شێروان شێروانی بە چوار ساڵی دیكەی زیندانی سزادەدرێت

رۆژنامەنوس، شێروان شێروانی

كەركوك ناو

دادگای هەولێر بڕیاریدا بە سزادانی شێروان شێروانی، رۆژنامەنوس بە چوار ساڵی دیكەی زیندانی، بە تۆمەتی "ساختەكاری".

دانيشتنەكەی دادگا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تەموزی 2023 بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونی شێروانی و تیمی پارێزەرانی، بەپێی دوو ماددەی یاسای سزادانی عیراقی تۆمەتی روبەڕوكرایەوە.

تیمی پارێزەرانی شێروان شێروانی، دوای كۆتاییهاتنی دانیشتنی دادگا بە رۆژنامەنوسانیان راگەیاند، دادگا بەپێی ماددەكانی 295 و 298ـی یاسای سزادان، شێروانی بە چوار ساڵ زیندانیكردن سزاداوە.

بەپێی یەكێك لە ماددەكان سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیكردن و بەپێی ماددەكەی دیكەش سزای ساڵێك و شەش مانگ دەركراوە.

بەوتەی پارێزەرانی شێروانی، "دادگا لەژێر فشاری سیاسی و شەخسیدا" ئەو سزایەی سەپاندووە.

هەر لە بەردەم دادگای هەولێر، بەشێك لە چالاكوانان و كەسوكاری شێروان شێروانی، ناڕەزاییان بەرانبەر بە سزاكە دەربڕی.

ماددەی 295ـى ياسای سزادانی عیراقی، تايبەتە بە ساختەكردنی بەڵگەنامەی ئاسایی و سزای تا حەوت ساڵ زيندانى داناوە، لە ماددەی 298ـیشدا هاتووە "هەركەسێك نوسراوێكی تەزویر بەكاربهێنێت لەكاتێكدا بزانێت تەزویرە، ئەوا بەو سزایە حوكمدەدرێت كە بۆ تاوانی تەزویر بڕیاری لێدراوە".

شێروانی لە 25ـی نیسانی ئەمساڵ، لەسەر دوو كەیس و بە كەلەپچەكراوی برایە بەردەم دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر، بەڵام هەردوو كەیسەكەی رەتكردەوە و وتی "من بێتاوانم"، ئەوەش بەپێی لێدوانێكی ئەوكاتی بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگریکردن لە چالاکوانانی بادینان.

 کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی رێكخراوی (CPT) كە ئامادەی دانیشتنەكەی دادگا بووە، لە فەیسبوكی خۆی بڵاویكردەوە، شێروانی بە ساختەکردنی پەنجەمۆری گوهدار زێباری تۆمەتبارکرابوو، "کە گوایە لە 28ـى ئابى 2022ـدا، داوایەکی ئاراستەی دادگا و داواکاری گشتی کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی داخوازینامەی (ئیفراج شەرتی) بۆ خۆی و هاوڕێکانی کردووە".

هەروەها دەڵێت زێباری لەبەردەم دادوەردا شایەتیدا و گوتی "من و هاوڕێکانمان لە زیندان، شێروانمان کردووە بە وەکیلی خۆمان کە لە هەر بابەتێکی پەیوەندیدار بە کەیسەکەمان ئیمزا و پەنجەمۆر بکات".

شێروان شێروانی، لەناو هۆڵی دادگا بە دەنگی بەرز وتويەتی "من نەشکاوم.! ئەوە ئێوەن لەبەرامبەر وزە و ئیرادەی مندا شکاون و لە پەلەقاژێدان. ساختەکار من نیم، ساختەکار ئێوەن کە بە هەڵبژاردنی ساختە و پارە و دەسەڵاتی ساختە لە حکومداماون"، بەپێی گێڕانەوەی كامەران عوسمان.

لە تشرینی یەكەمی 2020ـدا شێروان شێروانی و چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان دەستگیركران، لە 16ی شوباتی 2021ـدا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتا"، تاوانبارکران و هەر یەكێكیان بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدران.

لە 16ـی ئاداری 2023 سێ كەس لەو حوکمدراوانەی بادینان ئازادكران، ئەوەش دوای تەواوكردنی حوكمەكەیان و كەمكردنەوەی سزاكەیان بەپێی مەرسومێكی سەرۆكی هەرێم، لەوانە (ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا). بەڵام هەریەکە لە شێروان شێروانی و گۆهدار محەمەد، هێشتا لە زیندان و كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT