوسمان بەڵگەیە لەسەر چارەنووسی چەندین رۆژنامەنووسی رەخنەگر لە كوردستانی عیراق، لەوانە "ئاسۆس هەردی، كاوە گەرمیانی، ویداد حسێن و سۆرانی مامە حەمە". لەدوای كوشتنی سەردەشت عوسمان لانیكەم 22 رۆژنامەنووسی تر لە عیراق بەهۆكاری پەیوەندیدار بەكارەكەیانەوە كوژراون، هەشت حاڵەتیان لەهەرێمی كوردستانی عیراق بوون.
"ئەو هەڕەشە و پەلامارانەی دەكرێنە سەر ئەم رۆژنامەنووسانە بەدەگمەن لێكۆڵینەوەیان تیادا دەكرێت بەشێوەیەكی خێرا، ورد و كاریگەر" بەپێی لێكۆڵینەوەكە.
سێیەم راسپاردەی لێكۆڵینەوەكە بۆ ووڵاتانە و دەڵێت: "پێویستە وڵاتان سزا بەسەر ئەو لێپرسراو و دەسەڵاتدارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بسەپێنن كە رێگرییان كردووە لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا، ورد، كاریگەر، بێلایەن و شەفاف دەربارەی ئەو تاوانانەی دژ بە رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون".
یێگانە ریزایان، توێژەری باڵا لە كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) وتی "پێویستە رۆژنامەنووسان بتوانن راستییەكان بەدەسەڵات بڵێن، گەندەڵی ئاشكرابكەن، دەسەڵاتداران بخەنەبەردەم لێپرسینەوە، تەنز لەكەسایەتییە گشتییەكان بدەن بەبێ ترس لەتۆقاندن، توندوتیژی و كوشتن".
"كاتێكیش دەسەڵاتداران ئەجیندای داپڵۆسین دژ بە رۆژنامەنووسان پەیڕەو دەكەن و دەستدرێژیكاران لەسزا دەرباز دەكەن، پێویستە رێگەیان پێنەدرێت خۆیان لەیاسا بدزنەوە و درێژە بەهەڵمەتی سانسۆری توند بدەن، ئەم راپۆرتە نەخشەرێگەیەكی روونە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەیسی سەردەشت و زامنكردنی شەفافیەت و بەرپرسیارێتی زیاتر لەداهاتوودا" ریزایان وادەڵێت.
ئەو سێ رێكخراوە داوادەكەن پشتیوانانی رۆژنامەگەریی ئازاد بچنە پاڵ ئەوان تا داوا لە دەسەڵاتدارانی كورد بكرێت میكانیزمێكی فەرمیی و سەربەخۆی سەلامەتی دابنێن، كە ئەركی چاودێریكردن و كاركردن بێت لەسەر ئەو هەڕەشە و پەلامارانەی دەكرێنە سەر رۆژنامەنووسان لە كوردستانی عیراق.
پێیانوایە لەڕێی فەراهەمكردنی رێوشوێنی بەرگریکردن و پاراستن، هەموان پێكەوە دەتوانن دەست بە شكاندنی بازنەی دەربازبوون لەسزا بكەن.
سابرینا بێنۆی، لێپرسراوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور (RSF) دەڵێت "12 ساڵ دوای تێرۆركردنی سەردەشت عوسمان، هێشتا دەسەڵات پێداگری لەسەر چیرۆکە فەرمییەكەی خۆی دەكات -كە كەسانی چواردەوری رۆژنامەنووسەكە هەرگیز بڕوایان پێی نەبووە-، سەبارەت بەنوسینە رەخنەئامێزەكانی لەسەر حكومەت. لێكۆڵینەوەكە هێندەی تەمومژاویی بوو هێندەش پەلەپروسكێی پێوە دیاربوو، روونیشە كە راستییەكانی ئاشكرانەكردووە لەبارەی ئەنجامدەران و پاڵنەری راستەقینەیان".
عیراق لەریزبەندی 163ـهەمینە لەنێو 180 وڵاتی جیهان لە ئازادیی رۆژنامەگەرییدا؛ هەموو بكوژانی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستانی عیراق لەسزا دەربازیان بووە، ئەوەش بەپێی ریزبەندی جیهانی كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) تایبەت بە دەبازبوون لەسزا لەساڵی 2021ـدا، كە تیایادا عیراق بەپلەی سێیەم هاتووە.
تەواوی لێكۆڵینەوەكە بە زمانی كوردی لێرەوە دابگرە و بخوێنەرەوە.