رۆژنامەنوس گوهدار زێباری، بۆ جاری سێیەم و بە شەش مانگی دیكەی زیندانیكردن حوكمدەدرێت، دوای تۆمەتباركردنی بە هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت.
دادگاییكردنی زێباری، ئەمڕۆ یەكشەممە 10ـی تشرینی یەكەمی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو.
"جارێكیتر براكەم بە ناحەق سزادرا، بۆ ماوەی شەش مانگیتر لەچاکسازی گەوران دەمێنێتەوە ئینجا ئازاد دەکرێت" زێدان برای گوهدار زێباری بۆ (كەركوك ناو) واى وت. پێشیوایە "بڕیارەکەی دادگا ناحەقی و ستەمێکی گەورەیە بەرانبەر بە گوهدار و خێزانەكەمان".
بڕیاربوو گۆهدار 16ـی ئابى ئەمساڵ لە چاكسازیی گەورانی هەولێر ئازادبكرێت، بەڵام گواسترایەوە بۆ ئاسایش و داوایەكی نوێی لەسەر کرایەوە بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک.
رێڤینک یاسین، پارێزەری تیمی بەرگری لە رۆژنامەنوسان و چالاکانی بادینان، بە (كەركوك ناو)ی وت "گوهدار زێباری بە شەش مانگ زیندانیکردن سزادرا، چونكە گوهدار مانگێك و چواردە رۆژ لەئاسایشی گشتی ڕاگیڕاوە، ئەو ماوەیەی بۆ حساب دەكرێـت، واتە دوای چوار مانگ و 14 رۆژی تر ئازاد دەکرێت".
هەروەها وتی بەڵگەی تەواو و دروست بۆ سزادانی گوهدار نەبووە كە بیسەلمێنێت تاپڕی هەڵگرتووە یان موڵكی ئەو بووە، "بەدڵنیاییەوە بڕیارێکی نادادوەرانە بوو، .. کەیسێک دروستکراوە و لەپێش دادوەر دانراوە تا بڕیاری لەسەر بدات.. دادوەر خۆیشی قەناعەتی بە بڕیارەکەی خۆی نییە".
بڕیارەکەی دادگا ناحەقی و ستەمێکی گەورەیە
كەیسەكە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی 15ـی یاسای چەكی ساڵی 2022 و بە پاساوی دۆزینەوەی (تاپڕ) بووە لە ماڵەكەیدا لەوكاتەی ناوبراو لە تشرینی یەکەمی 2020دا دەستگیركراوە.
براكەی گوهدار زێباری وتی "ئەو تاپڕە هی گوهدار نەبووە و بە هیچ شێوەیەك بەكارنەهێنراوە" پێشتریش كەسوكاری زێباری بڵاویانكردەوە ئەو تاپڕە موڵكی باپیرانیانە و تەنیا بۆ جونكاری لە ماڵدا دادەنێت، زێدان زێباری جەختیكردەوە "بە هەموو شێوەیەك بڕیارەكەی دادگا رەتدەكەینەوە".
بەپێی ماددەی 15ی یاسای چەك؛ هەركەسێك بەبێ مۆڵەت، چەكێكی ئاگرین یان تفاق هەڵبگرێت، بیفرۆشێت، چاكی بكاتەوە، یان دەستاودەستی پێبكات، ئەوا بە بەندكردن بۆ ماوەیەك سزادەدرێت كە لە یەك ساڵ كەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵئەوەشدا بە پێ بژاردنێك سزادەدرێت كە لە دوو ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج میلۆن دینار زیاتر نەبێت.
چەكی ئاگرین بەپێی یاساكە، "دەمانچە و تفەنگی ئالی رێژنەكار" دەگرێتەوە، بەڵام چەكی تفاق (عتاد) گولـلە و فیشەكی بەكارهاتوو لە چەكی ئاگرین و هەر پارچەیەك لە پارچەكانی دەگرێتەوە.
كەسوكاری گوهدار زێباری، ناوەڕاستی مانگی رابردوو سكاڵایەكی یاساییان لە دەستەی مافەكانی مرۆڤ تۆماركرد، دژی ئاسایشی گشتی هەولێر، بەهۆی هێشتنەوەی ناوبراو لە زینداندا، بەبێ دادگایيكردن.
گوهدار زێباری و چوار چالاكوان و رۆژنامەنوسی تر لە 16ـی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانهكانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدران و تۆمەتباركران بە "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی"، بەر لەوەی حوكمەكەی لە ئاداری 2023 تەواوبكات، گوهدار بە كەیسێكی تر و بە پێنج مانگ زیندانی سزادرا، گوایا لەكاتی دەستگیركردنی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی گۆڕاوە.