سەندیكای رۆژنامەنوسان 750 ئەندامی لە كەركوك بەجێدەهێڵێت

كەركوك/ 23ی ئابی 2020/ ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە چاوەڕوانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەرشەد ساڵحی و خالید مەفرەجی (بڕیاربوو كاتژمێر 12كۆنگرەكە بكرێت بەڵام تا دوو و 15 خولەك سازنەكرا) فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە كەركوك نامێنێت و 750 ئەندامی بێ پشت و پەنا بەجێدەهێڵێت، ئەوەش بەهۆی ململانێی سیاسی ناوخۆیی كوردی و بەدەمەوەنەهاتنی ئیدارەی پارێزگا.

لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسان نزیكەی دوو مانگە دەرگاكەی لە كەركوك داخراوە؛ كەلوپەل و بەڵگەكانی هەموی گواستۆتەوە بۆ هەولێر و لەمەودوا تەنیا لەڕێی تەلەفۆنەوە هەماهەنگیی و پەیوەندییان لەگەڵ ئەو رۆژنامەنوسانە دەبێت كە ئەندامن.

هەوار فارس، كچە رۆژنامەنوسی مەیدانی لە كەركوك هێندە لە رۆڵی سەندیكای رۆژنامەنوسان نیگەرانە، پێیوایە داخستنی دەرگای بارەگاكەیشی هیچ لە بارودۆخی ئەوان ناگۆڕێت، چونكە "لە رابردوشدا نەیانتوانی ببنە بەرگریكارێكی سەرسەختی مافەكانمان".

"لەكاتی روبەڕوبونەوەی پێشێلكاری بەرانبەرمان نازانین هانا بۆ كێ ببەین و كێ بەرگریكارمانە" هەوار بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

لە رابردوشدا نەیانتوانی ببنە بەرگریكارێكی سەرسەختی مافەكانمان

بەپێی رێكارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان، ئەگەر رۆژنامەنوسێكی ئەندامی سەندیكا لە كەركوك روبەڕوی پێشێلكاری ببێتەوە، پێویستە لەڕێی تەلەفۆن یان نامەی تەلەفۆن یاخود مەسنجەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە شێوازی پێشێلكارییەكە رونبكاتەوە تا تۆماربكرێت، بەڵام ئەگەر بیەوێت سكاڵا لەدژی پێشێلكارییەكە تۆماربكات، ئەوا پێویستە لە كەركوكەوە بچێتە شاری هەولێر.

هەوار فارس دەڵێت لەكاتێكدا ئەركێكی سەرەكی سەندیكا بەرگریكردنە لە مافەكانیان، بەڵام لە كەركوك، نە ئەوان و نە سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراقیش ئەو ئەركە نابینن، لەگەڵئەوەشدا پێیوایە داخستنی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان "بڕیارێكی سیاسییە، هاوشێوەی ئەو پارت و لایەنانەی لەدوای روداوەكانی ریفراندۆمەوە شارەكەیان بەجێهێشت".

لە روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 و رۆژانی دواتر زۆربەی هێز و لایەنە ئەمنی و سیاسییەكانی كورد كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆكیان بەجێهێشت، كاتێك پەیوەندییەكانی هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستان بە هۆی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

sandika..kirkuk
كەركوك/ 2021/ بارەگا داخراوەكەی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان فۆتۆ: كەركوك ناو

ستار جەباری، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئیدارەی كەركوك مامەڵەی گونجاومان لەگەڵدا ناكات، سەرباری چەندین كۆبونەوە تا بتوانین وەك بەرگریكاری مافەكانی رۆژنامەنوسان كاربكەین، بەڵام ئەنجامی نەبووە و جیاكاری دەكرا، بەوپێیەی سەندیكا سەر بە هەرێمی كوردستانە و مۆڵەتی لە عیراق نییە".

ئەو جیاكارییەی ئەو باسی دەكات لە چەند پرسێكدایە بە تایبەت تۆماركردنی ناوی رۆژنامەنوسانی ئەندامی سەندیكا بۆ پێدانی زەوی نیشتەجێبون.

"بە ناچاری بارەگاكەمان لە كەركوك داخست و بردمانە هەولێر، ئێستا لقی كەركوكی سەندیكا لە هەولێرە" بە وتەی جەباری.

ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژنامەنوسانی كەركوك لەكاتی بەجێهێنانی ئەركە رۆژنامەوانییەكانیاندا چەندین جار روبەڕوی پێشێلكاری دەبنەوە، بە تایبەت بۆ روماڵی روداوە ئەمنییەكان، بەوپێیەی زیاتر لە پێنج هێزی چەكداری ئەمنی و سەربازی لە سنوری پارێزگاكەدا هەن، بۆیە پێویستیان بە رێكخراو و سەندیكای بەرگریكار هەیە.

بە ناچاری بارەگاكەمان لە كەركوك داخست و بردمانە هەولێر

لە دوایین پێشێلكاریدا؛ عەبد عەلی تەعمە، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك، لە مەراسیمی یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن و بە بەرچاوی منداڵانی سەرەتاییەوە، لە یەكی تشرینی دوەمی 2021، ژمارەیەك رۆژنامەنوسی بە پاڵپشتی سێ پاسەوانی چەكدار و بە قسەی نەشیاو لە خوێندنگەیەك دەركرد، لە نێویاندا پەیامنێری (كەركوك ناو)، كە دواتر بەهەوڵی خۆیان و لە غیابی سەندیكای رۆژنامەنوساندا توانییان بەڕێوەبەر ناچاربكەن لەبەرانبەر ئەو پێشێلكارییەدا داوای لێبوردن بكات.

"گواستنەوەی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسان بۆ هەولێر، بەواتای دابڕینی رۆژنامەنوسانی كورد دێت و دەتوانین بڵێین ئەوان حیساب بۆ رۆژنامەنوسانی ئەندامی ئەو سەندیكایە لە شارەكەدا ناكەن" مەحمود رزگار، رۆژنامەنوس و ئەندامی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسان وای وت.

مەحمود دەڵێت هەرچەندە لە ساڵی رابردوشدا، كاتێك سەندیكا لە كەركوك بووە، "سودێكی ئەوتۆ و بەرچاویان بۆ رۆژنامەنوسان و ئەندامەكانیان نەبووە".

media-1
مایكی ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی میدیای له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌شاری كه‌ركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان زیاتر لە 750 ئەندامی هەیە كە زۆرینەیان وەك رۆژنامەنوسی كارا تۆماركراون.

"ئەگەر پاساوەكەیان بۆ گواستنەوەی سەندیكا ئەوەیە ئیدارەی كەركوك مامەڵەی خراپە، ئەوا من بەڕاستی نازانم، چونكە چوار ساڵە روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر رویانداوە و هیچ هێزێك لەم شارەدا یەخەی ئەوانی نەگرتووە، بەڵكو گواستنەوەكە پەیوەندی بە ململانێی حزبییەوە هەیە لەناو خودی سەندیكادا" بەوتەی مەحمود رزگار بۆ (كەركوك ناو).

لێپرسراوانی سەندیكاش نایشارنەوە هۆكاری حزبی كاریگەری لەسەر كارەكانی سەندیكا هەبووە.

ستار جەباری وتی "بەشێكی تری هۆكاری داخستنەكە دەگەڕێتەوە بۆ دەستتێوەردانی حزبی، حزبێك دەویست دەست لە كاروباری سەندیكا وەربدات، بۆیە هەبونێك كە دەسەڵاتت نەبێت، نەبونی باشترە".

هۆكاری داخستنەكە پەیوەستە بەو دۆخەی لە كەركوك دروستبووە

بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە چوار ساڵی رابردودا (سەرەتای 2017 تا كۆتایی 2020) سەدا 12ی پێشێلكارییە تۆماركراوەكان دژی رۆژنامەنوسان لە كەركوك بون.

تەنیا لە ساڵی 2020دا، بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنوسان؛ 138 حاڵەتی پێشێلكاری تۆماركراون و لەو ژمارەیە 25ــیان لە كەركوك بون.

حاكم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە (كەركوك ناو)ـی وت تەنیا بارەگاكەیان لە كەركوك داخستووە نەك لقەكە گواسترابێتەوە بۆ هەولێر، بەشێك لە كەلوپەلەكانی لقی كەركوك گەڕێنراوەتەوە هەولێر، بەڵام بارەگاكە داخراوە.

هەروەها وتی "هۆكاری داخستنەكەش پەیوەستە بەو دۆخەی لە كەركوك دروستبووە و ئیدارەی شارە بەپێی پێویست مامەڵەمان لەگەڵدا ناكات، هەرچەندە چەندینجار داوای دروستكردنی هەماهەنگیمان كردووە لە ئیدارەی شار و سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق، بەڵام بەگشتی هەوڵەكان ئەنجامگیر نەبون".

mamosta-8
كەركوك/ 2020/ روماڵی گردبونەوەیەكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنى کوردى فۆتۆ: كەركوك ناو 

پارێزگای كەركوك، به‌ 58 پێشێلكاری دژی رۆژنامه‌نوسان له‌ پله‌ی دوه‌می ریزبه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریدایه‌، دەربارەی پێشێلكارییەكانی ساڵی 2020 كە چوار حاڵەتی كوشتن و 305 پێشێلكاری جۆراوجۆری تۆماركردبوو.

سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك، كە بەرپرسیارێتی هەیە و داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەگەر سەندیكا ئێمە تۆمەتباردەكات بەوەی هەماهەنگیمان نەبووە و هاوكاریان نەبوین بۆیە گواستویانەتەوە، ئەوا دورە لە راستییەوە، چونكە هەموو ئەو رۆژنامەنوسانەی ئەندامن لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان رۆژانە دێنە ئیدارەی پارێزگا و لێدوان وەردەگرن یان چاوپێكەوتن لەگەڵ لێپرسراواندا دەكەن".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت ئیدارەی كەركوك "هاوكاری هەموو لایەن و سەندیكایەك دەكەن، نەك رێگربن یاخود هۆكاربن بۆ دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم رۆژنامەنوسان و لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان".

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان كە لە 22ی نیسانی 1998 دامەزراوە، لە ئێستادا 8000 هەزار ئەندامی هەیە و 10 لق و نوسینگەی لە شارەكانی هەرێم و ناوچەكانی جێناكۆك كردۆتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT