سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لانیكەم 30 ئەندامی لە ریزی سەندیكاكە دورخستۆتەوە كە زۆرینەیان كوردن و خەڵكی پارێزگای كەركوكن، ئەوەش دوای ئەوەی بونەتە ئەندام لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق.
لە چەند مانگی رابردودا رۆژنامەنوسان پۆل پۆل بەرەو ئەندامێتی لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق هەنگاو دەنێن، بەتایبەت رۆژنامەنوسانی كوردی كەركوك، وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ئەوەی دانپێدانراوە و لە پارێزگاكە گوێی بۆ دەگیرێت، ئەوەش "هاوكارییان دەكات" لە كارەكەیاندا، هەروەها لەبەر ئەو ماف و شایستانەی كە دەدرێت بە رۆژنامەنوسان لە نێویاندا دابەشكردنی زەوی.
چیا نوری، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی پەیام لە كەركوك، یەكێكە لەو رۆژنامەنوسانەی لە ئەندامێتی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دورخراوەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دورخستنەوەم دوای ئەوە هاتووە كە بومە ئەندام لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق".
چیا وتی "سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە كەركوك دانپێدانراو نین و مۆڵەتیان نییە، ئەوەش وایكردووە نەتوانن هیچ شتێك بۆ رۆژنامەنوسان بكەن، تەنانەت لەوكاتەشی كە پێشێلكاریمان بەرامبەر دەكرێت، ئێمەش لە كەركوك كاردەكەین و باشتروایە لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق ئەندام بین"، جگەلەوەش چیا وتی "ئەندامبون لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق ئیمتیازاتی زیاترە، ئەوەتا ئێستا بەنیازن زەوی بەسەر رۆژنامەنوسانی كەركوكدا دابەش بكەن، ئێمەش مافی خۆمانە، بەڵام ئەگەر ئەندام نەبیت، مافی زەویت نییە".
ئەندامبون لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق ئیمتیازاتی زیاترە
لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێم، لە راگەیەنراوی دورخستنەوەی 20 رۆژنامەنوسی كەركوك و لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتیاندا، دەڵێت "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆمان ناكرێت رۆژنامەنوس لە یەككاتدا ئەندامی دوو سەندیكای هاوشێوەی پیشەیی بێت، بۆیە بڕیارماندا بە لێسەنەوەی شەرەفی ئەندامێتی و سڕینەوەی ناوەكانیان".
راگەیەنراوەكە كە لە 19ی ئایار دەرچووە، هەروەها دەڵێت بەپێی یاسای ژمارە (4)ی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان ئەو بڕیارە دراوە.
چیا نوری كە لەو لیستەدا ناوی هاتووە دەڵێت "مادام مافی وەرگرتنی زەویمان هەیە بۆچی مافمان بفەوتێت، تەنانەت هەڵەشمان كرد كە درەنگ بوین بە ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق... ئەم سەندیكایە حساب بۆ باجی ئەندامێتی خۆیان دەكەن و قورسایی هەیە، لەهەر بازگە و شوێنێك كە باجی ئەوانت پێبێت وەكو رۆژنامەنوس مامەڵەت لەگەڵدا دەكەن".
لانیكەم 50 رۆژنامەنوسی كەركوك لە ئەمساڵدا بونەتە ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق و بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) بڕیارە هەموو ئەوانەی لە سەندیكاكەی هەرێم ئەندامن دەربكرێن.
ئارام جەمال، رۆژنامەنوسێكی تری كەركوكە و 18 ساڵە ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانە، وتی "چیتر ئەندام نیم، لە راگەیەنراوێكدا ناویان بڵاوكردمەوە و وتیان دورخراویتەوە، بەهۆی ئەوەی بومەتە ئەندام لە سەندیكاكەی عیراق".
"سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق بە فەرمی ناسێنراوە و حكومەت مامەڵەی لەگەڵدا دەكات، ئەرك و مافی رۆژنامەنوسانی دیاریكردووە و ئیمتیازاتی خۆی هەیە، بۆیە بومە ئەندام".
لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو كە هێزەكانی حكومەتی عیراق بۆ كەركوك گەڕانەوە، ئیدارەی كەركوك بڕیاریدا كاری هەموو سەندیكا و رێكخراوانە رابگرێت كە مۆڵەتی حكومەتی عیراقی نییە، لەوانەش سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.
"بەلامەوە ئاساییە كە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان منیان لە ئەندامێتی خستووە، چونكە ئەوانیش یاسا و پەیڕەوەكەیان رێیانپێنادات"، ئارام وایوت.
مەهدی زریان، سەرۆكی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان، وتی "ئێمە پەیڕە و یاسا رێگەمان پێنادات ئەندامەكانمان لە سەندیكای هاوشێوە ئەندام بن، دەبێت خۆیان یەكلاییبكەنەوە"، زیاتر وتی "قۆناغی یەكەم 13 رۆژنامەنوسمان دەركرد، قۆناغی دووەم 20 رۆژنامەنوس".
لەبارەی ئەوەی چۆن دەزانن ئەو رۆژنامەنوسانە بونەتە ئەندام لە عیراق، ئایا هیچ پەیوەندییەكیان هەیە بۆ گۆڕینەوەی داتاو زانیاریی، وتی "سەیری ناوی ئەو ئەندامە نوێیانە دەكەین كە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق بڵاویدەكاتەوە، ئاگادارین كە وەجبەی سێیەمی رۆژنامەنوسان بۆ بون بە ئەندام و چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە و قبوڵكراون، چاوەڕوانیان تا ناوەكانیان بە رەسمی بڵاودەكرێتەوە ئینجا بەپێی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین".
ئاگادارین كە وەجبەی سێیەمی رۆژنامەنوسان بۆ بون بە ئەندام و چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە و قبوڵكراون، چاوەڕوانیان ناوەكانیان بڵاوبكرێتەوە ئینجا ئیجرائات دەكەین
سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێم، رێكخراوێكی پیشهیی فهرمی دانپێدانراوه لهلایهن حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەپێی یاسا بەركارەكان، حكومەتی هەرێم وەكو تاكە سەندیكای پیشەیی و نوێنەری رۆژنامەنوسان مامەڵەی لەگەڵ دەكات.
بەڵام سەندیكاكە نۆ ساڵە بەسەرچووە و بەپێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی خۆی كاردەكات، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2011ەوە كۆنگرەی نەبەستووە، كە دەبوو چوار ساڵ جارێك گۆنگرە ببەستێت و دەستەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەبردن هەڵبژێرێت.
وەك مەهدی زریان دەڵێت لە ساڵی 2017ەوە هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق نەماوە، كە بەر لەو وادەیە باشتر بوو. ئێستا نوسینگەكە لە كەركوك داخراوە و لەڕێی تەلەفونەوە كارەكانیان ئەنجام دەدەن.
لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان 750 ئەندامی هەیە، لەكۆی هەشت هەزار ئەندام لە تەواوی هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە چوار ساڵی (سەرەتای 2017 تا كۆتایی 2020) سەدا 12ی پێشێلكارییە تۆماركراوەكان دژی رۆژنامەنوسان لە كەركوك بون.
مەهدی زریان وتی "ئێمە بەپێی توانا پارێزگاریمان لە ئەندامەكانمان كردووە و هاوكاریمان كردون، داوای زەویشمان بۆ رۆژنامەنوسانی ئەندام لە سەندیكاكەمان كرد، بەڵام وتیان زەوی بۆ ئەندامانی سەندیكاكەی ئێوە نییە".