دلێر سایە، قایمقامی قەزای خانەقین، داوا لە پۆلیس دەكات لەمەبەدواوە رێگە بەهیچ پەیامنێرێکی رۆژنامەوانی یان تیمێکی میدیایی لە سنورەکانی قەزای خانەقین نەدرێت كاربكەن، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی فەرمی.
ئەو داواكارییە كە 19ی ئەیلول ئاراستەی پۆلیس كراوە و پێچەوانەی یاسا بەركارەكانە لەبارەی كاری رۆژنامەوانی، بەڵام سەندیكا و رۆژنامەنوسانی قەزاكە پشتگیری دەكەن، لەپێناو "رێكخستنەوەی كاری میدیایی و سوكایەتینەكردن بەخەڵكی شارەكە".
عەبدولوەهاب حسێن، رۆژنامەنوس لە قەزای خانەقین، كە بڕیارەكەی لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە و پشتگیری دەكات. بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم بڕیارەم پێ باشە، بۆ ئەوەی سوكایەتی هەندێك رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن بە خەڵكی قەزاكە رابگیرێت". ئەو زیاتر رونیكردەوە "لە هەفتەكانی رابردودا دەزگایەكی راگەیاندن لەڕێی وەرگرتنی لێدوان لە كەسێكی خانەقین (بەخشراو) و بڵاوكردنەوەی قسەكانی سوكایەتی بە خەڵكی خانەقین كرد".
ئەم بڕیارەم پێ باشە، بۆ ئەوەی سوكایەتی هەندێك رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن بە خەڵكی قەزاكە رابگیرێت
ئەو بەخشراوەی كە چاوپێكەوتنی لەگەڵدا كراو دەقی قسەكانی بڵاوكرایەوە، (كەركوك ناو) ڤیدیۆی قسەكانی بینی، تیایدا بەزمانی خانەقینی قسە دەكات، هەندێكیش بەتەنز و گاڵتەپێكردنەوە قسەكانیان بڵاوكردەوە.
زەینەب ئەركەوازی، خانمە رۆژنامەنوسێكی قەزاكە، وتی "باشترە دەزگا میدیاییەكانی دەرەوەی خانەقین كاتێك بۆ كاری رۆژنامەوانیی دەچنە ئەو قەزایەوە رەزامەندی وەربگرن ئینجا ریگەیان بدەن كاربكەن، بۆ خۆشیان باشترە بۆ ئەوەی پارێزراوبن".
ئەو وتی "من پشتگیرى ئەو بڕیارە دەكەم و ئاگادارم، بۆ ئەوەی كاری میدیایی رێكبخرێتەوە و چیتر سوكایەتی بە خەڵكی ناوچەكە نەكرێت، ئەوەی رویدا دوبارەنەبێتەوە".
ئەوەش لەكاتێكدایە سوكایەتیكردن لەڕێی كارە رۆژنامەوانییەكانەوە بەهەر كەس و گروپ و لایەنێك بەپێی یاسا بەركارەكانی تایبەت بە كاری رۆژنامەوانی تاوانە و سزای یاسایی لەسەرە.
ئەمەل باجەڵان، لێپرسراوی لقی خانەقینی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، بەهەمان شێوە پشتگیری بڕیارەكەی قایمقام دەكات و دەڵێت ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ بڕیارەكەدا نییە.
ئەو لەگەڵ ئەوەی باسی بڵاوكردنەوەی ئەو چاوپێكەوتنەی كرد، كە بەلای خەڵكی خانەقینەوە "جێی ناڕەزایی" بووە. وتیشی "ئەو بڕیارە كاری رۆژنامەوانی رێكدەخاتەوە".
وتیشی "پێمانوانییە ئەم بڕیارە سنور و کارى رۆژنامەوانی بەرتەسكبكاتەوە... پێویستە رۆژنامەنوسان مۆڵەت لە قایمقامیەت وەربگرن و ئاگاداریان بكەنەوە كە لەو قەزایەن، بۆ ئەوەی پارێزراویش بن".
پێمانوانییە ئەم بڕیارە سنور و کارى رۆژنامەوانی بەرتەسكبكاتەوە
ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن و مافی بەدەستهێنانی زانیاریی، هەواڵ و بەیاننامە و ئەو ئامارانەیان هەیە كە قەدەغەكراو نییە و مافی خۆیانە لە سنوری یاسادا بڵاویبكەنەوە. هەروەها مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی خۆیی.
(كەركوك ناو)، چەندین هەوڵیدا بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ دلێر سایە، قایمقامی خانەقین بكات و لەڕێی واتسئەپ و ڤایبەریشەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، بەڵام هیچ وەڵامێكی نەدایەوە.
سەرچاوەیەك لە ئیدارەی قەزای خانەقین كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەبارەی بریارەكەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر دەزگایەكی راگەیاندن هەر كار و روماڵێكیان هەبێت پێویستە مۆڵەت لە پۆلیسی خانەقین وەربگرن، بڕیارەكە هەموو رۆژنامەنوسان دەگرێتەوە".
جەختیشیكردەوە "بڕیارەكە رێنمایی گشتییە و هی حكومەتی ناوەندییە، رێنماییەكەی حكومەتی فیدراڵ تازە نییە و كۆنە، بەڵام ئێمە ئێستا پۆلیسمان لێ ئاگاداركردۆتەوە".
"ئەم بڕیارە هیچ لە سنور و کارى رۆژنامەنوسان بەرتەسکناکاتەوە، چونکە هەر دەزگا و رۆژنامەنوسێک بێتە لامان و مۆڵەتى فەرمى وەربگرێت، رێگریى لێناکرێت و کارى روماڵ و چاوپێکەوتنى خۆیان ئەنجامدەدەن"، سەرچاوەكە زیاتر وتی "بڕیارەكە زیاتر بۆ رێگریكردنە لەو کەسانەی کە ھیچ پەیوەندییان بە دەزگای راگەیاندن و كاری رۆژنامەوانییەوە نییە و دێن لەناو بازاڕی خانەقین چاوپێکەوتن ئەنجامدەدەن و بەشێوازێکی نا بەرپرسانە کاردەکەن، بەبێ رێزگرتن لە خەڵكی شارەکە". بۆ ئەوەش ئاماژەی بەو گرتە ڤیدیۆیە كرد كە هەفتەیەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەبێتەوە.