بەشێك لە درختەكانی عەلی نادر كە مامۆستایە و خەونێكی منداڵی هەبووە بۆ زیادکردنی سەوزایی، دوو مەتر بەرزبونەتەوە، ئەو دەستپێشخەرییە تاكەكەسییە لە ناحیەیەكدایە كە رێژەی سەوزایی كەمترە لە سەدا پێنج.
عەلی نادر، گەنجێكی نیشتەجێی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای كەلارە، دەیەوێت بە ئاوێكی كەم و تێچویەك كە لە توانایدا بێت، رێژەی سەوزایی لە دوو ناحیەی گەرمیان بەرزبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە دوو ساڵە ئەرکەکەی دەستپێكردووە و لانیكەم 1000 داری جۆری كەناری لەو ماوەیەدا چاندووە.
دەستپێشخەرییەكەی عەلی بەو شێوەیە: لە ماڵەكەی خۆی تۆوی داری كناری دەچێنێت، خزمەتیان دەكات و دەیانكات بە نەمام، دواتر لە هەردوو ناحیەی رزگاری و باوەنور دەیانڕوێنێت.
بەدیهێنانی خەونێكی منداڵی
عەلی دەڵێت حەزێكی لەرادەبەدەری بۆ درەخت و سەوزایی هەیە، "كاتێك منداڵ بوم و هاوینان هاتوچۆی بهردهوامی ئهو گوندهم دەكرد كە تیایدا لەدایكبوم، بیرم لەوە دەكردەوە چۆن ئەو ناوچەیە سەوز بكەم"، ئێستا كە گەورە بووە دەیەوێت خەونەكەی بەدیبهێنێت.
چەند ساڵێك لەمەوبەر كەوتە پرس و راگۆڕینەوە لەگەڵ هەندێك كەسی شارەزا بۆ دیاریكردنی جۆرێكی داری گونجاو کە لەگەڵ ژینگەی ناوچەكە بگونجێت. سەرەنجام داری جۆری كناری-یان بۆ پێشنیازكردووە.
ئەو كە خۆی وەرگێڕی زمانی ئینگلیزییە، دواتر هەندێك لێكۆڵینەوەی خوێندۆتەوە لەسەر داری كەناری، "بە تەواوی بۆم رونبۆوە كە باشترین جۆری دارە بۆ ژینگەی گەرمیان و بەرگەی بارودۆخە سەختەكان دەگرێت".
ناوچەی گەرمیان كە سێ قەزا لە خۆدەگرێت و سەر بە پارێزگای سلێمانییە، لە هاویندا گەرم و هەندێك كات خۆڵبارینە، لە زستانیشدا وشك و بارانبارین تیایدا كەمە.
عەبدولموتەلیب رەفعەت، شارەزای ژینگە و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان؛ دەڵێت دۆخی ژینگەی گەرمیان، ئەگەر سروشتی روباری سیروانی لێدەربکەین، ئەوەی تری "زۆر خراپە".
"سەوزایی كەمە، لەگەڵئەوەشدا پاراستن و گرنگیدان بە ژینگە نەبووە بە کلتور، تاکو ئێستا خەڵک لەبەر بەرژەوەندی خۆی ژینگە لەناودەبات، هۆشیاریی بۆ ئەو پرسە نییە"، عەبدولموتەلیب وایوت.
بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە، هەوای عیراق یەکێکە لە "هەرە پیسترینی" وڵاتانی جیهان.
پیسبونی ژینگە، بەپێی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2023دا نۆ هەزار و 911 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون و دەركەوتووە شێرپەنجەی سییەكان دووەم بەرزترین جۆری شێرپەنجەیە.
دەستپێشخەرییەكەی مامۆستا عەلی هاوكاتە لەگەڵ واقیعی كەمی سەوزایی لە ئیدارەی گەرمیان، بەپێی داتاكانی ساڵی 2023 لە كۆی 16 شارەوانی سەر بەو ئیدارەیە رێژەی سەوزایی تەنیا لەسەدا 5.7 بووە، ئەوەش كەمترە لە رێژەی ستانداردی جیهانی كە نابێت كەمتر بێت لەسەدا 30 بێت.
عەبدولموتەلیب وتی "رێژەی سەوزایی لە ناوەندی شاری كەلار دەگاتە لەسەدا 10، ناوچەكانی تر كەمترە لە سەدا حەوت"، بۆیە وتی "ئەم سەردەمە سەردەمى گۆڕانى ئاووهەواییە و کەمترین ئەرک لاى هەمومان ئەوەیە گرنگى بە روپۆشى روەکى بدەین بۆ روبەڕوبونەوەى ئەو گۆڕانكارییە، نابێت رواندنى دار بەکەم تەماشابکەین".
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، عیراق لە ریزبەندی پێنجەمین ئەو وڵاتانەدایە كە كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاوو هەواوە.
قەزای خانەقین هاوسنورە لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان، بە نزیكەیی یەك جۆرە ژینگە و ئاووهەوایان هەیە.
عەبدولموتەلیب وتی "یەکەم هەنگاوى خۆگونجاندن و کەمكردنەوەى ئاسەوارەکانى گۆڕانى ئاو و وهەوا بە ڕواندنى دار و درەخت دەستپێدەکات".
ئەیاد محەمەد، کە چالاكوانی ژینگەییە لە گەرمیان، وتی "لە گەرمیان کێشەی ژینگەیی زۆرە، بۆ نمونە نەبونی پشتێنەی سەوز لە باشورەوە بۆ ئەوەی رێگریی بکات لە شەپۆلی خۆڵبارین، سوتاندن و تێکدانی ژینگەی روباری سیروان کە کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینە... پڕۆژەکانی نیشتەجێبون زیانێکی زۆریان بە ژینگەی گەرمیان گەیاندووە، تەنانەت ئەو روبەرەی بەپێی یاسا دەبێت سەوز بکرێت جێبەجێی ناکەن".
هەنگاوێك بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەكان
عەلی نادر لە ساڵی 2022دا بیرۆكەكەی دەستپێكرد، بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەی دەچووە سەر روباری سیروان و جۆرێك گڵی تایبەتی دەهێنا كە لەو ناوچەیە پێی دەوترێت "دەهلە".
دواتر عهلاگهی تایبهت بە ناشتنی نەمامی دەكڕی و تۆوی داری كناری لە ماڵەكەیدا دەڕواند، تا دەبون بە نەمام خزمەتی دەكردن.
"كاتێك كاتی چاندنی نەمامەكان دەهات، پرسم بە شارەوانی رزگاری دەكرد بۆ ئەوەی شوێنێكم بۆ دیاری بكەن بۆ چاندنیان"، عەلی وتی "له ماوهی دوو ساڵی رابردودا لانیكەم 1000 دار كناری-م چاندووە".
"ئامانجی سهرهكیم لهم پڕۆژهیه لەپاڵ سەوزكردنی ژینگە، بڵاوكردنەوەی پەیامێكە بۆ گەنجان و منداڵان تا ژینگەدۆست بن، هیچ نهبێت نهبنه بهشێك له سهرچاوهی وێرانبونی ژینگه".
عەبدولموتەلیب رەفعەت؛ وتی "چاندنى ئەم درەختە بە شێوەى خۆبەخشانە کارێکى یەكجار گرنگە بۆ ناوچەکە، ئەوپەڕى دڵسۆزیى و بایەخدانە بە بوارى ژینگە... چاندنی 1000 نەمام، هۆکارێکە بۆ زیادبونى روبەرى سەوزایی، چونكە گەرمیان بەدەست کەمى روپۆشى رووەکییەوە دەناڵێنێت".
سەبیحە محەمەد (48 ساڵ)، کە مامۆستایەكی نیشتەجێی ناحیەی رزگارییە، وتی "كارەكەی مامۆستا عەلی پیرۆزە، سەرەتا کە زانیم رواندویەتی، ئاوم دەدا، دەموت با بەرز بێت و سود لە سێبەرەکەی ببینین، بەڵام دواتر پێیانوتم پێویست بە ئاودانیش ناکات، چونكە ئەم جۆرە دارە ئاوی كەمی پێویستە... زۆر دڵخۆشم بە کارەکەی و زۆرکات دەیکەم بە نمونە بۆ خوێندکارەکانم و باسی دەکەم کە بەوشێوەیە هەوڵی پاراستنی ژینگە بدەن".
هەروەك ئەیاد محەمەد، چالاکوانی ژینگەیی لە گەرمیان، وتی ئاگاداری کارەکانی مامۆستا عەلییە، "ئەوە هەستکردنە بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر ژینگە و خاک... ماندوبونەکەی تەنها خۆیەتی، بەڵام سودەکەی بۆ گشتییە".
كەناری ژینگەدۆستترە
كناری، كە هەڵبژاردەی مامۆستا عەلییە و ئێستا دوو مەتر بەرزبونەتەوە، جۆرێكی تایبەتە كە توانای بەرگەگرتنی گۆڕانی ئاووهەوا و ژینگەی جیاوازی هەیە، ئاوی كەمی پێویستە، ئەوەش گرنگییەگی تایبەتی هەیە بەهۆی بونی كەمی بڕی ئاو و بارانبارین لە گەرمیان.
كەناری یهكێك له تایبهتمهندییهكانی ئهوهیه كه شاڕهگهكهی به ستونی بۆ قوڵایی روودهچێت و توانایهكی باشی له بوژاندنهوهدا ههیه، یهكێكه له داره دڕكاوییهكان كه توانایهكی ئێجگار بههێزی بهرامبهر بێئاوی و وشكهساڵی ههیه، لە بیابانێکیشدا سهوز دهبێت كه رێژهی بارانبارین تیایدا زۆر كهمه.
هاوکات، بڕێكی زۆر كاربۆهێدراتی خهزنكراو له رهگهكانیدا هۆكارێكی سهرهكییه بۆ توانای زۆری بوژاندنهوه و بهرگهگرتن، لەگەڵئەوەشدا درهختەكە توانای چاكبونهوهی له ههر جۆره زیانێك ههیه كه بهر جهستهی بكهوێت، ئهگهر زیانهكه سوتانیش بێت، ئەمانەش بەپێی بەدواداچونی مامۆستا عەلی كە بۆ درختەكە كردویەتی.
ئەو وتی "ئەوەی گرنگی ئەم درەختەیە بۆ گەرمیان ئەوەیە توانای خۆگونجاندنی لهگهڵ پلهی گهرمای بهرزدا ههیه، تهنانهت لهو بیابانانهیشدا گهشه دهكهن كه ساڵانه 50 تا 300 ملم بارانیان لێ دهبارێت".
ئەمە جگە لەوەی داری بەرییە و وهك سهرچاوهی خۆراك و بهدهستهێنانی داهات و خۆراكی ئاژهڵ دەتوانرێت سودی لێ ببینرێت.
بەڕای عەبدولموتەلیب رەفعەت، شارەزای ژینگە و مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان گرنگە لەپاڵ داری بێبەر، داری بەرداریش بڕوێنرێت، بەتایبەت لە كۆڵان و شەقامەكاندا، چونكە "دوجار سودی هەیە" و وادەكات خەڵك بیانپارێزیت لە پێناو بەرەكەیاندا.
بەری كەناری لە بازاڕدا وەك میوە دەفرۆشرێت، گهڵای دارهكه سهرچاوهیهكی باشی ئالیكی ئاژهڵه، لقه دڕكاوییهكانی وهك پهرژین له دروستكردنی باخچهدا بهكاردێت. رەگە سەرەكییەكەشی سهرچاوهیهكی باشی سووتهمهنییه و خهڵوزێكی نایابی لێ بهرههم دێت.
مامۆستا عەلی وتی "ئەمە جگە لەوەی قەدەكەی بههۆی بههێزییهكهیهوه بۆ زۆر مهبهست، لەوانەش قاچی قەنەفە و دەرگاو پەنجەرە بەكاردێت".
لەلایەکی ترەوە، سودی گرنگی هەیە بۆ ئەو زەوییانەی كە خزۆكن و ساڵانە توشی داخزان دەبن، رەگەگەی بەرگەی داخزانی زەوی دەگرێت، "چونكە بە قوڵی بەخاكدا تێپەڕدەبێت"، و خاك بەپیت دەكات.
هەموو ئەو سودانە وایكرد عەلی لەنێو هەزاران جۆر داردا، كناری بكاتە هەوێنی دەستپێخەرییەكەی.
"دروستكردنی دارستانی گهورهی كنار به دهوری گوندهكاندا دهبێتههۆی پهكخستنی ئهو كارهساته ژینگهییهی كه روی له گهرمیان كردووه، بهتایبهت مهترسیی بهبیابانبون".
جادر عەلی (60ساڵ)، دانیشتوی ناحیەی رزگاری، وتی "بیرمە یەکەمجار ساڵی رابردوو هەنێک داری لێرە ناشت، بڕوام نەکرد بەمشێوەی ئێستا بەرزببنەوە و ببنە سێبەر".
هەنگاوەكە بێ بەرز و نشێویی نییە
عەلی نادر، وتی كە كارەكە هەروائاسان نییە، بەتایبەت لە كۆمەڵگەیەكدا كە هۆشیاریی كەمە و زۆر بە كەمی بایەخ بە ژینگە و سەوزایی دەدرێت.
"یهكێك لهو كێشانهی وهك خۆره بهربووەته جهستهی دار و ژینگهی گهرمیان و لەناوی دەبەن، بونی ئاژهڵ و ههندێك پهلهوهری وهك قاز و مریشكە لهنێو شارهكاندا، لهگهڵئهوەشدا لێپرسراوانی شار نهیانتوانیوه ببنه رێگر لهبهردهم خاوهن ئاژهڵهكاندا".
ئەرسەلان ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی رزگاری، وتی "راستە ئاژەڵ لەناو شاردا بەخێودەكرێن و سەوزایی شار دەخۆن، دیاردەكە كەمبۆتەوە، بەڵام بنەبڕنەبووە".
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان، 243 باخچە و پاركی گەورە لە گەرمیان هەن.
لەبارەی هەنگاوەكانی مامۆستا عەلی، وتی "راستە کارەکەی زۆر جوان و ژینگە دۆستانەیە، بەردەوام لە خەمی ژینگەی ناوچەکەدایە، بەڵام ئەو بێئاگاداریی ئێمە دارەکانی دەچێنێت، بۆیەش توشی ئەو کێشانە دەبێت، دەبێت پرسمان پێبکات و ئێمە جێگەی بۆ دابنێین، تاوەکو چاودێری بکەین و بیپارێزین".
سەرۆکی شارەوانی ئەوەشی وت ناتوانن ئێستا رێژەی سەوزایی زیادبكەن، هەوڵەكەیان ئەوەیە بە جێگیری بمێنێتەوە، "چونكەکارمەند و تەنکەرە ئاوی پێویستمان نییە".
ئەیاد محەمەد-یش وتی "هەندێك خەڵك گرنگی بەو هەوڵەی (مامۆستا عەلی) نادەن، دارەكان دەشكێنن و لەناوی دەبەن".
دواجار، هەوڵەكەی عەلی نادر تاكەكەسی-یە و تەنیا لەسەر ئەركی خۆی كارەكە دەكات. بەڵام لەكاتی چاندنی دارەكاندا هەندێك لە هاوڕێیەكانی هاوكاریی دەكەن.