داتاكەی سەندیكا یان داتاكەی میترۆ؟
لە 2025دا بە هەمان ئاراستە توندوتیژی بەرمبەر بە رۆژنامەنوسان بەردەوامبووە

هەولێر/ 9ی شوباتی 2025/ وێنەگری دامەزراوەی بوارنیوز لەژێر كاریگەری گازی فرمێسكڕێژ لەهۆش خۆی چووە. فۆتۆ: بوارنیوز

كەركوك ناو

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە ساڵی 2025دا تەنیا 46 پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە، ئامارەكە زۆر كەمترە لە راپۆرتی سەنتەری میترۆ كە دوو رۆژ پێشتر وتی "315 پێشێلكاریی بووە".

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، دووشەممە 19ی كانونی دووەم، راپۆرتی پێشێلكارییەكانی ساڵی رابردوی بڵاوكردەوە، بەپێی راپۆرتەكە تەنیا 46 پێشێلكاریی بەرامبەر لە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانیان تۆماركراوە، كە رێگەنەدان بە روماڵ و جیاكاریی بە  18 حاڵەت زۆرترین بووە، دوای ئەوە راگرتن و دەستگیركردن كە هەشت حاڵەت بووە.

راپۆرتەكە لەلایەن بۆردی داكۆكی له‌ ئازادی ‌و مافی رۆژنامه‌نوسان سەر بە سەندیكاكە ئامادەكراوە، تیایدا جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی لە ساڵی رابردودا تەنیا یەك حاڵەتی تەقەكردن و برینداركردنی رۆژنامەنوسان و حاڵەتێكی داخستنی دەزگای راگەیاندن تۆماركراوە و هاتووە "ململانێی سیاسی نێوان حزبەكان كاریگەریی هەبووە لەسەر بەرزبونەوەی رێژەی توندوتیژی دژ بە رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان".

لە 2ی ئەیلولی 2025دا لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلە، هێمن مامەند پێشکەشکاری کەناڵی ئاسمانی ستێرک تیڤی بریندار کرا، دوای ئەوەی دوو کەس کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبوو لە گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی تەقەیان لێکرد و هەڵاتن.

هاوكات لە 22ی ئاب، هێزێكی ئەمنی لە سلێمانی بە چەك و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیانكوتایە سەر كەناڵی ئاسمانیی زووم و پەخشەكەیان راگرت و 200 كارمەندی كەناڵەكە بەهۆیەوە بێكاربون.

heminmamand
هێمن مامەند، لە 2ی ئەیلولی 2025 لە گەڕەكی عەقاری سلێمانی تەقەی لێكرا

لە راگەیەنراوێكدا ئازاد حه‌مه‌ده‌مین، نه‌قیبی سەندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، دووشەممە 19ی كانونی دووەمی 2026، جەختیكردەوە لەوەی له‌كاتی كارابونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، چه‌ند یاسایه‌ك پێویسته‌ هه‌موار بكرێنه‌وه ‌و هه‌ندێك بڕیاریش ده‌ربچێت كه‌ خزمه‌تی پیشه‌ی رۆژنامه‌نوسی و ئازادی میدیا له‌كوردستان بكات.

وتیشی "رۆژنامه‌نوسان مافی خۆیانه‌ كه‌ حكومه‌ت وه‌ك هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ‌و پیشه‌یه‌كی دیكه‌، پارچه‌ زه‌وی نیشته‌جێبونیان پێبدات".  

تۆماركردنی 46 پێشێلكاریی لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنوسانەوە، لەكاتێكدا دوو رۆژ پێشتر سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان،  بڵاویكردەوە كە ساڵی رابردوو 315 پێشێلكاریی بەرامبەر بە 252 رۆژنامەنوسی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە.

بەپێی ئامارەكەی سەنتەری میترۆ رێگریی و جیاكاریی بە 120 حاڵەت، زۆرترین حاڵەتی پێشێلكاریی بووە. دوای ئەوە لێدان، هێرش و هەڕەشە و سوكایەتی بە 74 حاڵەت.

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT