لە هەر جێییەكی شار دەژیت، باكور بێت یا باشور، ئاستیی خوێندەواریت هەرچییەك بێت جیاوازی نییە؛ لەڕێی مۆبایلەكەتەوە و بە چەند هەنگاوێكی زۆر سادە، دەزانیت هەوای شوێنەكەت چۆنە؛ پاكە، مامناوەندە یاخود شایەنی هەناسەدان نییە.
هەموو ئەو ئاسانكاریی و بەرچاوڕونییە، بەشێکە لە دەستپێشخەرییەکی دامەزراوەی مید فاوەندەیشن، بە ئامانجی وەرگرتنی داتای ورد دەربارەی كواڵیتی هەوا لە هەرێمی كوردستان، تا دوای شیكاریكردن و هەڵسەنگاندن، بە زمانێكی سادە و ساكار لە وێبسایتێكدا وەكو زانیاری بۆ هاوڵاتیان بڵاویبكەنەوە.
تۆڕی كواڵیتیی ههوا؛ پێكهاتووە له 28 ئامێری ههستهوهری تایبەت، كە 25 ئامێری لە سلێمانی و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دانراون، دوو ئامێر لە هەڵەبجە و ئامێرێكیان لە كەركوك جێگیركراوە، لەڕێی ئەو ئامێرانەوە بەردەوام و چركە بەچركە ئاگاداری جۆری هەواکە دەبن.
" لەم پڕۆژەیەدا، دوو ئامانجمان هەبووە؛ یەكێكیان دەستخستنی داتایە، چونكە گەشەپێدان لە هەر سێكتەرێكدا پێویستی بە داتا هەیە و ئەوەش لەم ناوچەیەی ئێمەدا ئاسان نییە، بۆیە بیرمان لە دانانی رێیەكی زیرەك و سەردەمییانە كردەوە بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا" ههنار هادی، بهڕێوبهری پرۆژهكان له دامهزاروهی مید فاوندهیشن وای وت.
ئامانجی دووەمی پرۆژەكە؛ وەك هەنار رونیكردەوە، پڕکردنەوەی كەلێنێك بووە بۆ دەستكەوتنی داتا بە جۆرێك لە هەمانكاتدا خزمەت بە ناوچەكە و ژینگەش بکات، "كەلێنێكی زۆر لە بواری ژینگەدا هەیە، بە تایبەت لە روی زانیاری دەربارەی هەوا، ئێستا وردە وردە باشتر دەبێت، دوای شۆڕشی داتا لەلایەن دامەزراوەكەمانەوە". مید فاوەندەیشن، دامهزراوهیهكی قازانجنهویسته و لە بواری گهشهپێداندا كاردەكات.
سەدا 90ـی خەڵك هەوای پیس و ناتەندروست هەڵدەمژن، لە نێویاندا هەوای عیراق یەكێكە لە "هەرە پیسترینی" وڵاتانی دنیا بەگوێرەی (ئا کیو ئێر) کە کۆمپانیاییەکی سویسری تەکنۆلۆژیی کواڵیتی هەوایە، لەكاتێكدا رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات كە پیسبونی هەوای ناو ماڵ و دەرەوە، لە هەڕەشە گەورەكانی سەر ژیان و ئاووهەوان کە ساڵانە دەبنە هۆی مردنی پێشوەختەی حەوت ملیۆن كەس لە جیهاندا.
ئامانجێكمان دەستخستنی داتایە، چونكە گەشەپێدان لە هەر سێكتەرێكدا پێویستی بە داتا هەیە
گۆڕینی داتا بۆ زانیاریی بەسود
تۆڕی كواڵیتیی هەوا، یەكەم ئەزمونی هاوشێوەیە لە هەرێمی كوردستان و ناوچەکانی تر عیراق کە کەوتۆتەکار، بەپێی دامەزراوەی مید، كە ئێستا لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین كاردەكات و لە بەرنامەیدایە؛ بیگەیەنێتە هەولێر و دهۆكیش، هەوڵدەدات تا هەموو عیراقیش بگرێتەوە.
لە تشرینی دوەمی 2023ـدا پڕۆژەكە راگەیەندراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای (ئای كیو ئێر)ـی سویسری، تا نیسانی ئەمساڵ سەرقاڵی دانان و جێگیركردنی ئامێری هەستەوەری زیرەك بون بۆ چاودێریکردنی کواڵیتیی هەوا لە ڕووبەری 17 هەزار کیلۆمەتر دووجادا.
سێ گروپی جیاواز تۆڕەكە بەڕێوەدەبەن، ئەوانیش بەشێكیان كاری شیكاریی داتا دەكەن، هەندێكیان ستافی چاككردنەوەی ئامێر و ئەوانیتر چاودێریی كاری ئامێرەكان دەکەن.
ههنار هادی وتی، هەر ئامێرێك پێنج كیلۆمهتر بهدهوری خۆیدا روپێویی دهكات و داتا وهردهگرێت، لە جێگیركردنی ئامێرەكان و دیاریكردنی شوێنەكانیشدا، لە ناوەوە و دەرەوەی شار، راوبۆچوونی پسپۆڕانی ژینگە بە تایبەت كۆلێژی زانسته ژینگهییهكانی زانكۆی سلێمانی وەرگیراوە.
هەستەوەرە زیرەكەكان؛ هەموو سێ خولەك جارێك داتا لەسەر کواڵیتی هەوا تۆماردەكەن، لەسەر پیسی هەوا، پلەی گەرما، پەستان و شێ، تۆڕی كواڵیتیی هەوا بەوردی بەدواداچوون بۆ ئاستی گەردیلەکان (PM – Particulate Matter) دەکات، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی هەیە.
وەك دامەزراوەی مید بڵاویكردۆتەوە؛ گەردیلەی وردی جۆری(PM2.5) ، لە گەردیلە بچووکەکانی سووتانی سوتەمەنی (ئۆتۆمبێل و کارگە)، دەتوانن بگەنە قوڵایی سییەکان و سووڕی خوێن، ئەوەش دەبێتە هۆی کێشەی هەناسەدان و دڵ، هەروەها کاریگەری لەسەر تەندروستی مێشک و گەشەکردنی کۆرپەلە دەبێت.
هەروەها جۆری(PM10) ، هەڵمژینی گەردیلە گەورەکانی هەوا لە تۆز و بیناسازییەوە دەتوانێت کۆئەندامی هەناسەدان هەستیار بکات و دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە، جۆری(PM1) ـیش بچووکترینی تەنۆلکەکانە، لە سووتانی سووتەمەنی و کونبونی تایەکانەوە دروستدەبن، کاریگەری قوڵیان لەسەر سییەکان و ئەندامەکانی تر، لەوانەش دڵ دەبێت.
ئەو داتایانە زۆر گرنگن بۆ دیاریکردنی سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا، ڕێنماییکردن بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتن، و ڕێسا ئاگادارکەرەوەکان بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی لەو ناوچانەی کە دەردانی گازی پیشەسازی و گازی ئۆتۆمبێل زۆرە.
دەستپێشخەرییەكە چەند هاوبەشێكی هەیە؛ کۆمپانیای بواری ئینتەرنێت (IQ) سپۆنسەری دابینكردنی 20 ئامێری هەستەوەری كردووە لەگەڵ چاككردنەوە و جێگیركردنی ژمارەیەك لەو ئامێرانە؛ رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت (CDO) ئەركی دابینكردنی 10 ئامێری تری لە ئەستۆ گرتووە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری لهسهر وەرگرتنی زانیارییەكان و چۆنیهتی پاراستنی كواڵیتی ههوا؛ و هاوبەشێكی دیكەی پڕۆژەكەش، كۆلێژی زانسته ژینگهییهكانی زانكۆی سلێمانییە و شیكاریی زانستی بۆ داتاكان دەكات.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی (CDO) دەڵێت "ئامانجمان لە كڕین و دابینكردنی 10 ئامێر بۆ ئەو پڕۆژەیە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە پێشتر هەر چالاكییەك هەبووە بۆ پاراستنی ژینگە زیاتر گرنگی بە خاك دراوە بەراورد بە هەوا، لە كاتێكدا رۆژ دوای رۆژ كواڵیتی ههوا له ههرێمی كوردستان بهرهو خراپتربوون دهڕوات".
گرنگییەكی دیكەی پڕۆژەكەش لەوەدایە، بەلای بەختیار ئەحمەد-ـەوە، مافی هاوڵاتیانە بزانن رۆژانه كواڵیتی ههوای شوێنێك چۆنه و هۆشیارییان ههبێت لهسهر بابهتهكه و زانیاریی بهردهوامیان پێبگات.
پیسبونی ژینگە و ئاووهەوا، بەپێی وەزارەتی تەندروستی هەرێم یەكێكە لە هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، كە تەنیا لە ساڵی 2023دا نۆ هەزار و 911 حاڵەتی نوێی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستاندا تۆماركراون و دەركەوتووە شێرپەنجەی سییەكان دووەم بەرزترین جۆری شێرپەنجەیە.
باكوری سلێمانی پاكترە لە باشوری شار
تۆڕی كواڵیتیی هەوا؛ دەبێتە سەرچاوە بۆ شیکارییەکی قووڵی سەرچاوەکانی پیسبوونی هەوا، هۆكارێكە بۆ چارەسەری بەردەوام و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن بە پشتبەستن بە داتا بڕیاری پێویست بدەن، هەوڵێكیشە بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی بەرەو داهاتوویەکی بەردەوامتر و ژینگەدۆستتر، بەپێی دامەزراوەی مید.
داتای تۆماركراوی هەشت مانگی كاركردنی ئامێرە هەستەوەرەكانی روپێوی كواڵیتیی هەوا كۆكراونەتەوە و كۆلێژی زانستە ژینگەییەكانی زانكۆی سلێمانی شیكارییان بۆ كردووە.
دەركەتووە پارێزگای سلێمانی ههوایهكی پاك بۆ مامناوهندی ههیه
د. عیماد عومهر، راگری كولێژی زانسته ژینگهییهكان و پسپۆڕی بواری شیكاری داتا، دەڵێت له شیكارییهكهیاندا دەركەتووە پارێزگای سلێمانی ههوایهكی پاك بۆ مامناوهندی ههیه، كه رێژهكهی لە نێوان 16.7 بۆ 17ـدایە، "ئەوەش بەپێی پێوهره جیهانییهكان زۆر دڵخۆشكهره".
پێوەرەكانی كواڵیتی هەوا لە تۆڕەكەدا 0 تا سەروو 50 پلەی بۆ دانراوە، كە رادەی پاكی و پیسی هەوا نیشاندەدەن، عیماد باسی لەوەكرد ئەگەر لە نێوان 0 بۆ 5ـدا بێت ئەوا هەواكە زۆر پاكە، لە 5 بۆ 15 مامناوەندە، لە 15 بۆ 25 هەر جۆرێكە لە مامناوەند بەڵام بۆ هەندێك كەس لەوانە توشبوانی رەبوو پێی هەستیار دەبن، لە سەروو 25ـەوە هەوا پیسە.
"ئهو خاڵانهی شیكارییمان بۆ كردووه، به كاتژمێر، رۆژ و مانگ دیاریمانكردووه، سلێمانی كراوه به سێ زۆنهوه، له بهشی سهرهوهی شار (باكور) ههوایهكی زۆر پاك و باشی ههیه، دوای ئهوه ناوهندی سلێمانی دێت كه ههوایهكی مامناوهندی ههیه، زۆنی سێیهم خوارهوهی سلێمانییه (باشور) كه ههندێكجار ههواكهی له ناوهندەوە بۆ پیسه".
راگری كۆلێژی زانستە ژینگییەكان دەڵێت ئەو جۆرە هەوایەی باشوری شار جێی مەترسی نییە، لە دەرەوەش شاریش، بۆ نمونە شوێنە شاخاوییەكان و ناوچەكانی وەك هەورامان، بهرزنجه، ماوهت، قهڵادزێ و چوارتا هەوایان پاك تا مامناوەندە، لە نێوان 16 بۆ 17ـدایە.
عیماد عومەر دەڵێت تەنیا شوێن كێشە لە كواڵیتی هەوایدا هەبێت، ناوچەكانی چەمچەماڵ و كەلار بووە، بەوپێیەی زیاتر دەشتایین، لە بیابانەوە نزیكن، خۆڵبارینیان تێدایە، بەو هۆیەوە هەواکەیان نزیكدەبێتەوە لە پیس و دەگاتە 20، هێشتا ئەوەش بەراورد بە بەغدا باشترە، كە دەگاتە 48.3 و نۆ هێندەی ئەو ستانداردی جیهانییەیە كە لە سلێمانی هەیە.
عیراق پێنجەم وڵاتی جیهانە بۆ مەترسییەكانی گۆڕانی ئاووهەوا، بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەوپێیەی تەحەدی زۆری ژینگەیی روبەڕوبۆتەوە لە بەرهەمهێنانی نەوت و گازەکان تا نەبونی چارەسەری زانستیی خۆڵ و خاشاك، كە ساڵانە دەگاتە 12 ملیۆن تۆن و بەشێكی دەسوتێنرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا.
كەرتی گواستنەوە، بە تایبەت وشكانی بەرپرسە لە سەدا 15ـی دەردانی گازی ژەهراوی، لە هۆكارە سەرەكییەكانی پیسبوونە دوای كەرتەكانی وەكو ووزە و پیشەسازی، لە زۆربەی وڵاتاندا ئێستا پەرە بە سیستەمی جێگرەوەی وزە دەدرێت، لە نێویاندا دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لەباتی ئۆتۆمبێلی بەنزین و گاز.
بەپێی ئاماری دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان، نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێم هەیە، هەر ئەوەش نا، حەوت هەزار و 354 مۆلیدە هەن و لەو ژمارەیە هەزار و 759ـی كەوتۆتە پارێزگای سلێمانی، كە رۆژانە دوكەڵی ژەهراوی تێكەڵ بە هەوا دەكەن، بەگوێرەی ڕووپێوییەکی دەستەی ئامار، مۆلیدەكان سەرچاوەن بۆ پیسبوونی ئەو هەوایەی مرۆڤ و زیندەوەران هەڵیدەمژن و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.
دەستپێشخەری تۆڕی كواڵیتیی هەوا، داتا و زانیارییەكانی هەوا لەڕێی داشبۆردێکی تایبەتەوە لە ماڵپەڕی (IQAir) و ئاپلیکەیشنی مۆبایلی (AirVisual) بڵاودەكاتەوە.
بهڕێوبهری پڕۆژهكان له دامهزاروهی مید وتى به هاوڵاتیان ناڵێن كواڵیتیی ههوا لهو شوێنانهی ئامێرهكانی تێدایه چۆنه، بهڵكو هاوڵاتیان خۆیان دهچنه سهر وێبسایتهكه و بارودۆخەكە دەبینن، لە وێبسایتەكەدا، "پێوانەیەکی ئاسۆییت پیشاندەدات له بهشی خوارهوه كه بهپێى رهنگ كواڵیتی ههوا دیاریكراوە؛ له سهوزهوه دهستپێدهكات دواتر زهرد، پرتهقاڵی، سور، مۆر و مۆری تۆخ دێت" بەوتەی هەنار هادی، هەر یەكێك لە رەنگەكان ئاماژەن لە باشەوە بەرەو خراپ و خراپتر.
لە سەر ماڵپەڕەکە، چوارچێوەیەك كراوەتەوە لەسەر نەخشە شوێنی دانانی ئامێرەكانی كواڵیتی هەوا نیشاندەدات، لەوێشەوە راستەوخۆ دەتبات بۆ ماڵپەڕی رەسمی ئامێرهكان و داتاكانی سهر ئامێرهكان، هاوڵاتیان هەر سێ خولەك جارێك دەتوانن پێوانەی نوێی هەوا وەربگرن.
هەنار دەڵێت "هەموو هاوڵاتییهك دهتوانێت سودی لێببینێت، به جۆرێكه ئهوانهی دكتۆرا و ماستهریان ههیه سودی لێدهبینن، تهنانهت ئهوانهشی نهخوێندهوارن دهتوانن سودی لێببینن، چونكه به چهند پێوهرێكی جیاواز و به رهنگی جیاواز جیاكراونەتەوە".
پڕكردنەوەی كەلێنێكی ژینگەیی
داتا و زانيارييەكانی تۆڕی كواڵیتیی هەوا؛ دەرفەتێكن بۆ دەوڵەمەندكردنی سەرچاوەكانی توێژینەوە لەسەر ژینگە، بە تایبەت پیسبوونی هەوا.
د. دڵپاك ئهحمهد، مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان و پسپۆڕی بواری مهترسیيه ژینگهییهكان و ئاو، دەڵێت ههنگاوێكی وا گرنگی ژینگەیی كاریگهری خۆی دهبێت، توێژهران دهتوانن سودی لێببینن و داتاكان شیی بكهنهوه و بزانرێت ئاستی كواڵیتیی ههوا له كوردستان بهگشتی چۆنه.
ئهو داتایانهی شیكاری بۆ دهكهن، دهتوانرێت پشتی پێببهسترێت و تهواو زانستییه
"ئەو ئامێرانەی دانراون، ئەگەر كواڵیتیان باشبێت و پهیوهستبن به مانگه دهستكردهكانهوه و به بهردهوامی داتا وهربگرن، دهتوانرێت پشت به داتاكانیان ببهسترێت".
هاوکات، رونیكردەوە دانانی ئامێرێك له یهك شوێنی دیاریكراودا، ناتوانێت روپێویی شارێك یان ناوچەیهك بكات لەبارەی پیسبوونی هەواوە، بهڵكو به گوێرهی ئهو سهرچاوانەی پیسکردن کە لهو ناوچهیهدا هەن، كە چۆنه و بهپێی دورو نزیكی ئهو سهرچاوهیه دهتوانرێت، رادەی پیسبوون دیاریبكرێت.
دڵپاك ئەحمەد لەگەڵ ئەوەدایە وێستگە دابنرێت، بۆ نمونە لە شارێكدا چوار وێستگە هەبێت لە شوێنی جیاواز، بەپێی كۆمەڵێك فاكتەر و رەهەند دابنرێت و لەبەرچاوگرتنی سەرچاوەکانی پیسکردن، ئەوكات گونجاوتر دەبێت، "ئەگەرچی ئەو ئامێرانەی ئێستاش پەیوەستن بە مانگە دەستكردەكانەوە و داتاكانیان پشتی پێدەبەسترێت".
پیسبوونی هەوا کێشەیەکی جیهانییە و لە بەرانبەردا، یەكێك لە چارەسەرەكان ئەوەیە، بە زیادکردنی سەوزایی لە رێگەی رواندنی دار و درەختی گەڵا ورد و زۆرەوە هەوا پاکبێتەوە. هەر دارێكی تەمەن مامناوەند، رۆژانە 1.7 كیلۆگرام لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن هەڵدەمژێت و 120 لیتر ئۆكسجین بەرهەمدەهێنێت، بۆ نەهێشتنی كاریگەریی خراپ و ئەو پیسبوونەی تەنیا یەك ئۆتۆمبێل دروستی دەكات، پێویستە لانیكەم حەوت دار بڕوێنرێت.
عیماد عومهر باسی داتا تۆماركراوەكان دەكات، كە پێیی دەوترێت مێگاداتا، زۆر زۆرن و لەڕێی سۆفتوێری (پرۆگرامسازی) تایبەتەوە شیكاریی زانستی و ئەكادیمیی بۆ دەكرێت، "یەكهمجار پشکنین بۆ داتاكان دهكهین، دواتر له رێی سۆفتوێری تایبهت به ئامار و شیكاریی هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین، لەڕێی وێنه و ژمارهوه تا دهگهین به ئهنجامێك".
ئەو كە خۆی پسپۆڕی شیكاریی داتایە، دەڵێت هەموو هەنگاوەكانی ئەو پڕۆژەیە، لە وەرگرتنی داتاوە تا شیكاریی و هەڵسەنگاندن، "یهكهمجاره" لهسهر ئاستی كوردستان و عیراق بەوشێوەیە بكرێت، لە ئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكاندایە.
ئهو داتایانهی شیكاری بۆ دهكهن، "دهتوانرێت پشتی پێببهسترێت و تهواو زانستییه"، پلانی ئەوەش هەیە دوای تێپەڕینی ساڵێك بەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا شیكاری بۆ داتای ساڵێك بكەن، لە چوارچێوەی توێژینهوهیهكی ئاستبهرزدا، له گۆڤارێكی نێودهوڵهتییدا بڵاویبكەینەوە، "دهمانهویێت ئهو داتایه له (Air Quality Index) تۆمار بكەین و سلێمانیش بخهینه سهر نهخشهی جیهانی وهك یهكێك له پاكترین شارهكانی خۆرههڵاتی ناوهڕاست" د. عیماد عومەر وادەڵێت.
دنیابینی جیاواز
هۆشیاریی تاك؛ ئەركێكە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری تۆڕی كواڵیتی هەوا، دەبێت رێكخراوی (CDO) ئەو بەشەی پرۆژەكە جێبەجێبكات و ئەویش چاوەڕێی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنە.
بەڕێوەبەری رێكخراوەكە وتی "ئهو پڕۆژەیە دهبو كاری زیاتری لهسهر بكرایه، بهجۆرێك بڕیار بوو یاداشتی لێكتێگەیشتن واژۆبكرایه له نێوان ئێمه، كۆمپانیای ئایكیو، دهزگای میدیایی كوردسات و مید فاوندهیشن، بهڵام تائێستا نهكراوه و ئهركی ئێمهش نییه ئامادهی بكهین".
بهختیار ئهحمهد دەڵێت ئەوەی لە ئەستۆی ئەواندایە بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە دەربارەی پاراستنی كواڵیتی هەوا، لەگەڵ گەیاندنی زانیارییەكان بە سادەیی بۆ هاوڵاتیان، بۆ نمونە دەڵێن: بەپێی داتا و زانیارییەكان ناوچەیەكی دیاریكراوی سلێمانی ئەمڕۆ هەواكەی گونجاو نییە بۆ نەخۆشی رەبۆ.
ئاڵنگارییەكی تری بەردەم تۆڕی كواڵیتیی هەوا، هەمان ئەو ئاڵنگارییەیە تەواوی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانی عیراق بەدەستییەوە دەناڵێنن نەبونی كارەبایە.
بهڕێوبهری پڕۆژهكان له دامهزاروهی مید دەڵێـت کەمی کارەبا کێشەیە، "ئەو ئامێرانه بهردهوام پێویستیان به ئینتهرنێت و كارهبایه، لهبهرئهوهی ئامێرهكان له كۆمپانیای ئایكیو ئێری سویسری هێنابومان و ستانداردی ئهوان لهگهڵ خۆمان یهكی نهدهگرتهوه".
هەرچەندە ئامێرهكان وا دیزاینكرابوون له یهك شوێندا جێگیربكرێن، بهڵام بههۆی گرفتی كارهبا و ئێنتهرنێتەوە، له ههندێك ناوچهدا، ناچاربوین گۆڕانكاریی له شوێنی ههندێك ئامێردا بكەین، هەنار هادی وتی، چەند مانگێكە بە تەواوی ئامێرەكان جێگیركراون و شوێنیان نەگۆڕدراوە، بە دابینكردنی كارەبا و ئینتەرنێتی بەردەوامەوە.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.