لە نیسانی 2022 تا كۆتایی ئاداری ئەمساڵ 86 حاڵەتی پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسانی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی ئەنجامدراوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRH).
راپۆرتەكە سێشەممە 30ی ئایار لە مەراسیمێكدا لە سلێمانی بڵاوكرایەوە، تیایدا نوێنەری دەزگاكانی راگەیاندن، رۆژنامەنوسان، مامۆستایانی زانكۆ و شارەزایانی یاسایی و نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت ئامادەی بون.
بەپێی راپۆرتەكە كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، لە ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا 86 حاڵەتی پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی تۆماركراوە و لەو ژمارەیە رێكخراوەكە چاوپێكەوتنی لەگەڵ 29 كەیسیاندا كردووە.
پڕۆژەكە بە ناوی پڕۆژەی پاراستن و بەرگری لە رای ئازاد كە تایبەتە بە خزمەتكردن بە رۆژنامەنوسان، لە یەكی نیسانی 2022 تا 31ی ئاداری ئەمساڵ لە هەولێر و سلێمانی بەردەوامبوو، پێشێلكارییەكانیش لەو ماوەیەدا تۆماركراون.
هەر لەو ماوەیەدا 18 راوێژی یاساییان بە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن پێشكەش كردووە. حەوت دۆسییەی رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندنیان لە ئەستۆگرتووە، یەكێك لە دۆسییەكان یەكلاییبۆتەوە و شەش دۆسیەی تریان لە دادگا بەردەوامە.
راپۆرتەكە لە مەراسیمێكدا بەناونیشانی ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین لە نێوان سێ کوچکەی دەسەڵات، رۆژنامەنوسان و یاسا بەڕێوەچوو.
محەمەد مەعروف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی پڕۆژەکە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە بەڕێوەبردنی کەیسی رۆژنامەنوسان و تۆماركردنی پێشێلكارییەكان، چاودێریكردن و لەئەستۆگرتنی كەیسەكان لەڕوی یاساییەوە".
ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە بەڕێوەبردنی کەیسی رۆژنامەنوسان و تۆماركردنی پێشێلكارییەكان، چاودێریكردن و لەئەستۆگرتنی كەیسەكان لەڕوی یاساییەوە
پڕۆژەكە لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەتویر کە لەلایەن رێکخراوی UPP و مەسەلە بە پاڵپشتی دارایی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێدەکرێت.
محەمەد مەعروف، لەبارەی ئەوەی ئایا بەردەوامدەبن، وتی "پڕۆژەكە خۆی بۆ ماوەی ساڵێك بوو، تاکو ئێستا دڵنیانین لەوەی کە دوبارە دەست بە پڕۆژەکە دەکەینەوە یان نا".
بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ)، ساڵی 2022 "ساڵێکی دیکەی ریکۆردشکێن" بووە لە ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی کە بەهۆی ئەنجامدانی پیشەکەیانەوە زیندانی کراون، بەوپێیەی تا یەكی كانونی یەكەمی ئەو ساڵە لە تەواوی جیهان 363 رۆژنامەنوس لە زینداندا بون و ئازادییان لێ زەوتکراوە، ئەوەش ئاستێکی بەرزی نوێی جیهانییە کە بە ڕێژەی لەسەدا 20 ژمارەی پێوانەیی ساڵی 2020ـی تێپەڕاندووە.
لە ئامارەكەی (CPJ)ـدا هاتووە؛ لە تەواوی عیراق سێ رۆژنامەنوس دەستگیرکراون و لە زیندانن كە هەرسێكیان لە هەرێمی كوردستانن.