سوپای عیراق لە كەركوك، پەیامنێر و كامێرامانێكی كەناڵی ئێن ئاڕتی دەستبەسەر دەكەن و دوای كاتژمێرێك لە لێكۆڵینەوە، ئازادیان دەكەن.
سۆران محەمەد، پەیامنێر و دیار كەمال، كامێرامانی كەناڵی ئێن ئاڕتی كاتژمێر 11:30 خولەكی شەوی رابردوو، 8ـی ئایار لە بازگەیەكی ئەمنیی لەلایەن هێزێكی سوپای عیراقییەوە دەستبەسەركران، دوای گەڕانەوەی لە روماڵی رۆژنامەوانیی لە گوندی پەڵكانەی ناحیەی سەرگەڕان.
سۆران محەمەد بە (كەركوك ناو)ـی وت، لەگەڵ كامێرامانەكەدا، بۆ روماڵ چونەتە گوندی پەڵكانە، بەوپێیەی ناڕەزایی و ئاڵۆزی لە نێوان جوتیارانی كورد و عەرەبی ناوچەكەدا هەبووە دەربارەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان، دوای وەرگرتنی لێدوان، گەڕاونەتەوە بەرەو ناوشاری كەركوك و لەلایەن سوپاوە راگیراون.
"لە رێگای نێوان دوبز و پردێ، بازگەیەكی سوپای عیراقی رایگرتین و دەستبەسەركراین، لە ناو بازگەیەكەدا بۆ ماوەی زیاتر لە كاتژمێرێك ئێمەیان هێشتەوە، بەڵام زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا كردین و هیچ قسە یان هەڵسوكەوتێكی نەشیاومان بەرامبەر نەكرا".
سۆران دەڵێت لەو بازگەیەدا، ئەفسەرێك لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كردون، دەربارەی هۆكاری سەردانیان بۆ گوندی پەڵكانە، "ئێمەش پێناسی رۆژنامەوانییمان نیشاندان و رونمانكردەوە بۆ كاری رۆژنامەوانیی لە ناوچەكە بوین"، بەڵام هێزەكەی سوپا رونیانكردۆتەوە، پێویستە مۆڵەتی رێگەپێدانیان هەبێت كاتێك دەچنە ئەو ناوچەیە.
گوندی پهڵكانه، یهكێك له 42 گوندهكهی سهرگهڕان لە سنوری قەزای دوبزی باكوری خۆرئاوای كهركوك، كە ململانێ لەسەر خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی هەیە و بەوهۆیەوە چەندینجار ئاڵۆزی و بارگرژی رویداوە. پهڵكانه ههرچهنده لهڕوی ئیدارییهوه سهر به پارێزگای كهركوكه، بهڵام دۆسیهی ئهمنی لای فهرماندهیی ئۆپهراسیۆنهكانی پارێزگای سهڵاحهدین-ـه.
پەیامنێری ئێن ئاڕتی، دوای ئازادكردنی ئەوەشی وت "هێزەكەی سوپا، دوای كاتژمێرێك لە دەستبەسەركردن، تەماشاكردنی ڤیدیۆ و تۆماری كامێراكەمان، بەبێ هیچ مەرج و بەڵێننامەیەك یان روبەڕوكردنەوەی تۆمەتێك ئازادیان كردین" سۆران محەمەد وای وت.
بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی، نابێت لێپرسینەوەش لە رۆژنامەنوس بكرێت یان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت بەهۆی تاوانێكەوە كە خراوەتە پاڵی، تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت.