رۆژنامەنوس شێروان شێروانی، بە كەلەپچەكراوی برایە بەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر و لەسەر دوو كەیس وتەی لێوەرگیرا، بەڵام هەردوو كەیسەكەی رەتكردەوە و وتی "من بێتاوانم".
ئەو دوو كەیسە یەكێكیان لەسەر سكاڵای ئەفسەرێکی ناو چاکسازی گەورانی هەولێر بوو، ئەوەش بەپێی ماددەی 229ی یاسای سزادنی عیراقی، گوایە شێروانی هەڕەشەی لێكردووە، ئەوەی تر تۆمەتی تەزویریان خستۆتەپاڵ و بەپێی ماددەی 289 – 298 دراوەتە دادگا.
بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگریکردن لە چالاکوانانی بادینان، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "شێروانی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 25ی نیسان، لەبەردەم دادوەر ئامادەبوو، لە ژوری دادوەر کەلەپچەکانیان لێکردەوە و بە ئازادانە وتەکانی خۆیدا".
شێروان بەپێی وتەی بەشدار حەسەن، هەردوو تومەتەكەی رەتكردۆتەوە و وتویەتی "من بێتاوانم".
ماددەی 229ی یاسای سزادانی عیراقی، پەیوەستە بەهێرشکردنە سەر فەرمانبەرانی میری ئەوانەی له ئەرکی فەرمیدان، دەشێت سزاكەی سێ ساڵ زیندانی بێت.
بەپێی ماددەی 289ی یاسای سزادانی عیراقی هەركەسێك بەڵگەنامەیەكی رەسمی تەزویر بكات، سزادەدرێت بە زیندانی كە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت، لە ماددەی 298یشدا هاتووە "هەركەسێك نوسراوێكی تەزویر بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بزانێت تەزویرە، ئەوا بەو سزایە حوكمدەدرێت كە بۆ تاوانی تەزویر بڕیاری لێدراوە".
تۆمەتباركردنی شێروان شێروانی، بەپێی وتەی بەشدار حەسەن، گوایە "لە بری سزادراو (گوهدار زێباری) پەنجەمۆری لەسەر داواکارییەک کردووە بۆ گواستنەوەیان لە چاکسازی هەولێرەوە بۆ چاکسازی سلێمانی".
بەڵام بەشدار دەڵێت "پێشوەختە زیندانیانی بادینان لەناوخۆیان رێککەوتبون لەهەر بڕیارێکی پەیوەست بە کەیسەکەیان یەکدەنگ بن و لە ئەگەری سزادانی هەریەکێکیان و لێک جیاکردنەوەیان و دەنگ بەیەک نەگەشتنیان لەهەر پرسێک بڕیاریان یەکە و دەکرێت لەبری یەک بڕیاربدەن و خۆیان ئەو مافەیان داوەتە یەکتر".
لە تشرینی یەكەمی 2020دا شیروان شیروانی و چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركران و لە 16ی شوباتی 2021دا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتا"، تاوانبارکران و بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدران.
لە 16ـی ئاداری 2023 سیان لەو حوکمدراوانەی بادینان ئازادكران، ئەوەش دوای تەواوكردنی حوكمەكەیان و كەمكردنەوەی سزاكەیان بەپێی مەرسومێكی سەرۆكی هەرێم، لەوانە (ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا). بەڵام هەریەکە لە شێروان شێروانی و گۆهدار محەمەد، هێشتا لە زیندان و كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.
بەشدار حەسەن دەڵێت، داواکاری گشتی، لێکۆڵەرەوەی دادی و نوێنەری یۆنامی لەكاتی وتە وەرگرتن لە شێروان شێروانی ئامادەبون و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ-یش نیو كاتژمێر بۆ لەسەر هەردوو كەیسەكە لەگەڵ دادوەر گفتوگۆیان كرد.