ته‌نیا له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا، سێ رۆژنامه‌نوس روبه‌ڕوی هێرش و زیندانی بونه‌ته‌وه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی توندوتیژیی و پێشێلكارییه‌كان دژ به‌و توێژه له ته‌واوی عیراقدا، كه بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ره‌و كه‌مبونه‌وه ده‌ڕۆیشت.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی باڵیۆزخانه‌ی هۆڵه‌ندا له به‌غدا، كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بڵاویكرده‌وه، عیراق جارێكی‌تر به ئاڕاسته‌ی هه‌ڵه‌دا ده‌ڕوات سه‌باره‌ت به پاراستنی ژیانی رۆژنامه‌نوسان، به‌وپێیه‌ی له سه‌ره‌تای ساڵی 2020ـه‌وه، شه‌ش راگه‌یاندنكار و ئه‌وانه‌ی له ده‌زگا میدیاییه‌كاندا كارده‌كه‌ن كوژراون.
ئه‌و نیگه‌رانییانه له كاتێكدایه، پێشتر و له 2016 به دواوه، توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان كه‌متر بووه به‌راورد به ساڵی پێشووتر، له نێوان 2017 تا 2019دا له عیراق نۆ رۆژنامه‌نوس كوژراون.
هۆڵه‌ندا به پشتبه‌ستن به ئاماره‌كانی یونێسكۆ، ئاماژه‌ی داوه به كوژرانی لانیكه‌م 193 رۆژنامه‌نوس له عیراق، له ساڵی 1993وه تا ئێستا، هه‌رچه‌نده ئاماری رێکخراوە ناحکومییەکان ئەوە دەردەخەن ژمارەی ڕۆژنامە کوژراوەکان زیاترن، بەرادەیەک لەسەدا 50ی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی له 2006 تا 2016 كوژران لە جیهاندا، لە عیراق بون.
به‌پێی ئاماره‌كانی یونسكۆ له ساڵی 1993وه تائێستا لانیكه‌م 193 رۆژنامه‌نوس له عیراق كوژراون
یه‌كێك له دوایین دۆسیه‌كانی پێشێلكاری دژی رۆژنامه‌نوسان له عیراق، ده‌ستگیركردنی رۆژنامەنوس هەرێم جاف، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كوردستان24 بوو لە قەزای كفری باشوری شاری سلێمانی.
جاف، درەنگانێكی شەوی 26ی ئادار، لەئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، لە بابەتێكدا رەخنەی لە مامەڵەی هێزەئەمنییەكان گرت لەگەڵ ئەو هاوڵاتییانەی گوماندەكرێت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابن، بۆ رۆژی دواتر، لەسەر سكاڵای هێزەئەمنییەكان، به بڕیاری دادوەر دەستگیركرا و دواتر به كه‌فاله‌ت ئازادكرا.
دوو رۆژ پێشتر و له 24ی ئادار، رۆژنامه‌نوس هێمن مامه‌ند له هه‌ولێر به‌هۆی نوسینی بۆچونێكه‌وه له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له قه‌یسبوك ده‌ستگیركراو و سه‌رباری فشاری هاوپیشه‌كانی، تا ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه (30ی ئادار) له زینداندایه.
مامه‌ند ناڕازییه له درێژكردنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌هۆی كۆرۆناوه له كاتێكدایه خه‌ڵكێكی زۆر ناتوانن كاسبی بكه‌ن و بژێوییان نییه.
به‌پێی یاسای كاری رۆژنامەوانی له هه‌رێمی كوردستان، هیچ رۆژنامه‌نوسێك به‌هۆی پیشه‌كه‌یه‌وه ده‌ستگیرناكرێت و بۆ هه‌ر داوایه‌كی یاساییش پێویسته پێشتر سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان ئاگاداربكرێنه‌وه.
به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی هه‌رێمی كوردستان، له سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی هێمن مامه‌ند، ئاماژه‌یان به‌وه‌دا هێزێكی چه‌كدار چونه‌ته سه‌ر ماڵی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه بێ ئه‌وه‌ی پێشتر سه‌ندیكا ئاگاداربكه‌نه‌وه.
له چه‌ندین پارێزگای دیكه‌ی عیراق، له نێویاندا كه‌ركوك و ناوچه‌كانی جێناكۆك، له قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا رێگریی هه‌بووه له كاری میدیایی و راگه‌یه‌ندكار له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كان، هه‌رچه‌نده به‌بڕیاری لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی و شانه‌ی قه‌یران له هه‌ر پارێزگایه‌ك رۆژنامه‌نوسیان ده‌توانن درێژه به كاری خۆیان بده‌ن به‌بێ رێگری و به‌ربه‌ست.
به‌پێی راپۆرتێكی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) کە بارەگاکەی لە نیو یۆرکە و لە 24ی ئاداردا بڵاویكرده‌وه، رۆژنامه‌نوس عه‌دنان ره‌شیدی، له قه‌زای پێنجوێن-ی پارێزگای سلێمانی، 17ی ئادار له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداره‌وه له‌ناوی هێزه ئه‌منییه‌كان هێرشیكراوه‌ته‌سه‌ر و دوای ئازاردانی زۆر، ته‌واوی كه‌لوپه‌له رۆژنامه‌وانییه‌كانی ده‌ستیانبه‌سه‌ردا گیراوه، هه‌ڕه‌شه له خێزانه‌كه‌یشی كراوه.
دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی ره‌شیدی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و ده‌ڵێت دوو تۆمه‌تبار هێرشه‌كه ده‌ستگیركراون، دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانی رۆژنامه‌نوسه‌كه، روبه‌ڕوی دادگا كراونه‌ته‌وه.
باڵیۆزخانه‌ی هۆڵه‌ندا له‌سه‌ر روداوه‌كانی تری توندوتیژی، باسی له كوژرانی هه‌ریه‌ك ئەحمەد عەبدولسەمەد په‌یامنێر و سەفا غالی كامێرامانی كه‌ناڵی دیجله‌ی كردووه له پارێزگای به‌سره، كه دوای گه‌ڕانه‌وه له خۆپیشاندانەکانی ئه‌و شاره‌دا لەلایه‌ن چەکدارێکەوە دراونه به‌ر ده‌سترێژی گولـله.
"عیراق دووبارە لە مەترسیدایە ببێتەوە بەو شوێنەی رۆژنامەنووسان لە ژیانی خۆیان بترسن"، هۆڵەندا ئاماژه‌ی به پرۆژه‌یه‌ك داوه به پشتگیری یونێسکۆ و ڕێکخراوی رۆژنامەوانی ئازادی بێ‌سنور (FPU) -كه‌ركوك ناو یه‌كێكه له هاوبه‌شه‌كانی- بۆ باشترکردنی پاراستنی رۆژنامەنوسان لە عيراقدا.
لەچوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا، یونیسکۆ و (FPU) سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پلانێکی نەتەوەیەکگرتووەکان دەكه‌ن بۆ سەلامەتی رۆژنامەنووسان، بە هەماهەنگی له‌گەڵ دەسەڵاتدارانی عیراق، نوێنەرانی میدیا، رێکخراوە تایبەتمه‌ندە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
پرۆژه‌كه پشتگیری کۆمیتەی نەتەوەیی بۆ سەلامەتی رۆژنامەنووسانی کردووە کە به بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران له 2016دا پێكهێنراوه، ئه‌ویش یەکەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەته بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان.
له پله‌به‌ندی ئازادیی رۆژنامه‌وانی بۆ ساڵی 2019، عیراق به هه‌رێمی كوردستانه‌وه له بارودۆخی سه‌ختدایه، به‌پێی رێكخراوی رۆژنامه‌نوسانی بێ‌سنور.
لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا، هۆڵەندا و یونێسکۆ "کۆنفراسی جیهانی ئازادیی رۆژنامەوانی" سازدەکەن كه دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ رۆژنامەنوسان، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەرکردەی وڵاتان، ئەکادیمیەکان و میوانان بۆ باسکردنی ئەو تەحەدییانەی روبەڕوی میدیای ئازاد و سەلامەتی رۆژنامەنووسان دەبێتەوە، بەمەبەستی دۆزینەوەی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان؛ کۆنفرانسەکەی ئەمساڵ بڕیاره بەناونیشانی "رۆژنامه‌وانی بێ‌ترس و بەرژەوەندی" بەڕێوەبچێت.