نۆ رێنمایی بۆ ئەو رۆژنامەنوسانەی روماڵی كەیسەكانی خۆكوژی دەكەن

فۆتۆ: Alejandro Escamilla، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 5ی ئایاری 2020

كەركوك ناو

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) جەختدەكاتەوە لەوەی روماڵی "بەشێكی زۆری" میدیاكان بۆ كەیسەكانی خۆدكوژی خزمەت بە پرسی رێگریكردن لە توندونیژی و بیری خودئازاردان ناكات، بە پێچەوانەوە "سنورەكانی ئیتیكی رۆژنامەوانی و پاراستنی شكۆی مرۆڤ و كلتوری كۆمەڵایەتی پێشێلكردووە".

ئەو بۆچونەی سەنتەرەكە لە راگەیەنراوێكدا هاتووە كە لە 24ی تشرینی دووەمی 2024 بڵاوكراوەتەوە، ئەوەش پاش رودانی چەند حاڵەتێكی مردن بە خۆكوژی هات لە ماوەی دوو هەفتەی رابردودا لە هەرێمی كوردستان و سەنتەرەكە دەڵێت "میدیاكان روماڵی نەرێنی-یان كردووە".

DHRD بە پشتبەستن بە رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) داوا لە رۆژنامەنوسان دەكات كە رچاوی چەند خاڵێك بكەن لەكاتی روماڵكردنی مردن بە خۆكوژی، لەبەرئەوەی "بەگوێرەی لێكۆڵینەوە زانستییەكان میدیا و راگەیاندن رۆڵێكی كاریگەر دەبینن لە رێگریكردن و پاراستن لە بیری خۆكوژی".

هەروەها هاتوە "بە دیوێكی تریشدا ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هەواڵانە نەكرێت ئەوا دەبێتەهۆی چاولێكردن و بڵاوبونەوەی بیری خودئازاردان و خۆكوژی".

پێویستە میدیاكاران دوربكەونەوە لەم خاڵانەی لای خوارەوە:

  1. دانەڕشتنی مانشێتی هەواڵەكان بە زمانێكی كارتێكەری وروژێنەر.
  2. دوركەوتنەوە لە وەسفكردن و باسكردنی وردەكاریی رێگا بەكارهاتوەكان بۆ كردەوەی خۆئازاردان و خۆكوژی.
  3. پێویستە لەكاتی روماڵكردنی ئەم هەواڵانەدا ئاماژە بە شوێن و جێگای خۆكوژییەكە نەكرێت.
  4. بەهیچ جۆرێك باس لە وردەكارییەكانی یاداشت و نامە و پەیامەكانی كەسی قوربانی نەكرێت بە نمونە كۆتا پۆستی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دواین نامە و پەیوەندی تەلەفۆنی.
  5. دوركەوتنەوە لە ناوهێنان و وەسفكردنی كەسایەتی و وێناكردنی قوربانییەكە.
  6. ناكرێت هۆكار و پاڵنەری سادە و سانا باسبكرێت و بڵاوبكرێتەوە وەك هۆكارێك بۆ كردەوەی خۆكوژی تاوەكو هەواڵەكە نەبێتە بەهانە و هاندانن بۆ كەسانی هاوشێوە.
  7. دوركەوتنەوە لە بەكارهێنانی وێنە و تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی كەسی قوربانی، چونكە توێژینەوەكان دەریانخستووە كە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانەی كە پەیوەندیدارن بە كرداری خۆكوژی دەكرێت دوبارە لە ئاوەز و هزری كەسانی هاوشێوە دوبارە و چالاك ببنەوە.
  8. ناكرێت خۆكوژی وێنابكرێت، وەك كردەوەیەكی ئاسایی و سروشتی و بەرگێكی سۆزداری بەبەردا بكرێت لەكاتی روماڵكردنی هەواڵەكەدا، یاخود وا نیشانبدرێت كە كردەوەكە تاكە چارەسەرە بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەكان.
  9. دوركەوتنەوە لە زیادەڕەویكردن لە وێناكردنی كێشەی مردن بە خۆكوژی وەك ئەوەی بوبێت بە (دیاردە، پەتا، رێژەی زۆر ...) ناوزەند بكرێت.

سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ هەروەها رێنمایی رۆژنامەنوسان دەكات زیاتر رێگاكانی خۆپارێزی باسبكەن، بە نمونە رونكردنەوەی چارەسەركردنی كێشە دەرونی و كۆمەڵایەتییەكان بە رێگەی زانستی و خستنەڕوی رێگەی زانستی بۆ زاڵبون بەسەر كێشە و ئاڵنگارییەكان، "پێویستە رایی كەسانی پسپۆڕ لەم بوارەدا وەربگیرێت".

هەروەها لە داواكاری گشتی و وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیكای رۆژنامەنوسان دەكات كاری جدی و پێویست ئەنجام بدەن بۆ رێگرییكردن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی لەم شێوازە و گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژی هەر رۆژنامەنوس و دام و دەزگایەكی میدیایی كە بەو شێوازە كاردەكات.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT