رۆژنامەنوسانی كەركوك
هێزە ئەمنییەكان پەلاماریان دەدەن و لێپرسراوانیش پێشێلی مافەكانیان دەكەن

كەركوك/ 23ی ئابی 2020/ ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە چاوەڕوانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەرشەد ساڵحی و خالید مەفرەجی (بڕیاربوو كاتژمێر 12كۆنگرەكە بكرێت بەڵام تا دوو و 15 خولەك سازنەكرا) فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – كەركوك

رۆژنامەنوسانی كەركوك روبەڕوی هێرش و پەلاماری هێزە ئەمنییەكان دەبنەوە لەكاتی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاریدا، لێیاندەدەن و كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان دەشكێنن. ئەوەش لەكاتێكدایە بەشێك لە سیاسی، لێپرسراوە حكومیی و حزبییەكانیش كۆنگرە رۆژنامەوانییەكانیان دوادەخەن و بۆ زیاتر لە كاتژمێرێك یان زیاتر لە چاوەڕوانیدا دەیانهێڵنەوە.

لە 23ی ئاب چوار راگەیاندنكار، روبەڕوی هێرشی هێزە ئەمنییەكان بونەوە، لەكاتی روماڵی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە گەڕەكی قادسییە، كە هاوكات بوو لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ مەراسیمی یادی عاشورا. ئەوەش دواین زنجیرەی ئەو پێشێلكارییانە بوو كە لە ئەمساڵدا كراوەتە سەر رۆژنامەنوسان.

ئۆژین جۆڵا، پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵ، یەكێك بوو لەو رۆژنامەنوسانەی روماڵی تەقینەوەكەی دەكرد، وتی "بە دوری 50 مەتر لە شوێنی روداوەكەوە وێنەم دەگرت، دوو چەکدار هاتنە پێشەوە و بێئەوەی بپرسن کە سەر بەچ دەزگایەکم، کەوتنە وێزەم، بەشەق و زلـلە لێیاندام، دەیانوت ئێوە حەز دەکەن تەقینەوە روبدات،...". ئۆژین جەختیكردەوە "دواتر بون بە سێ چەكدار و هەرسێكیان لێیاندام".

دوو چەکدار هاتنە پێشەوە و بێئەوەی بپرسن کە سەر بەچ دەزگایەکم، کەوتنە وێزەم، بەشەق و زلـلە لێیاندام، دەیانوت ئێوە حەز دەکەن تەقینەوە روبدات

ئۆژین وتی "كامێرا، ئامێری رێکۆردەر و مۆبایلەكەیان شكاندم".

لە هەمان روداودا، هێزە ئەمنییەكان لە هەریەكە لە رۆژنامەنوسان یوسف مراد، لە كەناڵی ئاسمانی كەركوك، هێمن دەڵۆ، لە كوردستان 24 و وێنەگری هەمان كەناڵ نەوزاد هێرش-یاندا و رێگەیان پێنەدرا روماڵ بكەن.

بەڵام هیچ یەكێك لەو رۆژنامەنوسانە، سكاڵایان تۆمارنەكردووە دژ بە پێشێلكارییەكان.

haz
كه‌ركوك، 2020، بازگه‌یه‌كی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئۆژین وتی "پەیوەندیم بە چەند دەزگایەکی ئەمنی کەرکوکەوە کردووە، ئەو دەزگایانە رەتیانکردەوە کە ئەو هێزە سەر بە ئەوانبن، بۆیە من نازانم سكاڵا لەسەر چ هێزێك تۆماربكەم".

بەپێی ئامارێكی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 50 حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە.

مەهدی زریان، لێپرسراوی لقی کەرکوکی ئەو سەندیکایە، وتی "ئامارەکان گەواهیدەرن كە دۆخی ئازادی كاری رۆژنامەوانیی خراپە... لەنێو ئەو 50 پێشێلكارییەدا ئەشكەنجەدان، سەرزەنشتكردن، سوكایەتیی و لێسەندنەوەی كەلوپەلی رۆژنامەوانی هەبووە".

لەنێو ئەو 50 پێشێلكارییەدا ئەشكەنجەدان، سەرزەنشتكردن، سوكایەتیی و لێسەندنەوەی كەلوپەلی رۆژنامەوانی هەبووە

"پێشتر ئێمە بەدەست هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکانەوە دەمانناڵاند، ئێستا سەرباز لەم شارە هەیە و دۆخەکە عەسکەرتارییەتە"، زریان وایوت.

لە ئێستادا ژمارەیەك هێزی جیاواز لە كەركوكدا هەن، لە نێویاندا، سوپا، پۆلیسی ناخۆیی، حەشد، پۆلیسی فیدراڵی و لیوای 61ی تایبەت، ئەوەش وەك مەهدی زریان دەڵێت كێشەیەكە لەبەردەم رۆژنامەنوسان و نازانن چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن.

rozhnamanus-2
كەركوك/ 23ی ئابی 2020/ ژمارەیەك رۆژنامەنوس لە چاوەڕوانی كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا لە نوسینگەی كەركوكی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: سۆران محەمەد

"تکام لە رۆژنامەنوسان ئەوەیە بە نەرمی لەگەڵ ئەم هێزانەدا مامەڵە بکەن، تا ئەوەی هەواڵەكە بگوازنەوە و خۆیان نەبن بە هەواڵ"، مەهدی وایوت.

كێشەیەكی تری بەردەم رۆژنامەنوسان، هێشتنەوەیانە لە چاوەڕوانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكاندا، هەندێك كات نزیكدەبێتەوە لە دوو كاتژمێردا.

بەلای رۆژنامەنوسانەوە، ئەوە وەكو "سوكایەتییە بە پیشەی رۆژنامەوانی لە كەركوك".

23ی ئاب، بەر لەوەی چوار رۆژنامەنوس هێرشیان بكرێتەسەر، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عیراق و خالید مەفرەجی، ئەندامی پەرلەمان بۆ زیاتر لە دوو كاتژمێر رۆژنامەنوسانیان لە چاوەڕوانیدا هێشتەوە.

بەپێی بانگھێشتییان بۆ رۆژنامەنوسان، دەبوو كاتژمێر 12 لەسەر دۆخی كەركوك كۆنگرە ببەستن، بەڵام كاتژمێر دوو و 15 خولەك كۆنگرەكە ئەنجامدرا، بەبێ ئەوەی هیچ رونكردنەوە و داوای لێبوردنێكیان هەبێت.

ئەو حاڵەتە لە چەند كۆنگرەیەكی تری لێپرسراوانی حكومی و سیاسی دوبارەبۆتەوە.

قەیس زوبێدی، رۆژنامەنوس لە كەركوك، وتی "زۆركات لێپرسراوان پێشێلی ئەوكاتە دەكەن كە بۆ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان دیاریكراوە، ئەوەش كێشە بۆ ئێمە دروستدەكات لەگەڵ كەناڵەكەمان، چونكە دەزگاكەمان پلانی ئەوە دادەنێت لەوكاتەدا راستەوخۆی هەیە و رەنگە پلامی تری نەبێت. ئەمە گەورەترین کێشەیە بۆ ئێمە".

زۆركات لێپرسراوان پێشێلی ئەوكاتە دەكەن كە بۆ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكان دیاریكراوە

"زۆرجار داومانکردووە لەکاتی خۆیدا لێپرسراوان كۆنگرەكانیان سازبكەن، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە"، قەیس وایوت.

هەروەها رۆدی ئەنوەر، رۆژنامەنوس لە كەركوك، داوایكرد هێزە ئەمنییەكان چەكدارەكانیان هۆشیاربكەنەوە لەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا دەكەن، "پێویستە یاساكان و رێنماییەكانیان پێ بوترێتەوە لەبارەی كاری رۆژنامەوانی".

"ئەرکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان و عیراقیشە لە بەرامبەر ئەم دۆخە بێدەنگ نەبن و پێشێلکارییەکان رابگرن و قسەیان هەبێت"، رۆدی وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT