پۆلیسی ناحیەی شیلادزێ رۆژنامەنوس ئەحمەد محەمەد دەستبەسەر دەكات كە وەكو پەیامنێر لە دیجیتاڵ میدیای 7 رۆژ كاردەكات و دادوەر بڕیاریداوە تا یەكشەممەی داهاتوو بیهێڵێتەوە. بەر لە دەستبەسەركردنیشی لە نامەیەكدا هۆشداری پێدراوە بەوەی لەو بابەتەی بڵاویكردۆتەوە پاشگەزبێتەوە.
ئەحمەد محەمەد چوارشەممە 26ی حوزەیران، لەلایەن بنكەی پۆلیسی ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی دەستبەسەركرا، دوای ئەوەی بانگهێشتی بنكەكە كرا.
سوهەیب ئەحمەد، بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی دیجیتاڵ میدیای 7 رۆژ، بە (كەركوك ناو)ی وت "پولیسی ناحیەی شیلادزێ پەیوەندییان بە ئەحمەد محەمەد (ئەحمەد شامكی)یەوە کردووە بۆ ئەوەی ئامادەبێت لە بنکەی پولیس، لەکاتی بەدەمەوەچونی داواکەی پۆلیسدا، راستەوخۆ دەستبەسەریان كردووە".
"تا دەستبەسەركردنی پێی نەوتراوە كە فەرمانی دەستگیركردنت لەلایەن دادوەرەوە هەیە"، سوهەیب زیاتر وتی "هەوڵماندا بە کەفالەت ئازادی بكەین تا یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکەی، بەڵام دادوەر پێداگربووە لەوەی دەبێت تا یەكشەممە 30ی حوزەیران بمێنێتەوە".
دادوەر پێداگربووە لەوەی دەبێت تا یەكشەممە 30ی حوزەیران بمێنێتەوە
ئەحمەد محەمەد كە بە ئەحمەد شامکی ناسراوە، ماوەی سێ ساڵە وەكو پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای 7 رۆژ كاردەكات، ئەو دەزگایە نوسینگەی سەرەكی لە شاری سلێمانییە.
سوهەیب ئەحمەد وتی "دەستگیرکردنی پەیامنێرەکەمان پەیوەندی بە ئاشکراکردنی دۆسییەیەکی گەندەڵی-یەوە هەیە لە فرۆشتنی پارچەیەک لە شەقامێکی گشتی ناحیەکە".
بابەتە رۆژنامەوانییەكە، بریتییە لە ڤیدیۆیەك كە تیایدا كەسێكی ناحییەكە لێدوان دەدات و لە ناونیشانی ڤیدیۆكەدا كە لە پەیجی فەرمی 7 رۆژ بڵاوكراوەتەوە و نوسراوە "شیلادزێ ــ شەقامێکی سەرەکی کە موڵکی حکومەتە بە 2500 دۆلار (25وەرەقە) فرۆشراوە"، ئەو ڤیدیۆیە مانگی رابردوو بڵاوكراوەتەوە.
بەپێی وتەی لێپرسراوانی ئەو دەزگایە، سەرۆکی شارەوانی شیلادزێ سکاڵای لەسەر ئەحمەد محەمەد تۆمارکردووە ئەوەش بە "تۆمەتی ناوزڕاندن".
دوو رۆژە پەیامنێری (كەركوك ناو) لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی شیلادزێ بكات، بەڵام وەڵامی هیچ لە پەیوەندییەكانی نەدایەوە. لانیكەم پێنج جار و لە پێنج كاتی جیاوازدا پەیوەندی پێوەكرا.
بەپێی نوسراوێكی هۆشداریی بەشی یاسایی شارەوانیی شیلادزێ، كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە و لە 13 حوزەیران بۆ ئەحمەد شامكی نێردراوە، تیایدا داوادەكات ناوبراو لەو بابەتە پاشگەزبێتەوە كە بڵاویكردۆتەوە و هاتووە "تەشهیر و ناوزڕاندنت بە شارەوانی کردووە". هەروەها جەختدەكاتەوە لەوەی "ئەو بابەتە راست نییە".
"بەپێچەوانەوە ناچارین رێکاریی یاساییت بەرامبەر بگرینەبەر"، لە نامەی هۆشدارییەكەدا هاتووە.
بەپێێ زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، ئەحمەد شامكی لەو بابەتە پاشگەزنەبۆتەوە و سور بووە لەسەر راستی و دروستی بابەتەكە، ئەوەش بەپشتبەستن بە سەرچاوەكانی.
بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن، مافی ئامادەبونیان هەیە لە هەموو كۆنگرە و كۆبونەوەیەكی گشتیدا بۆ كاری پیشەیی و روماڵكردنی روداوەكان.
لە هیچ بڕگەیەكی یاسای رۆژنامەگەریدا رێگە بە دەستگیركردنی رۆژنامەنوس نەدراوە، هەروەها هاتووە كە نابێت لێكۆڵێنەوە لە رۆژنامەنوس بكرێت تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت، لەكاتی گرتنەبەری رێكاری یاساییشدا ئەگەر پەیوەندی بە پیشەكەیەوە هەبوو پێویستە سەندیكای رۆژنامەنوسان ئاگاربكرێتەوە.
سوهەیب وتی "پەیوەندیمان بە لقی دهۆکی سەندیکای رۆژنامەنوسانی كوردستانەوە كرد و ئەوان ئامادەیی هەموو هاوكارییەك بون، سەنتەری میترۆ و لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانیشمان ئاگادارکردەوە... داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زوترین کات پەیامنێرەکەمان ئازاد بکەن، چونکە ئەو جگە لە کاری رۆژنامەوانی هیچ شتێکی تر نەکردووە".
ڤیان عەباس، سەرۆكی لقی دهۆكی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەحمەد شامكی، ئەندامی لقەكەمان نییە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا ئەگەر لەسەر بابەتێكی رۆژنامەوانی دەستگیركرابێت ئەوا لەڕێی پارێزەرەكەمانەوە بەدواداچونی بۆ دەكەین تاوەكو بزانین دۆسییەكەی چییە و ئامادەی هەموو هاكارییەكین".