نزیكەی 30 كەس دەستگیركران
لە رەشبگیرییەكەی سلێمانیدا هەریەكەو باجێك دەدات

ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 21ی ئەیلولی 2023

كەركوك ناو

هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردن و پێشێلكارییان دژ بە رۆژنامەنوسان، چالاكانی سیاسی و حزبی، مامۆستایان و فەرمانبەران و پەرلەمانتاران دەستپێكردووە، دوابەدوای هەوڵی خۆپیشاندان لە شارەكە و لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی حوزەیران.

ئەو هەڵمەتە كە دوو رۆژە دەستپێكردووە و ئەمڕۆ فراوانتر بوو، هاوتەریب بوو لەگەڵ بڵاوپێكردنی هێز لە شەقامە سەرەكییەكانی ناو شار و  ئەو شوێنانەی گوماندەكرا لێیەوە خۆپیشاندانەكە دەستپێبكات.

ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە مامۆستایان و فەرمانبەرانی حكومی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی حوزەیرانیان دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، ئەوەش دژی پێنەدانی موچەكانیان، كە هێشتا موچەی مانگی ئایاری رابردویان وەرنەگرتووە، لەكاتێكدا نزیكدەبینەوە لە مانگی تەمموز.

دوابەدوای ئەو كۆنگرەیە، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە 24ی حوزەیران و لە راگەیەنراوێكدا داوایكرد ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكە دوابخرێت و لەمكاتەدا بە گونجاویان نەزانی، ئەوەش بەهۆی "ئەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت".

لیژنەی ئەمنی كە پارێزگاری سلێمانی سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ دەربڕینی پاڵشپتی خۆیان بۆ پێدانی موچە بە فەرمانبەران و مامۆستایان لەكاتی خۆیدا، جەختیكردەوە "دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتۆتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ"، داوایانكرد خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن.

دوابەدوای ئەو راگەیەنراوە، هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی درەنگانێكی شەوی 24ی حوزەیران هەڵمەتێكی رەشبگیری رێكخەرانی خۆپیشاندانەكانیان دەستپێكرد، كە زۆرینەیان مامۆستا بون، بۆ رۆژی داهاتوش ژمارەیەك فەرمانبەرو خانەنشین كە پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانەكان راگەیاندبوو دەستگیركرد.

هەڵمەتەكە دوابەدوای پشتیوانی و ئامادەیی دەربڕینی ژمارەیەك حزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم دێت بۆ بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكە، لە نێویاندا رەوتی هەڵوێست، بەرەی گەڵ و كۆمەڵی دادگەریی.

لاهور جەنگی، سەرۆك به‌ره‌ی‌ گه‌ل، لەكاتی پێشوازیكردنی لە دەستەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە 24ی حوزەیران، وتی "حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن كه‌ دۆخه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ قۆناغێك چیتر میلله‌ت به‌ هێمنی داوای مافی خۆی ناكات، به‌ڵكو خه‌ڵك كاردانه‌وه‌ی تری ده‌بێت به‌رامبه‌ر سه‌رانی ئه‌و حزبانه‌، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ش له‌ پێشی پێشه‌وه‌ ده‌بین بۆ گۆڕانكاریی سه‌رتاسه‌ریی".

رەوتی هەڵوێست كە خاوەنی چوار كورسی پەرلەمانین و بڕیاریاندا بەشێك بن لە خۆپیشاندانەكە، بەو هۆیەوە هێزە ئەمنییەكان لانیكەم 13 ئەندامی لێ دەستگیركردن، كە پێنجیان لەبەردەم بارەگای رەوتەكە بوون لە سلێمانی، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی رەوتەكە.

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی رەوتی هەڵوێست، چوارشەممە 25ی حوزەیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "بۆچی دۆخی ئەمنی لەبارە بۆ قاچاغچێتی، بەڵام بۆ خۆپیشاندان لەبار نییە..."، زیاتر وتی "یەكێتی مانگانە 50 ملیۆن دۆلار و پارتی 200 ملیۆن دۆلاریان لە نەوت دەستدەكەوێت و قبوڵی ناكەین موچە بە لێبڕینەوە دابەشبكرێت".

رەوتەكە لە راگەیەنراوەكەیاندا لەبارەی دەستگیركردنی ئەندامەكانیان جەختیكردۆتەوە لەوەی "هاوڕێیانی ئێمە ویستویانە بەشێوەیەکی مەدەنی داوای مافی خۆیان و سەرجەم موچەخۆرانی کوردستان بکەن"، لەگەڵئەوەشدا بەرپرسیاریەتی و سەلامەتی گیانی ئەندامەكانی خستە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی.

حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام حكومەتی فیدراڵ بە رەوانەنەكردنی موچەی فەرمانبەران تۆمەتبار دەكات، هیچ هەنگاوێكی كرداری نەماوە بۆ پرسی دابەشكردنی موچە لە دواین كۆبونەوەیان كە چوارشەممە 25ی حوزەیران بەڕێوەچوو، تەنیا جەختیانكردەوە لەوەی پێداچونەوە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان دەكەنەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تەنیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ "خۆڕاگری  و پشوودرێژی" موچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیان و جارێكی تر حكومەتی عیراقی تۆمەتباركرد بە نەناردنی شایستە داراییەکان.

ئەوەش لەكاتێكدایە حكومەتی عیراق نزیكەی مانگێكە گفتوگۆكانی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی هەرێم راگرتووە، چونكە دەڵێت هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی داهاتی ناوخۆ، كە یەكێكە لە مەرجەكانی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی حوزەیران كە ئەو وادەیە بوو بۆ خۆپیشاندان دانرابوو، هێزە ئەمنییەكان و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە شەقامەكانی سلێمانی بڵاوەیانپێكرا، هەروەك هەڵمەتی دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان و لێسەندنی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان دەستپێكرد.

كەناڵی ئاسمانی زووم كە خاوەندارێتی بۆ بەرەی گەل – بە سەرۆكایەتی لاهور جەنگی- دەگەڕێتەوە، بڵاویكردەوە كە دوو تیمیان دەستگیركراون كاتێك ویستویانە روماڵی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بكەن.

بڕیاربوو خۆپیشاندانەكان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە بەڕێوەبچێت.

كەناڵی ئاسمانی پەیام – سەر بە كۆمەڵی دادگەریی - بڵاویانكردەوە كە تیمێكیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران، لەگەڵ تێمێكی رۆژنامەوانیی رەوتی هەڵوێست، هاوكات چوار كارمەندی تیمی كەناڵی ئاسمانی سپێدە، دوو رۆژنامەنوسی  دەزگای مۆراڵ و كچە رۆژنامەنوسێكی دەزگای دیپلۆماتێك، چەند رۆژنامەنوسێكی فریلانس.

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە "ژمارەیەک میدیاکار دەستگیرکران، پاش سۆراخ و داواکاریمان بۆ ئازادکردنیان، کەمێک لەمەوبەر بڕیاردرا کە پاش  خوانی نیوەڕۆ ئازاد دەکرێن".

ئەو پێشێلكارییە دژ بە رۆژنامەنوسان لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007دا دەركراوە، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەیدا و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا. لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەدا هاتووە "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

هەر ئەمڕۆ  پێنجشەممە هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتایە سەر بارەگای رەوتی هەڵوێست و عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتەكە و دوو سەركردەی تری رەوتەكەیان دەستگیركرد.

سەردار قادر، سەركردەیەكی رەوتی هەڵوێست لە راگەیەنراوێكدا دەستگیركردنی ئەو سێ سەكردەیەی رەوتەكەی پشتڕاستكردەوە و جەختیكردەوە "لە وڵاتێكداین کە بڕیاردەری هیزێکی سیاسی کە فراکسیۆنی پەرلەمانی هەبێت چۆن دەبێت زیندانی بکرێت".

تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەگشتی نزیكەی 30 كەس لە رۆژنامەنوسان، مامۆستایان، سیاسی و كەسایەتی حزبی، پەرلەمانتار دەستگیركراون.

ئەم ناڕەزاییانە درێژكردنەوەی ناڕەزاییەكانی چەند ساڵی پێشووە، رەگەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، چونكە لەوكاتەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە بەپێی پێویست و لەكاتی خۆیدا موچە دابەشبكات.

لەو ماوەیەدا حكومەت 18 موچەی فەرمانبەرانی نەداوە، 44 موچەشی بە پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتكردن و لێبڕینی بەشێكی موچەكە دابەشكردووە (چارەكێكی موچەكە یان لەسەدا 21ی لێ بڕیون).

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT