لەسەدا 31ی رۆژنامەنوسانی مێینە پێیانوانە لە دەزگاکانیاندا جیاكاریی لە نێوان رۆژنامەنوسانی مێینە و نێرینەدا دەكرێت، ئەوەش لە شێوازی مامەڵەكردن و پێدانی رێزلێنان و پاداشت. ئەوەش بەپێی راپرسییەكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.
ئەو راپرسییە لە چوارچێوەی پاشکۆیەکدا بەناوی (نا بۆ جیاکاری لەسەر بنەماکانی رەگەزی) دووشەممە 22ی كانونی دووەمی 2024 بڵاوكرایەوە، كە تایبەتە لەسەر بارودۆخی رۆژنامەنوسانی مێینە لە هەرێمی کوردستان.
لە راپرسییەكەدا 21 پرسیار ئاراستەی 108 رۆژنامەنوسی مێینە لە دەیان دەزگای میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا كراوە و بەشێك لە رۆژنامەنوسانی مێینە دەڵێن لەناو دەزگاكانیان یان دەرەوەی دەزگاكانیاندا روبەڕوی توندوتیژیی، هەڕەشە و هەراسانكردنی سێکسی بونەتەوە.
لەسەدا 31ی بەشداربووانی راپرسییەكە پێیانوانە جیاکاریی لە دەزگاکانیاندا هەیە و دەڵێن جیاكارییەكە لە نێوان رۆژنامەنوسانی مێینە و نێرینەدا دەكرێت، ئەوەش لە چۆنیەتی مامەڵەكردن و پێدانی رێزلێنان و پاداشت.
هەروەها لەسەدا 33ی بەشداربووان دەڵێن؛ جیاکاریی هەیە لە موچەکانیان بەراورد بە رۆژنامەنوسانی نێرینە.
ئەوانەی بەشداریی راپرسییەکەیان کردووە، لەسەدا 71یان زیاتر لە پێنج ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکەن، زۆرینەشیان ئەوانەن کە لە ماڵپەڕە رۆژنامەوانییەکاندان، نیوەی بەشداربووانیش موچەكەیان كەمترە لە 500 هەزار دینار. لەسەدا 26ی بەشداربوان دەڵێن "موچەكانمان بەپێی میزاجی بەڕێوەبەر دیاریكراوە".
لە كۆتایی راپرسییەكەدا، زۆرینەی بەشداربووان رای خۆیان دەربڕیوە و پێیانوایە ئەو دۆخە پێویستی بە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت هەیە بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسانی مێینە، بەشێكی تریان داوادەكەن بەڵێننامەی شەرەف لە نێوان سەندیکای رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن واژۆبكرێت، ئەوەش بۆ پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسانی مێینە و مافەكانیان. لەگەڵ داواكردن بۆ راهێنان و خولی جۆراوجۆر بۆ رێگریكدن لە جیاكاریی.