"ئێمە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەکەین"، ئەوە داواكاری 210 رۆژنامەنووس، نووسەر، سیاسەتمەدار و کەسایەتیی جیاواز و دەزگای میدیایی و ڕێکخراوەکانی بواری ئازادیی ڕۆژنامەنووسانە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
داواكارییەكە لە چوارچێوەی كەمپەینێک بۆ ئازادیی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد-ـدا دێت، كە ئەمڕۆ دوشەممە 4ـی كانونی یەكەم، یەكەم بەیاننامەی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە.
ئەوە بەیاننامەیە ئاشكرایكردووە "10 جار تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد هەوڵیانداوە دۆسییەکەی ببینن و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە ڕێگەیان پێنەدراوە".
"دەیانەوێت هاوشێوەی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی و زیندانییانی دیکەی بادینان، سلێمان ئەحمەدیش بە داتاشینی تۆمەتی بێ بنەما سزا بدەن و زیندانیی بکەن" وەكو لە بەیاننامەكەدا هاتووە.
بەپێی بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)، ترس هەیە رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد "لەژێر فشار" دانپێدانانی پێ واژۆبكرێت و بەهۆیەوە سزابدرێت، یان دۆسییەی ساختەكاری بۆ "دروستبكرێت".
لە 25ی تشرینی یەكەم، سلێمان ئەحمەد (35ساڵ)، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاردەكات، لەكاتی گەڕانەوەیدا له رۆژئاواى كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان و له دهروازهى فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا و بێسەروشوێن بوو، تا پێنج رۆژ دواتر ئاسایشی دهۆك ئاشكرای كرد كە لای ئەوانە.
سلێمان ئهحمهد له بنهڕهتدا خهڵكى شارى عهفرینی رۆژئاواى كوردستان (سوریا)یە، له ساڵى 2018هوه بهشێوازێكى یاسایی هاتووهته ههرێمى كوردستان و مۆڵەتی مانەوەی هەیە.