بە بڕیاری دادوەر، رۆژنامەنوس ئەیوب وەرتی، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن لە پۆلیسی بەختیاری لە هەولێر بۆ نزیكەی 10 كاتژمێر دەستەبەسەركرا، ئەوەش لەسەر سكاڵای پزیشكێك كە لەناو راپۆرتێكدا ڤیدیۆی نۆرینگەكەی بەكارهێنراوە. ئەیوب دوای ناڕەزایی لە دەستەبەسەركردنی، بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادكرا.
ئەو راپۆرتە بەناونیشانی "چیرۆکى ئەو دوو خوشکەى قوربانى دەستى پزیشکێکى جوانکارین"، لە 9ی نیسانی ئەمساڵ لە كەی ئێن ئێن بڵاوكراوەتەوە، تیادا باس لەوە دەكات كە ئەو پزیشكە "دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر دوو خوشك، دوای ئەوەی جوانكاریی لوتیان لای كردووە".
لە بەشێكی راپۆرتە ڤیدیۆییەكەدا نۆرینگەیەكی پزیشكێك دەردەكەوێت، كە بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) هەمان پزیشك لەسەر بەكارهێنانی گرتەی نۆرینگەكەیان سكاڵای لە دژی ئەیوب وەرتی تۆماركردووە و وتویەتی "راپۆرتەكە هیچ پەیوەندی بە نۆرینگەكەی ئێمەوە نییە و ناومان زڕێنراوە".
دووشەممە 18ی تەمموز، ئەیوب وەرتی، لەسەر ئەو سكاڵایە چووە بنكەی پۆلیسی بەختیاریی و بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەركرا.
بەشدار حەسەن، پارێزەری ئەیوب وەرتی، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەیوب وەرتی لەسەر ئەوەی گوایا ناوی ئەو پزیشكە و نۆرینگەكەی زڕێنراوە، دراوەتە دادگا".
جەختیشیكردەوە "زیاتر لە دوو کاتژمێر لەبەردەم دەرگای ژوری دادوەری لێکۆڵینەوە بوین لەناو دادگای هەولێر، بۆ ئەوەی پەڕاوەکەی ئەیوب وەرتی ببینێت و بانگمان بکات، بەڵام دادوەر ئەوەی نەکرد، بەهۆی ئەوەشەوە رەوانەی بنکەی پۆلیس کرایەوە و بۆ ئەوەی شەو لەوێ بە دەستبەسەركراوی بمێنێتەوە".
ئەیوب وەرتی بە تۆمەتی ناوزڕاندن و بەپێی ماددەی 434 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستبەسەركراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، رۆژنامەنوس دەبێت تەنیا بەپێی ئەو یاسایە (یاسای رۆژنامەگەری) دادگایی بكرێت كە دەستبەسەركردنی تێدا نییە.
ماددەی 434 لە یاسای سزادانی عیراقی، پەیوەندیدارە بە ناوزڕاندن و سزاکەشی لە مانگێک بۆ ساڵێک زیندانیكردنە. لەگەڵ پێبژاردن بە پارە.
بەشدار حەسەن وتی "دادگاییكردنی ئەیوب وەرتی، بە ماددەی 434ـی سزادانی عیراقی هەڵەیە و یەکێکی ترە لەو سەرپێچییانەی لە دادگاکان رودەدەن"، زیاتر وتی "دەبوو دادوەر ماددەکە بۆ بڕگەی پێنجی مادەی نۆی یاسای ژمارە 35ـی رێکخستنی کاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت، نەگۆڕینی مادەکە خۆی لەخۆیدا سەرپێچییە".
دەستگیركردنی ئەیوب وەرتی، هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دەزگاكانی راگەیاندن كاردانەوی بەدواداهات و رۆژنامەنوسان داوا دەكەن بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەدا بكرێت.
كاردانەوەكان زیاتر دوای ئەوە هات كە وێنەیەكی ئەیوب بڵاوكرایەوە كە كەلەپچەی كراوەتە دەست.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی باڵا هەر دوێنێ هاتونەتە سەر خەت و ئەوەش هۆكار بووە بۆ ئەوەی دادوەر بە كەفالەتی دوو ملیۆن دینار ئازادی بكات.
ئەیوب وەرتی لە دوای ئازادكردنی لە رونكردنەوەیەكیدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، دەڵێت "لەیەکەم خولەکی دەستبەسەرکردنم تائێستاش لەگەڵ تیمی پاریزەرانی کەیسەکە داوای ئەوەمان کردووە ماددەی کەیسەکە بگۆڕدرێت بۆ یاسای رۆژنامەگەری، چونکە من لەسەر بابەتی رۆژنامەوانی سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە".
وتیشی "هیوادارم کەیسەکەم بەلاڕێدا نەبردرێت و رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت".