به‌‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن

هیچ كاندیدێكی میری ئێزدییان ئاماده‌نین بكشێنه‌وه‌

نه‌ینه‌وا/5ی شوباتی 2019/ به‌خاكسپاردنی ته‌رمی میر ته‌حسین به‌گ، میری ئێزیدییان له‌ باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ قه‌زای شێخان فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز - نه‌ینه‌وا

هیچكام له‌و شه‌ش كه‌سه‌ی خۆیان بۆ میری ئێزیدییان كاندید كردووه‌ ئاماده‌نین بكشێنه‌وه‌، كۆبونه‌وه‌یه‌كی ناوخۆیی بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزیدییانیش بۆ دیاریكردنی یه‌ك كاندید سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، بۆیه‌ چاره‌سه‌رێكی تر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خراوه‌ته‌ڕوو.

28ی كانونی دوه‌می 2019 ته‌حسین سه‌عید عه‌لی به‌گ، میری ئێزدییان له‌ عیراق و جیهان دوای مانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له‌ شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد و له‌ 5ی شوباتی ئه‌مساڵیشدا، له‌ سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یدا له‌ قه‌زای شێخان له‌ده‌ستی نه‌ینه‌وا به‌خاكسپێردرا، له‌ئێستاشدا هه‌وڵی بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی كه‌سێك بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی وه‌كو میری ئێزیدییان.

عامر مه‌حمود، وته‌بێژی بنه‌ماڵه‌ی میر له‌ پرسی هه‌ڵبژاردنی میری ئێزدییان به ‌(که‌رکوک ناو)ی وت "چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگی ناوخۆیی بنەماڵەی میر ئه‌نجامدراوه‌، له‌باره‌ی ئه‌و شه‌ش كاندیده‌ی ده‌یانه‌وێت ببن به‌ میر، لە کۆبونەکەدا نەگه‌یشتوینه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك لەسەر ئه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌ كاندیده‌كان خۆیان بکێشێننه‌وه‌، چونكه‌ هیچ کاندیدێک ئاماده‌نییه‌ له‌ کێبڕکێكه‌ بکشێته‌وه‌ و هه‌مویان سورن که‌ ببنه‌ میر".

"بۆ چارەسەری ئەم بابەتە بنەماڵەی میر پێکەوە پێشنیاری ئەوەیان کردووە كه‌ پۆستی گرنگ به‌ كاندیده‌كان بدرێت، یەکێک ببێتە جێگری یەکەمی میر، یەکێکی تر ببێتە جێگری دووەمی میر، یەکێک ببێتە بریكاری میر، كاندیدێكی تر ببێتە سەرۆکی جڤاتی بنه‌ماڵه‌ی میر، كانده‌كه‌ی تریش نوێنه‌ری میر بێت له‌ ئه‌وروپا"، وته‌بێژی بنه‌ماڵه‌ی میر وایوت.

بۆ چارەسەری ئەم بابەتە بنەماڵەی میر پێکەوە پێشنیاری ئەوەیان کردووە كه‌ پۆستی گرنگ به‌ كاندیده‌كان بدرێت

حازم  ته‌حسین به‌گ – كوڕی میر ته‌حسین به‌گ-، کامیران خه‌یری به‌گ، شێرزاد فاروق به‌گ، هه‌رمان میرزا به‌گ، سالم نه‌جمان به‌گ، میران سه‌باح جاسم به‌گ، ئه‌و شه‌ش كاندیده‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت ببن به‌ میری ئێزیدیان.هه‌مویان خه‌ڵکی ناحییه‌ی باعه‌درێ سه‌ر به ‌قه‌زای شێخانن.

پێگه‌ی میر له‌ نێو ئێزیدییه‌كاندا، له‌ نێو هه‌مان بنه‌ماڵه‌دا بووه‌ و ده‌بێته‌ نوێنه‌ری ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌ ئاستی جیهان، له‌ دوای ئه‌ویش باباشێخ، وه‌كو مه‌رجه‌عی دینی ئێزیدیی له‌ رووی ئایینه‌وه‌ كاره‌كان راییده‌كات.

پێشتر سعود مستۆ، راوێژكاری جڤاتی روحانی ئێزیدییان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "قۆناغی یه‌كه‌م؛ بنه‌ماڵه‌ی میر كه‌سێك یاخود دوو یان سێ كه‌س هه‌ڵده‌بژێرن، دواتر جڤاتی روحانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی ئێزیدییان پێكه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر كه‌سێك ده‌ده‌ن، پێشتریش میر ته‌حسین به‌گ به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌".

ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له‌ جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌ شێخ، شێخی وه‌زیره‌  و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

له‌باره‌ی ئه‌و پێشنیاره‌ نوێیه‌ی بۆ كاندیده‌كان كراوه‌، عامر مه‌حمود، وته‌بێژی بنه‌ماڵه‌ی میری ئێزیدییان وتی "تاڕادەیەک ئەم پێشنیارە بۆتە جێگای رازیبونی هەموو کاندیدەکان، چونکە تاوەکو ئێستا هیچ کاندیدێک ئەم پێشنیارەی رەتنەکردۆته‌وه‌، بەڵام بە شێوەیەکی فه‌رمی راماننەگەیاندووە".

تاڕادەیەک ئەم پێشنیارە بۆتە جێگای رازیبونی هەموو کاندیدەکان

چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی تری بنه‌ماڵه‌ی میردا، ئه‌و پێشنیاره‌ قبوڵبكرێت، وه‌ك عامر مه‌حمود وتی "تاکه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌مه‌یه‌، ده‌بێت هه‌موو کاندیده‌کان رۆڵێکی گرنگیان پێبدرێت تاوه‌کو رازی ببن به‌ کشانه‌وه‌ی خۆیان".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT