لە ژینگەوە

ژنان لە مەیدانی پاراستنی ژینگەدا پێشەنگی هەڵدەبژێرن

  • 2024-09-11
ژنان لە مەیدانی پاراستنی ژینگەدا پێشەنگی هەڵدەبژێرن
شیلان ئەحمەد، سەرۆكی رێكخراوی شەماڵی كوردستان.
سومەیە ساڵح*

"هەموو جێگەیەك وەكو ماڵی خۆم دەبینم، پاشماوەکان کۆدەکەمەوە، دەمەوێت خزمەتی ژینگە بكەم"، شیلان ئەحمەد بە دەستەكانی ئەو پاشماوانەی كۆدەكردەوە كە گەشتیاران لە پاركی ئازادی سلێمانی لە دوای خۆیان بەجێیانهێشتبوو.

"ئەمە لە چوارچێوەی چالاکییەکانمدا نییە، بەڵکو رۆتینی ژیانمە"، لەهەر شوێنێك بێت شیلان (42ساڵ)، بیرێكی لای پاكڕاگرتنی ژینگەو پاراستنی ژینگەیە، چ وەك ژیانی ئاسایی خۆی، یان لە چوارچێوەی كاری رێكخراوەكەیدا كە تایبەتە بە پرسی ژینگە.

شیلان، خانمێکی دانیشتوی شاری سلێمانییە، حەوت ساڵە وەكو سەرۆكی رێكخراوی (شەماڵی کوردستان) كار لە بواری پاراستنی ژینگەدا دەكات، هۆشیاریی ژینگەیی بڵاودەكاتەوە و هانی خەڵك دەدات بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان.

"ئامانجی رێكخراوەكەم خزمەتکردنی ژینگە و خاكی كوردستانە، ستافێكی شەش كەسیمان هەیە و چالاكیی ژینگەیی دەكەین...".

ژنان لە چەند ساڵی رابردودا ئامادەیی باشیان لە چالاكییە ژینگەییەكاندا هەیە و دەیانەوێت لەو رێیەوە خزمەت بكەن.

لە تەواوی هەرێمی كوردستان 260 رێكخراوی تایبەت بە پرسی ژینگە هەن لە نێویاندا 41 رێكخراویان ژنان سەرۆكایەتی دەكەن، ئەوەش بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێم. دەیان رێكخراوی ژینگەییش ژنان تیایدا رۆڵ و لێپرسراوێتیان هەیە.

بەشێكی تر لە ژنان لە دەرەوەی رێكخراوەكان، تەنیا خۆیان خزمەت بە ژینگە دەكەن و چالاكوانی ئەو بوارەن. شکۆفە محەمەد، چالاکێکی بواری ژینگەیە لە کەرکوک، ماوەی 19 ساڵە لەو بوارەدا كاردەكات.

چیرۆكی شکۆفە و ژینگە لە تەمەنێکی زۆر منداڵییەوە دەستیپێکردووە و وتی "كە منداڵبوم لەگەڵ باوکم دەڕۆشتمە باخەکەمان و خزمەتی گوڵ و دارەکانم دەکرد، لەوكاتەوە خۆشەویستی من بۆ ژینگە دەستیپێکرد، كە گەورە بوم،  بڕیارمدا هەر لەو بوارەدا خۆبەخشانە هۆشیاریی بڵاوبکەمەوە و هەوڵی سەوزکردنی شارەکەم بدەم".

sekanian (5)
كەركوك/ شكۆفە محەمەد لە ناوچەی سێكانیان پارێزگای كەركوك نەمام دەچێنێت فۆتۆ: ئەرشیفی شكۆفە

شكۆفە لە ساڵی 2010 - 2011 لە ناوچەی سێكانیان-ی دەروازەی كەركوكی دەوڵەمەند بە نەوت هەڵمەتێكی سەوزكردنی دەستپێكرد، ناوچەكە بەگشتی ژینگەكەی پیس بووە كە دەڕوانێت بەسەر رێگای هەولێردا.

هەڵمەتەكە بۆتە نمونەیەك بۆ هەموان و بە دیاریكراوی بۆ پیاوانی ئایینیی و رێكخراوە مەدەنییەكان و گروپە خۆبەخشەكان.

چالاكی ژینگەیی و رێكخراوەكانی ئەو بوارە تەمەنێكی درێژیان لە هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵام گۆڕانكارییە خێراكانی گۆڕانی ئاووهەوا پێویستی كاركردنی لەو بوارانە زیاتر كرد.

مێژوی دامەزراندنی یەکەم رێکخراوی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان بۆ 33 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، كاتێك لە 16ی تشرینی یەكەمی 1991 رێكخراوی كوردستانی سەوز، لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانەوە لە شاری سلێمانی دامەزرا.

رێکخراوەکە هێشتا بەردەوامە لە کارکردن، لەسەر دوو تەوەری سەرەکی؛ سەوزکردن و پارێزگاریکردن لە خاکی کوردستان و هۆشیارکردنەوەی تاک لە پاراستنی ژینگە.

رێکخراوەکەی شیلان ـیش لەسەر هەمان بنەما کاردەکات، لە ماوەی حەوت ساڵی تەمەنی رێكخراوەکەیدا، چەندین چالاکی ژینگەیی ئەنجامداوە، کە بەشی زۆریان هەڵمەتی پاککردنەوە و سەوزکردنی سلێمانیین.

"ئەو چالاکییانەم زۆر خۆشدەوێت کە تایبەتن بە سەوزکردنی ژینگە، چونکە سەوزبون واتا تەندروستبونی ژینگەی شارەکە".

شیلان لە یەكێك لە چالاكییەكانیاندا هەزار داربەڕوی لە چیای گۆیژە چاند. ئەوەش بە ئامانجی سەوزكردنی چیاكە.

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق لە ریزبەندی پێنجەمین ئەو وڵاتانەدایە كە كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاووهەواوە.

ساڵی رابردوو نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عیراق لە لوتكه‌ى گۆڕانی ئاووهەوا (COP28) لە دوبەی، بە (كەركوك ناو)ی وت "هه‌موو ساڵێك به‌رزترین پله‌ی گه‌رما له‌ عیراق تۆماردەكرێت، ئه‌وه‌ رونه‌ كه‌ عیراق زۆر كاریگه‌ره‌ به‌ گۆڕانكارییه‌كانی ئاووهەوا"، هەروەها وتی "بەرزبونەوەی پلەی گەرمای زەوی راستەوخۆ بۆتەهۆی تێكچونی كۆی سیستمی ژینگە، زەوی كەوتۆتە ژێر كاریگەریی چالاكییە مرۆییەكان، ئێمە دەستدرێژیمان كردۆتە سەر پێكهاتەی زەوی و كۆی سیستمەكە تێكچووە".

ئەو ژنانەی لە بوارەكەدا كاردەكەن دەڵێن هەستیان بە مەترسییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا و زیادبونی پیسبونی ژینگە كردووە، بۆیە لێبڕاوانە كاردەكەن بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی.

تەنیا لە هاوینی ئەمساڵدا شكۆفە 2000 درەختی لەنێو شاری كەركوكدا چاندووە، درختەكان دەستەی ژینگەی هەرێم پێیانبەخشیبوو.

"درەختەكان بەپێی گونجان و بەرگەگرتنیان لەگەڵ ژینگەی كەركوك هەڵمبژاردون، بەشێوەیەك بەرگەی بێئاوی و گەرمای زۆر دەگرن".

درەختەكان بەپێی گونجان و بەرگەگرتنیان لەگەڵ ژینگەی كەركوك هەڵمبژاردون

رێكخراوەكان و چالاكوانانی بواری ژینگە بەربەستەكانی بەردەمیان ئاسان نین، لەوانەش بەربەستی ماددی، یان هەندێكجار رێگریكردن و تێنەگەیشتنی لایەنی بەرامبەر لە كارەكانیان.

شیلان، وتی "شارەوانی سلێمانی وەک ئەوەی لەڕوی ماددییەوە هاوکارمان نییە، زۆرکات رێگریشە لە چالاکییەکانمان و بیانومان پێدەگرێت، ئەم گرفتە چەند جارێک لە چالاکییەکانماندا روبەڕومان بۆتەوە".

بەشێكی تر لە ژنان سەرقاڵی دوبارە بەكارهێنانەوەن ئەوەش لە پێناو پیسنەكردنی ژینگە، بۆ نمونە شكۆفە لەنێو ماڵەکەی خۆیدا سەتڵی ماست بۆ ئینجانەی گوڵ بەكاردەهێنێت.

لەسەر پرسی كاركردنی ژنان لە بواری ژینگەدا، شیلان ئەحمەد دەڵێت "تاوەكو هەمومان پێکەوە بڕیاری پاکڕاگرتنی ژینگە نەدەین، ناتوانین ببینە خاوەنی ژینگەیەکی تەندروست، ژنان لەم کارە گرنگە پێشەنگبن، چونکە ئەوان زیاتر لە ژینگە تێدەگەن".

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی "پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا" بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT