سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستان ئاشكرای دەكات، 62 حاڵەتی پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە، لە نێویاندا 25 حاڵەتی رێگریی و جیاكاریی.
ئەو ئامارە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی كانونی دووەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیەنرا.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە 62 حاڵەتی پێشێلکاریی بەرامبەر بە 128 دەزگای میدیایی كراوە و تیایدا هاتووە "25 حاڵەتیان رێگریی و جیاکاریی بووە، 14 حاڵەتی راگرتن و دەستگیرکردن، 11 حاڵەتی هێرش و سوکایەتی، شەش حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و دەستبەسەرداگرتن بووە، سێ حاڵەتی هەڕەشە، یەک حاڵەتی هەڵکوتانە سەر دەزگای میدیایی و دوو حاڵەتی لێدان".
ئەوەش لەكاتێكدایە هەفتەی رابردوو سەنتەری میترۆ لە سلێمانی، راپۆرتی پێشێلکاریی ساڵی 2023ی بڵاوكردەوە و بەپێی راپۆرتەكە لە ساڵی 2023دا 249 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە.
لەبارەی ئەو جیاوازییە، نەزاکەت حسێن، سەرۆکی لیژنەی داکۆکیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان لە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "میكانیزمەكانی ئێمە و سەنتەری میترۆ لەوەی چی پێشێلكارییە و چی پێشێلكاری نییە، جیاوازە... لەڕاستیدا پێشێلكاریمان زۆر بۆ دێت، بەڵام لیژنەی داکۆکی بە کۆی دەنگ بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە ئەوەی کراوە دەچێتە خانەی پێشێلکاریی یان نا، ئەگەر بە پێشێلکاری هەژمارکرا، ئەوا تۆمار دەکرێت".
"ئێمە بەپێی پاشکۆی یاسای نێودەوڵەتی و پێوەرەکانی (IFJ) كاردەكەین و تۆماری داتاکان دەکەین، بۆیە ئاساییە کە دەبینی جیاوازی لە ئامار، میکانیزم و بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئەوەی رویداوە دەچێتە خانەی پێشێلکاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان یان نا".