بەرهەمهێنانی كیلۆیەک تەماتە، لە سەرەتاوە تا پێگەیشتنیی، بەپێی سیستمی نوێی چاندنی ئاویی تەنیا پێویستیی بە نیو لیتر ئاوە، لە كاتێكدا بە شێوازە باو و كۆنەكانی كشتوكاڵکردن نزیكەی حەوت لیتر ئاوی دەوێت.
"بیرۆکەی دروستکردن و دامەزراندنی ئەم سیستمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە وەرزی هاویندا بۆ ئاودانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کێشەی کەمی ئاو و خاک بۆ جوتیاران دروستدەبێت، بۆیە بڕیارماندا سیستمەكە لە کۆلێژی کشتوکاڵ دروستبکەین بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو" شێرکۆ ئەحمەد، ئەندازیاری كشتوكاڵی و نوێنەری پرۆژەی هایدرۆپۆنیك لە دامەزراوەی ڤیم وای وت.
چاندنی ئاویی (هایدرۆپۆنیك) تەكنیکی نوێی كشتوكاڵیی و گەشەپێكردنی رووەكە تەنیا لە ئاودا بێ بەكارهێنانی خاك، لە سودە هەر گەورەكانیشی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاوە بە رێژەی لە سەدا 90 و رواندنە بەشێوازی ستونی، كە بەهۆیەوە لە روبەرێكی كەمدا رێژەیەكی زیاتر لە بەرهەم بە جوتیار دەدات.
ئەو سیستمە تارادەیەك نوێیە بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق، دامەزراوەی ڤیم فاوەندەیشن، لە چوارچێوەی پرۆژەیەكدا بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی سلێمانی جێبەجێیكردووە، تا وەكو ناوەندێكی پەروەردەیی و توێژینەوە بۆ خوێندکاران، جوتیاران و هاوکات، ناوەندە ناوخۆییەکان لە زانکۆدا سودی لێببینن.
ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت كشتوكاڵ، گەورەترین بەكارهێنەری ئاوە. لەكاتێكیشدا زیاتر لە دوو ملیار و 600 ملیۆن كەس راستەوخۆ پشت بەو كەرتە دەبەستن لە جیهاندا، بەڵام ئەویش روبەڕوی گرفت بۆتەوە، بەو پێیەی خراپبونی خاك كاریگەری لەسەر سەدا 52ـی زەوی كشتوكاڵی داناوە.
گرنگییەکی سیستمەكە لەوەدایە خاکەکەش سەلامەت و بێکێشەیە و تووشی هیچ گیروگرفتێک نابێت
چارەیەك بۆ ئاو و خاك
پرۆژەكەی ڤیم بۆ دامەزراندنی سیستمی چاندنی ئاویی، سەرەتا لە زانكۆوەیە و بە هیوان لەڕێی خوێندكارانەوە، لە داهاتوودا كاری پێبكرێت و هاندەریش بن تا جوتیاران لە كشتوكاڵدا پشتی پێببەستن.
شێركۆ ئەحمەد دەڵێت جگە لەوەی رێگری دەكات لە بەفیڕۆدانی ئاو، گرنگییەکی دیکەی ئەو سیستمە لەوەدایە خاکەکەش سەلامەت و بێکێشەیە و تووشی هیچ گیروگرفتێک نابێت. "کێشەی کەمترە و کەمتر مێرووە زیانبەخشەکان لە بەروبوومە کشتووکاڵییەکان دەدەن".
ڤیم فاوەندەیشن دەیەوێت پڕۆژەکە زیاتر بە جووتیاران ئاشنا بکات، لەڕێی راهێنانەوە بۆ جووتیاران و ئێستاش سەرقاڵی دوستکردنی نامیلکەیەکن لەسەر پڕۆژەکە، کە هەموو شتێکی لەسەر سیستمەکە تێدا روونکراوەتەوە.
"لەو سیستمەدا، خاک بەکارناهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، تەنیا لە رێی ئاوەوە یاخود لە رێی بەکارهێنانی ماددەی شوێنگرەوەی گڵ وەک کۆکۆپێت و پێرلایت... ئەو سیستمە کۆنتڕۆڵکراوە، نە خاکەکە تووشی ئافات دەبێت نە بەرهەمەکەش مێروو لێی دەدات" بەوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی چاندنی ئاویی.
بەپێی ئامارە رەسمییەكانی حكومەتی عیراق، زیاتر لە سەدا 53ـی روبەری وڵات لەژێر هەڕەشەی بە بیابانبووندایە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت عیراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم لەدەستدەدات، بەوپێیەی پێنجەم ناوچەی كاریگەرە بە لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاووهەوا لەسەر ئاستی جیهان، كە مەترسی كەمبونەوەی ئاو و وشكەساڵی دوان لە نیشانە سەرەكییەكانیەتی.
سەلام مەحمود، مامۆستا لە بەشی باخداریی كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانکۆی سلێمانی وتی "چاندن لە ناو گڵدا زۆر کێشەی هەیە، وەک نەخۆشی و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ رووەکەکان، کە ئەمە لە سیستمی کۆندا زۆر کێشە بۆ جووتیاران دروستدەکات، جگەلەوەش ئەو وڵاتەی خاکەکەی بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەواوە بووەتە بیابان، دەتوانێت ئەو سیستمە نوێیە بەکاربهێنێت".
ئەو دەڵێت چاندن بە سیستمی هایدرۆپۆنیک شتێکی نوێ نییە لە جیهاندا و بەشێک لە وڵاتان پشتی پێدەبەستن بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک، بەڵام بۆ کوردستان نوێیە.
سەدا 70ـی ئاو بۆ ئاودانی كشتوكاڵ دەڕوات، لە كاتێكدا سەدا 40ـی دانیشتوانی جیهان بەدەست كەمی ئاوەوە دەناڵێنن، بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان.
"ئەم سیستمە (چاندنی ئاویی) بۆ کەمبوونەوەی بەفیڕۆدانی ئاو زۆر باشە، هەروەها دووربوونی نەخۆشی لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و زیاترکردنی بەرهەم، لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەی خاکیشی نییە" فێنک ئەبوبەکر، ئەندازیاری کشتوکاڵی وادەڵێت.
بەردەوام كشتوكاڵکردن
شاڵاو محەمەد، یاریدەدەری ئەندازیاری کشتوکاڵییە و نامەی ماستەرەکەی لە ناو پرۆژەی (چاندنی ئاویی – هایدرۆپۆنیك)ـە، تیایدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی کاهووە وەكو ئەزمون، ئەو دەڵێت "گرنگی ئەم سیستمە لەوەدایە لە جیاتی خاک بۆ بەرهەمهێنان تێکەڵەی دیکە بەکاردەهێنرێت، کە پاککراوەتەوە و هیچ ماددەیەکی زیانبەخشی تێدا نییە".
لە کاتێکدا خاک پێویستی بە پاککردنەوەیە، هەر ساڵە و جۆرە ڤایرۆسێک لێیدەدات، راستەوخۆش بۆ بەرهەمەکان دەگوازرێتەوە بەوەش تووشی کێشە دەبن.
"لەم سیستمەدا، بەکارهێنان و بەفیڕۆدانی ئاو زۆر کەمدەبێتەوە، لەبەرئەوەی گرین هاوسە، سیستمی بە هەڵمبوون کەمترە و ئاویشی کەمتر دەوێت" شاڵاو وادەڵێت.
چاندنی ئاویی باشییەکی دیکەی ئەوەیە لە هەموو شوێنێک دەتوانی كشتوكاڵ بكەیت.
بەرهەمی زیاترە و رێژەی بەفیڕۆدانی ئاویش کەمدەکاتەوە و رووبەری کەمتریشی دەوێت
لە هەرێمی کوردستان، هێشتا جوتیار كار بە چاندنی ئاویی ناكەن؛ بەڵام لە چەند شوێنێك و لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە دانراوە، لەوانە لە عەلوەی نوێی هاوچەرخی هەولێر کە بەرهەمی باشیشی هەبووە.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر وتی "لە عەلوەی هاوچەرخی نوێی هەولێر وەبەرهێنەرێک ئەم پڕۆژەیەی جێبەجێکردووە و بەراورد بە سیستمە کۆنەکە زۆر باش بووە، چونکە بەرهەمی زیاترە و رێژەی بەفیڕۆدانی ئاویش کەمدەکاتەوە و رووبەری کەمتریشی دەوێت"، هەروەها وتی جوتیار ناتوانێت خۆی بەتەنیا بیکات، چونکە تێچووەکەی زۆرە، بۆیە ئامادەن كارئاسانی بۆ جوتیاران بكەن.
نەتەوە یەكگرتووەكان، لە هەندێك پارێزگای عیراق، لە شێوەی پرۆژەی بچوك و تاكەكەسی، هاوكاری جوتیاران دەكات تا ئەو سیستمە دابنێن.
سەلام مەحمود رونیكردەوە لە سیستمە نوێیەكەدا، هاوسەنگی هەموو بابەتەکانی ناو خاکەکە بە ورد و دیاریکراوی پێتدەڵێن؛ هیچ کێشەیەک نە بۆ بەرهەمەکە، نە بۆ روەکەکە دروستنابێت، بە پێچەوانەی ئەوەی لە کاتی چاندن بە سیستمی دیکە و لەناو خاکدا دەکرێت، مێروو یان ماددەی خۆراکی ناو رووەکەکە کەمبێت یاخود زۆر تووشی زیانی دەکات.
وشكەساڵیی و بە بیابانبوون ساڵانە 12 ملیۆن هێكتار زەوی لەناودەبەن كە دەكرا بۆ بەرهەمهێنانی 20 ملیۆن تۆن گەنم سودی لێوەربگیرێت.
عەباس عەلی، شارەزا لەبواری ئاو و هایدرۆجیۆلۆجی دەڵێت چاندنی ئاویی، بریتییە لە کەمکردنەوەی رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا، "زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاو و رێگری لە کەمبونەوەی ئاو دەكات جا ئاوی کانی و کارێز بێت، یان بیرەکان، رووبار و دەریاچەکان".
جوتیاران؛ لە نێوان شارەزایی و دوودڵیدا
"هاوینان بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنین بۆ ئاودانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان، ئەگەر سیستمێکی باش هەبێت کێشەی کەمئاویمان بۆ چارەسەربکات و بەرهەممان زیادبکات و شارەزاش بین لە سیستمەکەدا، بێگومان بەکاریدەهێنین" جیهاد سەبری، جوتیارێکە لە سنوری برادۆست لە پارێزگای هەولێر و هیچ شارەزاییەکی لەسەر سیستمی چاندنی ئاویی نییە.
گرفتی كەمئاوی و مەترسی وشكەساڵی ساڵ نییە یەخەی زۆرینەی جوتیارانی عیراق نەگرێت.
محەمەد کەمال، جوتیارە لە گوندی خێوەتەی شارباژێر، باسی ساڵی 2021 دەكات كە پێنج دۆنم زەوی بە کولەکە داچاند و کاتی پێگەیشتنی ئاوی نەما و دەستبەرداری بوو، هیچ داهاتێکیشی دەستنەکەوت، "دوای ئەوە زۆر گەڕام لە ئینتەرنێت و زۆر پرسیارم کرد، سیستمی هایدرۆپۆنیکم کەوتە بەرچاو، ئێستا هەموو زانیارییەکم لەبارەیەوە هەیە، بەڵام تێچووەکەی زۆرە لەسەرم و ناتوانم بەکاریبهێنم".
ئەو چاوەڕێی هاوكاری حکومەت و وەزارەتی کشتوکاڵە تا بەكاریبهێنێت.
چاندنی ئاویی؛ داخڵکردنی تەکنەلۆژیایە لە شێوازی بەرێوەبردنی کشتوکاڵدا بۆ بەرهەهێنانی سەوزە، خەیار، تەماتە و کولەکە کە بە درێژایی ساڵ بەرهەم دەهێنرێن.
هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت "لەو سیستمەدا کەشوهەوای گونجاو بۆ بەرهەمەکان دروستدەکرێت، بەهۆی کۆمپیوتەرەوە ئاو، خۆراک و ماددە کشتوکاڵییەکان دەدرێت بە بەرهەمەکان، سیستمێکە تەواو کۆنتڕۆڵکراوە لە بەڕێوەبردندا".
لە دۆنمێکدا پێنج تۆن خەیار بەرهەمهاتبێت لەم سیستمەدا 50 تۆن بەرهەم دێت
لە سیسمی هایدرۆپۆنیکدا خاکەکە و هەواکەش ستانداردە، ئاو بە ئەندازەی پێویست دەدرێت بە بەرهەمەکە، بەرهەمهێنانیش دەجار بەرامبەرە وەک لە سیستمە کۆنەکە، "بۆ نموونە ئەگەر لە دۆنمێکدا پێنج تۆن خەیار بەرهەمهاتبێت لەم سیستمەدا 50 تۆن بەرهەم دێت".
کشتوکاڵکردن ئەگەر بەشێوازی کۆن یەک لیتر ئاوی پێویست بێت لە رۆژێکدا و لە سیستمی دڵۆپاندندا لە سەدا 10ـی ئەو ئاوەت پێویستە، بەڵام لە سیستمی هایدرۆپۆنیکدا لەسەدا 90 ئاوی کەمتری دەوێت.
بەوتەی هەڵکەوت عەبدولڕەحمان، سیستمی هایدرۆپۆنیک سەرمایەی مرۆیی کەمتری پێویستە، بەڵام چاودێریی چڕ و بەردەوامی دەوێت کە لە رێی تەکنەلۆژیاوە دەبێت، "بەو سیستمە، بە ستافێکی چوار کەسی دەتوانرێت چەندین دۆنم زەوی بکرێتە کشتوکاڵ ، بەڵام نابێت بۆ کاتژمێرێکیش بەجێبهێڵرێت و کارەبای بەردەوامیشی پێویستە".
تێچووەکە ئاستەنگە
ئاستەنگی هەر دیاری پڕۆژەی چاندنی ئاویی پەیوەندی بە گیرفانی جوتیارانەوەیە، هەموو كەس توانای ئەوەی نییە، تێچووی زۆرە بەراورد بە شێوازە باوەكانی دیكەی كشتوكاڵی.
نوێنەری پڕۆژەی هایدرۆپۆنیك لە دامەزراوەی ڤیم رونیكردەوە "ئەم سیستمە بەراورد بە سیستمەکانی دیکە تێچووی زیاترە و جووتیارانی ئێمەش پێی ئاشنانین، ئامادەش نین دەستبەرداری خاکەکەیان ببن".
لە بەرانبەر ئەو ئاستەنگانەدا، فێنك ئەبوبەكر پێشنیازی ئەوەدەكات کەرتی تایبەت یاخود حکومەت خۆی سیستمەکە دابمەزرێنێت، چونکە تێچووی زۆرە و جووتیارانیش دەستبەرداریی زەوی کشتوکاڵی خۆیان نابن.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، خول و راهێنانی بۆ چەندین جوتیار کردووەتەوە لەگەڵ پرۆگرامی گەشەپێدانی باخداری لە عێراق بە هاوکاری حکومەتی هۆڵەندا، دەربارەی بەكارهێنانی سیستمی چاندنی ئاویی.
"بەهۆی قەیرانی داراییەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ خۆی خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی سیستمی هایدرۆپۆنیک نییە، بەڵکو یەک دوو پرۆژە هەیە کە کەرتی تایبەت بەڕێوەیدەبات" لێپرسراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ وای وت، باسی لەوەشكرد کارئاسانی بۆ جووتیاران و هەر کەسێکی دیکەش دەکرێت ئەو سیستمە بەکاربهێنێت، "مۆڵەتی پێدەدەین و لێخۆشبوونی گومرگی بۆ دەکەین بۆ ئەو کاڵایانەی هاوردەیان دەكات".
هێشتا خاکی هەرێمی کوردستان بە پیتە؛ ئەگەر جوتیار دۆنمێک زەوی بکات بە سیستمی هایدرۆپۆنیک دەبێت دەوروبەری 25 هەزار دۆلار (دوو دەفتەر نیو دۆلار بەزمانی بازاڕ) خەرجبکات، لەگەڵ ئەوەی بەشی 50 ساڵ دەکات و قازانجیشی زیاترە، بەڵام لە دۆنمێکی چاندنی باودا تەنیا پارەی تۆ و بەرهەمەکەی دەوێت و خەرجییەکەشی کەمترە.
مامۆستاكەی زانکۆی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت حکومەت کارئاسانی بۆ جوتیاران بکات تا چاندنی ئاویی بەكاربهێنن، راستەوخۆ حکومەت یان لەرێی کەرتی تایبەتەوە دایبمەزرێنن، "جوتیار خۆی ناتوانێت ئەو سیستمە بەکاربهێنێت و تێچووی زۆرە." سەلام مەحمود وای وت.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.