هێزەكانی سوپای عیراق، سێ كارمەندی كەناڵێكی ئاسمانی لە قەزای شنگال دەستگیردەكەن و دوای چەند كاتژمێرێك لە لێكۆڵینەوە، ئازادیان دەكەن.
ئێوارەی دوێنێ دوشەممە پەیامنێر و كامێرانێكی كەناڵی چرا، لەگەڵ شۆفێری ئۆتۆمبێلەكەیاندا لەكاتی تێپەڕین بە بازگەیەكی عەبائیل لەلایەن سوپاوە دەستگیردەكرێن.
خەیری عەلی، پێشکەشکار و پەیامنێری چرا تیڤی بە (کەرکوک ناو)ـی وت "دەڕۆیشتین بۆ ئامادەکرنی راپۆرتێک، بەڵام لە بازگەی قەبائیل سوپا رایگرتین و دەستگیركراین، بە بیانوی ئەوەی نوسراوی رێگەپێدانی كاركردنمان نییە".
بەپێی راگەیەندراوێكی كەناڵی چرا، لە بازگەكەدا داوای مۆڵەتی ئیدارەی موسڵ كراوە بۆ كاری میدیایی، لە كاتێكدا ئەوان مۆڵەتی فەرمی كاركردنیان لە حكومەتی فیدراڵی عیراق وەرگرتووە.
كارمەند و رۆژنامەنوسەكانی ئەو كەناڵە دوای سێ كاتژمێر لەلایەن سوپاوە ئازاددەكرێن.
(كەركوك ناو) لەڕێی تەلەفۆن و بە واتسئاپ و نامە هەوڵیدا لێدوانی راگەیاندنی سوپای عیراق لە شنگال وەربگرێت بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.
"ئێمەیان گواستەوە بۆ سەربازگەی دۆمیز، کە بارەگای سوپای عیراقە لە شنگال و لەوێ کۆمەڵێک پرسیاریان كرد و دواتر بە هەوڵی لێپرسراوانی یەبەشە ئازاد کراین". خەیری وای وت.
یەبەشە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و خەڵكی ناوچەكە لەوانەش ئێزیدییەكان پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری كاردەكەن.
پەیامنێرەكەی كەناڵی چرا دەڵێت "زۆرینەی هەڤاڵانمان زیاد لە جارێك لەلایەن سوپاوە دەستگیركراون و ئەو هەڵسوكەوتەش تەنیا بەرانبەر بە ئێمە هەیە لەكاتێكدا مۆڵەتی كاركردنمان لە بەغدا دەركردووە".
چرا تیڤی، كەناڵێكی ئاسمانی تایبەت بە ئێزیدییە و بە نزیك لە (پەكەكە) هەژماردەكرێت.
بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی.