ژماره‌یه‌ك له رۆژنامه‌نوسانی شاری كه‌ركوك، بازگه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان به ئه‌نجامدانی توندوتیژی و رێگریكردن تۆمه‌تبارده‌كه‌ن، له كاتێكدا به‌پێی رێكاره‌كان ده‌توانن له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆشدا كاری میدیایی بكه‌ن، به‌ڵام ئیداره‌ی پارێزگا ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ پێشێلكارییه‌ك هه‌بوبێت.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 18ی نیسان، تیمێكی سێ كه‌سی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كه‌ناڵی ئاسمانی سپێدە له رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویانكرده‌وه، له‌كاتی ده‌رچونیان بۆ كارێكی میدیایی بۆ ناحیه‌ی پردێ، له بازگه‌یه‌كدا راگیراون و دوای 40 خوله‌ك، گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه بۆ ناوشاری كه‌ركوك.
ئه‌و تیمه پێكهاتبون له فاخر حه‌مید، په‌یامنێر له‌گه‌ڵ هه‌ردو كامێرامانی كه‌ناڵه‌كه ئه‌یاد حه‌مه‌ساڵح و محه‌مه‌د ئه‌یوب.
له چه‌ند رۆژی رابردوشدا، لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان له سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، رۆژانه له میدیاكارانی كه‌ركوكه‌وه سكاڵایان له‌سه‌ر پێشێلكاریی و رێگری له بازگه ئه‌منییه‌كاندا پێده‌گات.
سه‌ندیكا وه‌ك نمونه‌ی رێگرییه‌كان باسی له دوو رێگری و پێشێلكاری كردبوو، یه‌كێكیان له 14ی نیسان له تیمێكی تۆڕی میدیایی رووداو و ئه‌ویتریان له 31ی ئادار له په‌یامنێرێكی كه‌ناڵی كه‌ركوك.
له بازگه‌كاندا چه‌ند كاتژمێرێك راگیراین و لێكۆڵینه‌وه‌ی توندیان له‌گه‌ڵدا كردین
هه‌ردی محه‌مه‌د، په‌یامنێری رووداو كه له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌ندیكادا له‌گه‌ڵ دوو هاوپیشه‌ی دیكه‌یدا ناوی هاتووه، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوای گەڕانەوەمان لەهەولێرەوە بەرەو كەركوك، كه بەكارێكی میدیایی ده‌رچوبوین، لەبازگەی هێزە عیراقییەكان لەپردێ و دواتریش لەكەڵوڕ رێگرییان لێكردین".
به‌وته‌ی هه‌ردی له بازگه‌كاندا بۆ ماوه‌ی چوار كاتژمێر راگیراون، سه‌رباری هه‌بونی به‌ڵگه و رێگه‌پێدانی فه‌رمی.
ئه‌و ده‌ڵێت له بازگه‌كاندا لێكۆڵینه‌وه‌ی توندیان له‌گه‌ڵدا كراوه، مۆبایل و ئۆتۆمبێلیان لێوه‌رگیراوه، به تایبه‌ت له بازگه‌ی دوه‌م و له كه‌ڵوڕ.
"دوای رزگاربونمان له بازگه‌ی دووه‌م، به رێكارێكی زۆر و توند، له ده‌روازه‌ی شاری كه‌ركوك بازگەیەكی كاتی‌یان بۆ دانابوین، به هەمانشێوەی بازگەكانی تر زانیاری پێشوەختیان هەبوو بەشێوەیەكی توند رێگایان پێگرتین و دەستیان بەسەر كەرەستە و ئۆتۆمبێلەكەماندا گرت".
هه‌ردی محه‌مه‌د باسی له‌وه‌كرد له‌وێش دوای كاتژمێرێك چاوه‌ڕانی رێگه‌ی چونه ناوشاریان پێدراوه.
به‌پێی بڕیاره‌كانی شانه‌ی قه‌یران له كه‌ركوك و هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاتوچۆ له نێوان پارێزگاكاندا قه‌ده‌غه‌یه، ته‌نیا به مۆڵه‌ت و رێگه‌پێدانی فه‌رمی ده‌بێت.
محەمەد سەردار، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له ده‌وامه‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌وه و له بازگه‌یه‌كدا به پاساوی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ راگیرام، پێناسی تیڤی و نوسراوی ڕێگەپێدانی پۆلیسی كەركوكیان لێسەندم،.. دوای دوو هەفتە و له 15ی نیسان توانیم به‌هاوكاری چه‌ند كه‌سێك باجه‌كه‌م وه‌ربگرمه‌وه".
له ناوه‌ڕاستی ئاداره‌وه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له كه‌ركوك راگه‌یه‌ندراوه و تا 24ی نیسان درێژكراوه‌ته‌وه، به ئامانجی رێگری له بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و خۆپارێزی، به‌ڵام میدیاكاران ده‌توانن له‌گه‌ڵ پابه‌ندبون به رێكاره ته‌ندروستییه‌كان كاری میدیایی خۆیان بكه‌ن.
ئارام شێركۆ، پەیامنێری رۆژنامەی خەبات له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دەمویست بچم بۆ روماڵی دابەشكردنی هاوكاری كۆمپانیای كارگروپ، بەڵام هێزێكی ئه‌منی رێگرییان كرد و وتیان نابێت رۆژنامه‌نوس به ئاره‌زوی خۆی بسوڕێته‌وه، دوای پشكنینی كامێرا و ئامێری تۆماركردنی ده‌نگ رێگه‌یاندا بڕۆم".
ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ پێشێلكارییه‌ك به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نوسان تۆماركرابێت له ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا.
مەروان ئەلعانی، وتەبێژی شانەی قەیران و لێپرسراوی راگەیاندنی ئیداره‌ی پارێزگای كەركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ حاڵەتێكی رێگریكردن و پێشێلكاریی لە دژی رۆژنامەنوسان تۆمارنەكراوە..".
ئه‌لعانی ده‌ڵێت هه‌ندێكجار زانیاری پێشوه‌خته لای رۆژنامه‌نوس و لایه‌نی ئه‌منی نه‌بووه، له‌كاتی ده‌رچونی تیمێك بۆ كارێكی میدیایی، ئه‌گه‌رنا به پێچه‌وانه‌وه "ئه‌و هاوكاریكردنه‌ی رۆژنامه‌نوسان كه له كه‌ركوك ده‌كرێت له هیچ پارێزگایەكی تری عیراق نییه".
ئه‌و له باسی رێگری له تیمێكی كه‌ناڵی رووداو، لێپرسراوی راگه‌یاندنی ئیداره‌ی كه‌ركوك ئه‌وه‌ی رونیكرده‌وه، ئه‌و تیمه‌ی له هه‌ولێره‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ كه‌ركوك، واته له چوارچێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن بووه له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی شار، كه ئه‌وه‌ش رێكاری تایبه‌تی خۆی بۆ چۆنیه‌تی هاتوچۆكردن، بۆیه رێككه‌وتنی پێشوه‌خته گرنگه له‌نێوان میدیا و لایه‌نی ئه‌منیدا هه‌بێت له‌و كاتانه‌دا.
له زۆرینه‌ی ناوچه و پارێزگاكانی تری عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش، له ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆناوه پێشێلكاری جۆراجۆر هه‌بووه، له رێگریی، لێدوان و ده‌ستگیركردن.