گەنجێك لە شاری هەڵەبجە لەسەر نوسینی كۆمێنتێك دژی لیژنەكانی قایمقامیەتی هەڵەبجە چوار رۆژ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كرا، دوای ئەوەی ئەو لیژنەیە سكاڵای لە دژ تۆماركردن بە تۆمەتی "ناوزڕاندن".
بڕیار کەمال محەمەد (25ساڵ)، چوارشەممە 26ی حوەزیران لەلایەن پۆلیسی هەڵەبجەوە دەستبەسەركرا، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) ئەمڕۆ یەكشەممە 30ی حوزەیران سكاڵاكە كشێنراوەتەوە و داواكراوە گەنجەكە ئازادبكرێت.
روداوەكە چۆن بووە؟
بەپێی رونكردنەوەیەكی قایمقامیەتی هەڵەبجە، لە 18ی حوزەیران كە سێیەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، لیژنەكەیان لە ناو شار دوو نانەواخانەیان بە غەرامەكردن سزاداوە، ئەوەش بەهۆی گرانكردنی نرخی نان، ئەو سزادانەش بە چوار وێنە لە پەیجی فەرمی قایمقامیەتی هەڵەبجە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە.
"بڕیار کەمال بە کۆمێنت لە چەندین پەیج تەشهیر و ناوزڕاندنی بە لیژنەكە كردووە، لیژنەکەمان بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانی كە لای پۆلیس سكاڵا تۆمار بكات و ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە"، بەپێی رونكردنەوەكەی قایمقامیەت.
لە یەكێك لە كۆمێنتەكانی-دا بڕیار كەمال، دەنوسێت "ناتوانن بۆ هیچ قسەبكەن، بۆ نانەوا نەبێت، دوو رۆژ نانەوا دابخرێت قایمقام و لیژنەكەی دەبێت بڕۆن لە شارێكی تر نان بكڕن، چونكە تائێستا نانیان نەكردووە، هەقە خۆیان بهێنین نانیان پێبكەیت، بزانی وەزعیان چۆنە و پێیان رابوێریت".
كەسێكی تر ریپلای كۆمێنتەكەی بڕیار كەمال دەكات و دەنوسێت "كەسابەتی حەڵال لە قورگێ شێردایە"، لەوەڵامدا بڕیار كەمال وەڵامی دەداتەوە و نوسیویەتی "چڵكاو خۆرەكان رۆیشتون، قسەیان كردووە، لە ماڵەوە قسەیان نایخوات"، زیاتر دەنوسێت "بەس بۆ نانەوا دەتوانن لیژنە دەربكەن، لیژنە بە حساب بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕ دانراوە، بەس هی هەڵەبجە بۆ وێنەگرتن دانراوە".
(كەركوك ناو) نەیتوانی پشتڕاستی ئەوە بكاتەوە ئایا بڕیار كەمال خاوەنی ئەو نانەواخانەیەیە كە سزادراوە یاخود نا، هاوكات لیژنەكانی قایمقامیەتی هەڵەبجەش ئاماژەیان بەوە نەداوە كە ئەو نانەواخانەیە بڕیار خاوەندارێتی بكات.
دڵنیا فاروق، سەررۆكی لیژنەكانی قایمقامیەتیی هەڵەبجە وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە، هەروەك وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجەش بەهەمان شێوە.
بەگوێرەی یاسای خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی كوردستان، تانە، ناوزڕاندن و بوختانپێكردن لەڕێگەی ئامێرەكانی گەیاندنی وەك (فەیسبوك و مۆبایل و ...هیتر) بە تاوان هەژماردەكرێن و بكەرانی ئەم تاوانە دوچاری سزای توند دەبنەوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، لە راگەیەنراوێكدا لەسەر ئەو كەیسە پێیوایە "ئەم جۆرە لە توندکردنی سزا لەسەر دەربڕین و گرتن لە رۆژانی کۆتایی دەوام ئاماژەنمایەکی خراپ و مەترسییە لەسەر ئازادی"، هەروەها داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو گەنجە و داخستنی دۆسیەکەی دەکات چونکە "زیندانیکردن لەسەر کۆمێنت مایەی نیگەرانی و پێشینەیەکی خراپە".
یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان بەركارە و لە ماددەی(2)ی یاساكەدا هاتووە "هەر كەسێك ئەگەر بەخراپی تەلەفۆن یان مۆبایل یان هەر ئامێرێكی پەیوەندیكردنی تەلدار یان بێ تەل یاخود ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلكترۆنی بۆ مەبەستی هەرەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو یان كارێك كە شەرەف بریندار بكات... ئەگەر بەهۆی بڵاوكردنەوەیان و دابەشكردنیان سوكایەتی یاخود زیانیان پێ بگات ئەوا بۆ ماوەیەك بەند(حبس) دەكرێت كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەكیش سزا دەدرێت كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت ...".
لە حوزەیرانی 2021دا هەر لە هەڵەبجە، ناسیح عهبدولڕەحیم كە زیاتر لە 10 ساڵە وەكو رەخنەگر و رۆژنامەوانی فریلانس كاری دەكرد، بەهۆی بڵاوكردنەوەی پۆستێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە شەش مانگ سزادرا، دوای ئەوەی لەلایەن سێ كارمەندی تەندروستی هەڵەبجەوە سكاڵای لەسەر تۆماركرا، ئەوەش بەهۆی بڵاوكردنەوەی فەرمانێكی تەندروستی هەڵەبجە كە تیایدا سزادانی سێ كارمەندەی تیابوو.