هێزێكی ئەمنی كە گوماندەكرێت دژە تیرۆربن، لە ناحیەی خەلیفان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كەریم كەیفی، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی ئێن ئارتی و هاوكارێكی بۆ ماوەی 15 كاتژمێر دەستگیردەكەن و دواتر بەڵێننامەیان پێ پڕدەكەنەوە ئینجا ئازادیان دەكەن، ئەوەش بەو مەرجەی لەمەودوا لەژێر رێنمایی هێزە ئەمنییەكاندا كاربكەن.
كەریم كەیفی و هاوكارەكەی شەوی 5ی ئەیلول بە مەبەستی روماڵكردنی كەوتنەخوارەوەی چەند موشەكێك لە گوندی تاراوان لە سنوری ناحیەی خەلیفان، بەرەو شوێنی روداوەكە بەڕێدەكەون، بەڵام هێزێكی ئەمنی رێگرییان لێدەكەن روماڵبكەن، دواتر دەستگیریان دەكەن.
كەریم كەیفی، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "بۆ روماڵكردن بەرەو شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان بەڕێكەوتین، كە نزیكبوینەوە ئاسایش بازگەیان لەناوچەكە دانابوو، رێگەیان نەدا بچینە شوێنی روداوەكە... لەكاتی گەڕانەوەماندا بڕیارماندا لە جێگەیەكی تر روماڵەكە بكەین، بەڵام بەرلەوەی دەستپێبكەین هێزێكی ئەمنی گەیشتنە سەرمان".
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو دەزانێت هێزەكە كێ بون، كەریم وتی "دوو ئۆتۆمبێلی مێكزەمینی ئاسایش هاتن، بەڵام چەكدارەكانی ناوی جلوبەرگی رەش و سەوزییان لەبەردا بوو و سەر بە دژە تیرۆری پارتی بون".
لەبارەی ئەوەی چۆن خۆیان ناساند، كەریم وتی "ئەوان بە ئێمەیان نەوت كە چ هێزێكن".
"هێزەكە هاتن وتیان نابێت روماڵ بكەن، كەرەستە میدیاییەكانیان لێسەندم، لەوانەش كامێرا، دواتر مۆبایلی تایبەتی خۆم و سویچی ئۆتۆمبێلەكەیان بردم... نە جنێویان پێدام نە لێیاندام"، كەریم وایوت.
هێزەكە هاتن وتیان نابێت روماڵ بكەن، كەرەستە میدیاییەكانیان لێسەندم، لەوانەش كامێرا، دواتر مۆبایلی تایبەتی خۆم و سویچی ئۆتۆمبێلەكەیان بردم
كەریم كەیفی و هاوكارەكەی (محەمەد فەرحان)، دوای دەستگیركردنیان بۆ ئاسایشی خەلیفان دەگوازرێنەوە، لەوێشەوە هەمان شەو دەبرێتە ئاسایشی سۆران و شەو لەوێ دەهێڵدرێنەوە و هەریەكە و خراونەتە ژورێكی تاكەكەسییەوە، ژورەكە مەترێك بە دوو مەتر بووە.
هاوكارەكەی كەریم كەیفی، خەڵكی ناوچەكەیە و رۆژنامەنوس نییە، تەنیا وەكو چاوساغ لەگەڵیدابووە. ئەویش بەهەمان شێوە دەستگیركراوە.
كەریم وتی "بەتانیی و دۆشەكێك لە ژوورەكە بوو، زۆر كۆن بون و كەڵكی ئەوەی نەبووە بەخۆمیاندا بدەم و نەمتوانیوە بخەوم... لە سپلیتێكی گشتییەوە هەوای سارد دەهاتە ژورەكەوە".
كاتژمێر یەك و 40 خولەكی دواینیوەڕۆی 6ی ئەیلول كەریم كەیفی و هاوكارەكەی جارێكی تر دەبرێنەوە بۆ ئاسایشی خەلیفان و بەرلەوەی ئازادبكرێت، بەڵێننامەیان پێ پڕدەكرێتەوە.
"بەپێی بەڵێننامەكە كە واژۆكردنی كرایە مەرجی ئازادكردنمان، دەبێت لەمەودوا بەپێی رێنماییەكانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەكانی كاربكەم"، كەریم وتی "وتیان دەبێت واژۆی بكەن ئینجا ئازادتان دەكەین، هەروەها پەنجە مۆریشیان پێكردین".
بەپێی بەڵێننامەكە كە واژۆكردنی كرایە مەرجی ئازادكردنمان، دەبێت لەمەودوا بەپێی رێنماییەكانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەكانی كاربكەم
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2021ـدا 79 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 187 رۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆماركراون، بەڵام لە راپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكيكردن لە مافی رۆژنامەنوساندا هاتووە لە ساڵی 2021ـدا 353 حاڵەتی پێشێلكاری بەرانبەر بە 260 رۆژنامەنوس و دامەزراوەی میدیایی هەبون.
سەرەڕای جەختكردنەوەی كەریم كەیفی لە دەستبەسەركردنی لە ئاسایشی سۆران، بەڵام دڵدار مهاجم، كە بەرپرسیارێتی هەیە لە ئاسایشی سۆران، وتی "لای ئێمە نەبووە". زیاتر لە جارێك دوپاتی ئەوەی كردەوە "كەریم كەیفی لەلای ئێمە نەبووە و نازانم لای كێ بووە".
بەپێی ماددەی چوارەمی یاسای سەندیكای رۆژنامەنوسان، ئەركی سەندیكایە دەستكەوتنی دەنگوباس و زانیارییەكان بۆ رۆژنامەنوسان ئاسان بكات.
بەڵام ئیسماعیل ئیبراهیم، لێپرسراوی نوسینگەی سۆرانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، وتی كە ئەوان ئاگاداری كەیسی دەستگیركردنی ئەو پەیامنێرەی ئێن ئاڕتی-ن و هۆكاری دەستبەسەركردنی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە "لەو شوێنەوە روماڵی هێرشە موشەكییەكەی نەكردووە كە لەلایەن ئاسایشەوە بۆیان دیاریكراوە".
بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە"، لە بڕگەی دوەمی ماددەی دووەمی هەمان یاسادا هاتووە "رۆژنامەنوس بۆی هەیە لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە هەر زانیارییەك كە بایەخی بۆ هاوڵاتیان هەبێ و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتییەوە بێ بەدەستبێنێ بەپێی یاسا".