هێزە ئەمنییەكانی هەولێر، شەپۆلێكی پێشێلكارییان دژ بە رۆژنامەنوسان و كەناڵەكانی راگەیاندن، ئەنجامدا، لەكاتی روماڵكردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سنوری دێگەڵە (جنێو، بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ، هەڵكوتنانە سەر نوسینگەی كەناڵەكان و دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی( لە دیارترینیان بوو.
پێشێلكارییەكان كاتێك ئەنجامدران، كە مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی ویستیان بازگەی دێگەڵە ببڕن و بچنە هەولێرەوە بۆ گەیاندنی دەنگیان بە نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام لە بازگەكە رێگرییان لێكرا.
لەو نێوەندەدا رێگریی لە دەیان رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن كرا روماڵی تەواوەتی بكەن، تیمە رۆژنامەوانییەكانیان روبەڕوی پێشێلكاریی بونەوە.
نەبەز رەشاد، پەیامنێری دەزگای بوارنیوز، كە یەكێك بوو لەو رۆژنامەنوسانەی لە هەولێر هاتبووە بازگەكە بۆ روماڵكردن، وتی "كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان بەهەموو شێوەیەك رێگرییان دەكرد روماڵ بكەین، جنێویان دەدا، دواتر گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێنا بۆ بڵاوەپێكردنی ئێمە و خۆپیشاندەران".
"گازەكە وایكرد دۆخی تەندروستی من و كامێرامانەكەم تێكبچێت، نەمانتوانی بەردەوامبین لە روماڵكردن، وێنەگرەكەم بەو هۆیەوە تەندروستی تێكچوو و كەوتە سەر زەوی... دواتر هەوڵیاندا دەست بەسەر كەلوپەلەكانماندا بگرن لەوكاتەی راستەوخۆمان هەبوو، بە ناچاریی رامانكرد"، نەبەز زیاتر وتی "چونكە لەبەر چاوی ئێمە كەلوپەل و مۆبایلی چوار دەزگای راگەیاندن دەستیبەسەرداگیرا".
هەوڵیاندا دەست بەسەر كەلوپەلەكانماندا بگرن لەوكاتەی راستەوخۆمان هەبوو، بە ناچاریی رامانكرد
تیمەكەی بوارنیوز و ژمارەیەك رۆژنامەنوسی تری هەولێر، شەوی رابردوو رێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە هەولێر، بەناچاریی لە سلێمانی مانەوە.
شههێن وههاب، پهیامنێری دەزگای خهندان و وێنەگرەكەی گهرمیان عومهر، دوو لەو رۆژنامەنوسانە بون كە پێشێلكارییان بەرامبەركرا، لەوانە رێگریی لە روماڵكردن و دواتر دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و مۆبایلی كەسی.
شەهێن وەهاب، وتی "لەوکاتەی هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان رشت، ئێمە لە ناوەڕاستی خۆپیشاندەران بوین، كاریگەریی بۆ سەر ئێمەش هەبوو".
هەروەها وتی "تەنانەت مۆبایلی خۆم و وێنەگرەكەمیان برد، جگە لە كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكان... هەوڵی زۆرماندا پێمانبدەنەوە، بەڵام سودی نەبوو".
لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان، هێزێك كە خۆیان بە ئاسایشی هەولێر ناوبردووە، بە جلوبەرگی مەدەنی و بە ئۆتۆمۆبێلی بێژمارەوە چونەسەر نوسینگەی كەناڵی كەی ئێن ئێن لە هەولێر كە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانە و یەكێكە لەو هێزانەی بەشدارە لە حكومەت.
دامەزراوەی میدیایی گۆڕان لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، "دوای ئەوەی دەستیانگرتووە بەسەر كامێرا و مۆبایلی كارمەندەكانمان، سویچ و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەكانیان لێوەرگرتوون و بەشێك لە وێنە و ڤیدیۆی تۆماركراوی ناو مۆبایلەكانیان سڕیوەتەوە، دواتر هێزە نەناسراوەكە نوسینگەكەیان بەجێهێشتووە".
هەروەها كەناڵی ئاسمانی پەیام، كە كۆمەڵی دادگەریی خاوەندارێتی دەكات، جەختیكردەوە لەوەی تەشویش خراوەتە سەر كەناڵەكە و لەگەڵئەوەشدا تێمێكیان كە لە پەیامنێرێك و وێنوگرەكەی پێكهاتووە لەكاتی روماڵدا تەندروستیان تێكچووە، ئەوەش بەهۆی كاریگەریی گازی فرمێسكڕێژ.
تیمێكی دەزگای میدیای پۆلەتیك پرێس كە لە پەیامنێرێك و وێنەگرەكەی پێكهاتبون، لەكاتی پەخشی راستەوخۆدا لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە پەلاماردراون و دەستبەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی تیمەكەیاندا گیراوە.
هێزە ئەمنییەكانی بازگەی دێگەڵە، شەوی رابردوو رێگەیان نەدا، ژمارەیەك رۆژنامەنوسانی هەولێر بگەڕێنەوە ناو كەسوكاریان، لەوانە نەبەز رەشاد و وێنەگرەكەی لە دەزگای بوارنیوز.
كەناڵی ئاسمانی سپێدە، كە یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان خاوەندارێتی دەكات و نوسینگەی سەرەكی لە هەولێرە، بڵاویكردەوە كە پەیامنێرێكیان (ماجح جەمال) بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە تەندروستی تێكچووە و نەیتوانیوە روماڵ بكات.
بەپێی هەردوو یاسای مافەكانی رۆژنامەنوسان لە عیراق و یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، رۆژنامەنوسان ئازادن لە كاركردن.
بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007دا دەركراوە، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەیدا و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا. لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەدا هاتووە "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".
هەر بەپێی یاسا بەركارەكان، رۆژنامەنوسان دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن دژ بەو كەس و لایەنانەی پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت.