دوو هاوسه‌ر، گۆڤارێكی تایبه‌ت به منداڵان لە كه‌ركوك ده‌رده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش دوای هه‌ستكردنیان به نه‌بونی هیچ گۆڤارێكی تایبه‌تمه‌ند له‌و بواره‌دا بۆ خزمه‌تكردن و هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئه‌و توێژەی كۆمه‌ڵگه.
كوكو، ناوی گۆڤاره‌كه‌یه كه به زمانی عه‌ره‌بی بڵاوده‌كرێته‌وه و هه‌ر خۆیان ئه‌ركی ئاماده‌كردنی بابهتهكان و تێچوی ده‌رچونیان له ئه‌ستۆ گرتووه، به گشتی ده‌یانه‌وێت منداڵان بە باشی ته‌كنه‌لۆژیا بەکاربهێنن، هۆشیاریان بكه‌نه‌وه له مافه‌كانیان و له ئێستاوه ئاشنایان بكه‌ن به پێكه‌وه‌ژیانی نێوان نه‌ته‌وه‌كان.
"بیرمکردەوە لە کەرکوک هیچ گۆڤارێک نییە خزمەتى منداڵان بکات، منداڵانى کەرکوک زۆر پەراوێزخراون و ده‌ترسین ئاستى رۆشنبیرییان به‌ره و له‌ناوچون بچێت، هه‌ر وەک باڵنده‌ی کوکو كه بەرەو نەماندەچێت"، ئاره‌زوو ئه‌میر مه‌جید، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ناوی گۆڤاره‌كه‌ی ناوه.
ئاره‌زوو كه خاوەن ئیمتیازى گۆڤارى کوکوه، پێشتر كاری راگه‌یاندنی كردووه و بۆ منداڵان ده‌نوسێت، به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خه‌ریكه ته‌كنه‌لۆژیا منداڵان له خشتهبهرێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی هۆشیارییان هه‌یه... بۆیه راپرسییهكم له‌نێو دایكان و باوكان، مامۆستایان و كه‌سانی پسپۆڕ كرد له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی تاچه‌ند گۆڤارێكی منداڵان بۆ شاره‌كه پێویسته، به‌پێی ئه‌نجامه‌كه‌ی زۆرینه له‌گه‌ڵ دەرچونی گۆڤارێك بون.
ئاره‌زوو بیرۆكه‌ی گۆڤاره‌كه به هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت و له‌سه‌ر دەرچواندنی پڕۆژەكه رێکدەکەون.
هاوسه‌ره‌كه‌ی دیزاینەرە و كاریكاتێری گۆڤاره‌كه ده‌كات، ئاره‌زووش بابه‌ت و چیرۆك و هۆنراوه‌كان ده‌نوسێت و به‌زمانی عه‌ره‌بی بڵاویده‌كه‌نه‌وه.
"پێمانوایه زۆرینه‌ی كه‌ركوك عه‌ره‌بی ده‌زانن و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی تر له‌وانه كورد، توركمان و کلدۆئاشوریی به‌و زمانه ده‌توانن بخوێننه‌وه و تێبگه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر داوای هه‌ندێك بڕیارمانداوه لە ژمارەى دووه‌مه‌وه پاشکۆى زمانى کوردی، تورکمانى و ئینگلیزیش ده‌ربكه‌ین"، ئاره‌زوو وایوت.
ئه‌و دوو هاوسه‌ره، ئێستا سه‌رقاڵی ده‌ركردنی ژماره دووی گۆڤارهكهن له‌م مانگه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌ی یه‌كه‌م له مانگی تشرینی یه‌كه‌م بڵاوكرایه‌وه.
ئاره‌زوو وتی "هیچ لایه‌ن و رێکخراوێك هاوکاریی نەکردوین، ئەگەرچى داواى هاوکاریمان كردووه... خۆی پڕۆژهەكه بۆ منداڵانه و نامانه‌وێت سه‌ر به حزب و كه‌سی سیاسی بێت".
هه‌موو كاری پڕۆژەكه هه‌ر له ماڵی خۆیاندا ده‌كه‌ن.
ئاره‌زوو وتی "بابەتەکانمان پەیامێکە بۆ منداڵان تا لە تەکنەلۆژیا دوربکەونەوە و هانیان بده‌ین بۆ خوێندنه‌وه، هه‌روه‌ها یه‌كتریان خۆشبوێت و تێكه‌ڵاوبن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تر و به كلتوری یه‌كتر ئاشنابن"، زیاتر وتی "هه‌روه‌ها هۆشیاریان ده‌كه‌ینه‌وه له مافه‌كانیان و ره‌نگدانه‌وه‌ی بابهتهكان ئه‌وه‌یه پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، كه ئه‌وه زۆر بۆ كه‌ركوك گرنگه".
هۆنراوه، چیرۆکى پەروەردەیی و ناساندنی باڵنده و ئاژەڵ لەگەڵ كلتوری نه‌ته‌وه‌كان به‌شێكی گرنگی ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كانه، لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتى تەندروستی، پاک‌وخاوێنی و پاراستنى ژینگه.