لە سەروبەندی هێرشەكەی سەر شاری هەولێر؛ ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسانی میدیا جیاوازەكان روبەڕوی رێگریی و پێشێلكاری دیكە دەبنەوە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی.
شەوی چوارشەممە 8ـی حوزەیرانی 2022، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لەسەر رێگای سەرەكی هەولێر – پیرمام دوای كەوتنە خوارەوەی تەقییەوە، بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی برینداربون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان زیانیان بەركەوت، بەپێی راگەیەندراوی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا تەقینەوەكە بە "تیرۆریستی" ناودەبات و دەڵێت ئەو درۆنە لە "سنوری پردێ"ـی پارێزگای كەركوكەوە رەوانەی هەولێر كراوە.
لەكاتی روماڵی ئەو روداوەدا؛ 18 پەیامنێر و وێنەگری دەزگا و كەناڵی میدیایی لە شوێنی تەقینەوەكە و دواتر لە نەخۆشخانە رێگرییان لێكراوە، هەندێكیشیان كەلوپەلی رۆژنامەوانییان لێوەرگیراوە و دورخراونەتەوە.
"لەناو پەخشی راِستەوخۆدا بووم كاتێك هێرشیانكردە سەرم، بە هەموو ئەو هێزانەی لەوێ بوون لێیاندام" نەبەز رەشاد، پەیامنێری وێب تیڤی وێستگەنیوز لە هەولێر وای وت.
ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت هەرزوو گەیشتۆتە شوێنی روداوەكە و دەستیكردووە بە پەخشی راستەوخۆ، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە، "دواتر بە فشاری پەرلەمانتاران و ڕایگشتی ئازاد كرام، پاشان چوومە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئێستاش هەموو گیانم و سەرم ئازاری هەیە".
نەبەز رەشاد دەڵێت لەكاتی دەستبەسەركردنیدا روبەڕوی سوكایەتی بۆتەوە، "ئەفسەرێك تفێكی لێكردم و جنێوی پێدام".
بە هەموو ئەو هێزانەی لەوێ بوون، لێیاندام
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە نێو ئەو دەزگا میدیاییانەی پەیامنێر و كامێرامانەكانیان پێشێلكارییان بەرانبەر كراوە وێستگەنیوز، ئێستانیوز، ئێن ئاڕتی، گەلی كوردستان، كوردستان تیڤی، پەرەگراف، رووداو، كوردستان24 و كەی ئێن ئێن هەبون.
دیار حوسێن، پەیامنێری ئێستا نیوز بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەر كە گەیشتینە شوێنی ڕووداوەكە و خۆمان ئامادەكرد بۆ پەخشی ڕاستەوخۆ، لەلایەن هێزێكی زێرەڤانییەوە رێگریمان لێكرا" جەختیكردەوە ئەوان تەنیا رێگرییان لێكراوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) ئەو كەلوپەلە رۆژنامەوانییانەی دەستیان بەسەرداگیرابوو درەنگانی هەمان شەو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رادەستی رۆژنامەنوسەكان كراونەتەوە.
عەبدولوەهاب ئەحمەد، پەیامنێری كەی ئێن ئێن دەڵێت لە پەخشی راستەوخۆدا هێرشیانكراوەتەسەر، كامێرا و كەلوپەلی رۆژنامەوانییان لێوەرگیراوە، "تەنانەت لەبەردەم نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی كە سێ بریندارەكە گواسترابوونەوە ئەوێ، دیسان رێگریمان لێكرا و دەستبەسەر بەشێك لە كەلوپەلە میدیاییەكانماندا گیرا" عەبدولوەهاب بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە"، لە بڕگەی دوەمی ماددەی دووەمی هەمان یاسادا هاتووە "رۆژنامەنوس بۆی هەیە لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە هەر زانیارییەك كە بایەخی بۆ هاوڵاتیان هەبێ و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتییەوە بێ بەدەستبێنێ بەپێی یاسا".
فەرمان سادق، پەیامنێری سایتی پەرەگراف رێگریی لێكراوە بچێتە نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی هەولێر و زانیاری لەسەر باری تەندروستی بریندارەكانی روداوەكە وەربگرێت، "دوای كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی وەزیری ناوخۆ، بەشێك لە كەناڵەكان چوونە ناو ئەو قاوشەی بریندارەكانی لێ بوون، ئێمەش وەك پەرەگراف ویستمان بچینە ژوورەوە، بەڵام فەرمانبەرانی نەخۆشخانەكە ڕێگرییان كرد".
فەرمان بۆ (كەركوك ناو) وتی "سێ فەرمانبەر پاڵیان پێوەنام و داوای هاوكارییان لە هێزەكانی زێرەڤانی نەخۆشخانەكە كرد و ئەوانیش لە نەخۆشخانەكە دەریانكردم".
هەمووجار وتوومانە پێشێلكاری؛ یاسایی نییە و سروشتی نییە و نابێت ببێت
لە یاسای رۆژنامەگەریدا هاتووە پێویستە لەكاتی گرتنەبەری هەر رێكارێكدا دژی رۆژنامەنووسان سەندیكا ئاگاداربكرێتەوە.
نەزاكەت حسێن، سكرتێری لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لەسەر بەردەوامی رێگریی و هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسان بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە ڕابردووشدا ئەو پرسەمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵا باسكردووە، بەڵام ڕێگری و پێشێلكاری كۆتاییان پێنایەت".
"هەمووجار وتوومانە پێشێلكاری؛ یاسایی نییە و سروشتی نییە و نابێت ببێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لە دنیادا پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان كۆتاییان نایەت و دەكرێت كەمبكرێنەوە".
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2021ـدا 79 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 187 رۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆماركراون، بەڵام لە راپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكيكردن لە مافی رۆژنامەنوساندا هاتووە لە ساڵی 2021ـدا 353 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 260 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی هەبون.
نەزاكەت حسێن وتی "دەبێت ئیش لەسەر ئەو یاسایانە بكەین كە دەبنە هۆی كەمكردنەوەی پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان، لەوانە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری و یاسای كاری رۆژنامەگەری، هەروەها ئیشكردن لەسەر مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و سزادانیان لەكاتی ئەنجامدانی پێشێلكاری بەرانبەر رۆژنامەنووسان".
بەپێی ماددەی چوارەمی یاسای سەندیكای رۆژنامەنوسان، ئەركی سەندیكایە دەستكەوتنی دەنگوباس و زانیارییەكان بۆ رۆژنامەنوسان ئاسان بكات.
لێپرسراوەكەی سەندیكا دەڵێت "بابەتی پێشێلكارییەكان كۆتایی نایەت چونكە فرە ڕەهەندە، بەشێكی بۆشایی یاساییە، بەشێكی حزبی بونی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنە، بەشێكی پەیوەندی بەخودی ڕۆژنامەنووسانەوە هەیە كە ئاشنا نین بە مافەكانیان و نایەن سكاڵا لە سەندیكا تۆمار بكەن، بەداخەوە زۆرجار خۆمان دەچین بەدەمیانەوە تا پێشێلكارییەكان تۆمار بكەین".
بەپێی ئامارەكانی سەندیكا كە پێشتر بە (كەركوك ناو) دراوە؛ بە فەرمی هەشت هەزار ئەندامیان هەیە و لە هەرێمی كوردستان 31 كەناڵی ئاسمانی تۆماركراون، لەگەڵ 51 سایت، 138 رادیۆ، 259 رۆژنامە، 695 گۆڤار و 85 تەلەفزیۆنی ناوخۆیی.