"دوای جنێو و سوكایەتی، ویستیان لێمبدەن"
ئاسایشی هەولێر پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان دەكات

نەبەز رەشاد، پەیامنێری دەزگای بوار نیوز

كەركوك ناو

هێزێكی ئاسایش لە هەولێر رێگەیان نەدا رۆژنامەنوسان روماڵی ناڕەزایەتیی ژمارەیەك خاوەن كۆمپانیا بكەن، یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی ویستی روماڵ بكات، دەست بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكەیدا گیرا، جنێوی پێدرا و سوكایەتی پێكرا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ ئازاردانی جەستەیی.

ئەو روداوە چوارشەممە 27ی ئادار لەبەردەم وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رویدا، كاتێك نوێنەرانی ژمارەیەک لە خاوەن کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کار، گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا دژی زیادكردنی باج و روسومات.

خاوەن کۆمپانیاکان، كە لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆكەوە هاتبون، ویستیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەی ناڕەزایی خۆیان بخوێننەوە، بەڵام هێزێكی ئاسایش و پۆلیس، هەروەها ژمارەیەك ئاسایشی تر بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لەبەردەم وەزارەتەكە بڵاویانپێكراو رێگەیان نەدا بەیاننامەكە بخوێننەوە.

"یەكەم رۆژنامەنوس بوم چومە شوێنی گردبونەوەكە، لە ئۆتۆمبێلەكەم دابەزیم و كامێرامانەكەشم كامێرا و ستاندەكەی داگرت، ویستمان دەست بە وێنەگرتن بكەین، دوو ئاسایش بە خێرایی بەرەو رومان هاتن"، فەرمان سادق پەیامنێری میدیای سبەی جەختیكردەوە "ئاسایشەكان وتیان كامێراكەتان بخەنەوە ناو ئۆتۆمبێلەكەنتان و روماڵ مەكەن"، هەروەها وتویانە كە لەو شوێنە هیچ گردبونەوەیەك ناكرێت.

"تا دەهات هێزی ئەمنی زیاتر بڵاویان پێدەكرا، تەنانەت هیچ كەسێك بۆی نەبوو مۆبایلیش دەربهێنێت... ئاگام لێ بوو بە خاوەن كۆمپانیاكانیان دەوت بۆتان نییە بەیاننامەكەتان بخوێننەوە"، فەرمان وایوت.

ferman
فەرمان سادق، پەیامنێری ماڵپەڕی سبەی

وردە وردە ژمارەی پەیامنێرانی کەناڵەکان زیاتر دەبون، بەڵام رێگە بە هیچ كەسیان نەدەدرا کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانیان لە ئۆتۆمێلەکانیان دابگرن.

هێزەكانی ئاسایش خاوەن كۆمپانیاكانیان لە بەردەم وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دورخستەوە بۆ ئەوبەری شەقامەكە، پاشان ئەفسەرێكی ئاسایش بە خاوەن کۆمپانیاکانی وتووە، بڵاوەی لێدەکەن یان بڵاوەتان پێبكەین، فەرمان دەڵێت خۆی گوێی لەو گفتوگۆیە گرتووە.

لەوكاتەی گفتوگۆی هێزەكانی ئاسایش و خاوەن كۆمپانیاكان بەردەوامبوو، پەلاماری نەبەز رەشاد، پەیامنێری دەزگای بوار نیوز درا، كە راستەوخۆ رای خاوەن كۆمپانیایەكی دەگواستەوە.

نەبەز رەشاد بە (کەرکوک ناو)ـی وت "لەناو پەخشی راستەوخۆدا بوین، ئاسایش هێرشیانكردە سەرم، پەخشەكەیان راگرت و دەستیان بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكاندا گرت".

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كاتی راگرتنی پەخشەكە كە لە پەیجی بوار لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، كەسێك كە لەپشتەوە دێت و روخساری دیار نییە، بە نەبەز رەشاد دەڵێت "بۆ قسەی لەگەڵ دەكەیت"، نەبەز دەڵێت دەمەوێت بزانم داواكارییەكانیان چییە، چەند جارێك ئەوە دوبارە دەكاتەوە، بەڵام ئەو كەسە گوێ لە نەبەز ناگرێت و دەڵێت ئەو پەخشە راگرە، لەوكاتەدا پەخشەكە نامێنێت.

نەبەز وتی "ئەو كەسە ئاسایش بوو، پەخشەكەی راگرت و دەستی بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانمدا گرت، جنێوی زۆریان پێداین، تەنانەت ویستیان هێرشمان بکەنەسەر، بەڵام هاوپیشەکانمان رێگربون".

ئەو كەسە ئاسایش بوو، پەخشەكەی راگرت

نزیكەی دوو كاتژمێر دەستیان بەسەر كەلوپەلەكاندا گرت، دواتر دەیانوت بە مەرجی ئەوەی ڤیدیۆی راستەوخۆكە بسڕیتەوە ئینجا كەلوپەلەكانت پێدەدەن. بەڵام دەزگاكە ڤیدیۆكەی لانەبرد.

"لەكاتی پێدانەوەی كەلوپەكانیشدا سوكایەتیان پێكردین"، نەبەز وایوت.

ئەو رێگرییە لە رۆژنامەنوسان لەكاتێكدایە بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی.

بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007دا دەركراوە، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەیدا و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا. لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەدا هاتووە "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

هەر بەپێی یاسا بەركارەكان، رۆژنامەنوسان دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن دژ بەو كەس و لایەنانەی پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت.

بەڵام نەبەز رەشاد وتی "سكاڵا تۆمارناكەم، چونكە هەر سكاڵایەك لە دژی هێزە ئەمنییەكان بكرێت، نەك ئەنجامی نابێت، بەڵكو هیچ بەرەو پێشەوە ناچێت"، زیاتر وتی "ئەگەر سكاڵا تۆماربكەین جارێكی تر بە ئامانجمان دەگرنەوە، چونكە دەڵێن تۆ ناوبانگی ئێمەت لە دادگا زڕاندووە".

ئەگەر سكاڵا تۆماربكەین جارێكی تر بە ئامانجمان دەگرنەوە

فەرمان سادق-یش كە رێگەنەدرا روماڵی گردبونەوەكە بكات، وتی "بۆیە سكاڵا تۆمارناكەم، چونكە لە بنەڕەتدا ئەوان بۆ ئەوە نێردراون رێگریی بكەن، خاڵی دووەم ئەوەیە ئەگەر سكاڵا تۆماربكەیت ئەنجامی نابێت و لەوە دەچێت دواتر بەربەستی ترت بۆ دروستبكەن".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، هه‌ر كه‌سێك به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ رۆژنامه‌نوس بكات، یان ده‌ستدرێژیی بكاته‌ سه‌ر ئه‌وا هه‌مان ئه‌و سزایانە‌ ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رێك لەكاتی یان به‌هۆی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی دانراوه‌.

(كەركوك ناو) نەیتوانی لێدوانی ئاسایشی هەولێر وەربگریت دژ بەو پێشێلكارییانە، تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتەش هیچ رونكردنەوەیەكیان نەبووە.

دەزگای میدیایی بوار، لەسەر رێگری لە تیمە رۆژنامەوانییەکەی لە راگەیەندرواێکدا دەڵێت؛ هێزێكی ئه‌منی له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاسایش رێگری لە تیمی رۆژنامەوانی بوار کرد و دەستیانبەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەكەیدا گرت. تیمەكە پێكهاتبوو لە نەبەز رەشاد و وێنەگرەكەی ئیدریس جەرجیس.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT