به‌شێك له گه‌نجانی كه‌ركوك، دادوبێدادیانه به ده‌ست نه‌بونی كار و سه‌ختی بژێوییانه‌وه، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند ساڵێك له بارگرژی و قه‌یرانی دارایی پارێزگاكه دێت كه به‌پێی به‌دواداچونه فه‌رمییه‌كان، بێكاری گه‌یاندۆته ئاستی به‌رز.
ئه‌و پارێزگا ده‌وڵه‌مه‌نده به نه‌وت، تا ساڵی رابردوش ته‌واوی پرۆژه خزمه‌تگوزاریی و ستراتیژییه‌كانی راگیرابوو، به‌هۆی نه‌ناردنی به‌شه بودجه و پاره‌ی پترۆدۆلار له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداوه، سه‌رباری شه‌ڕی داعش له سنورێكی به‌رفراوانیدا.
عه‌دنان ئاسۆ، تا چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رۆژانه 50 هه‌زار دیناری وه‌رده‌گرێت له‌به‌رانبه‌ر كاركردنیدا وه‌ك وه‌ستای له‌بغ، به‌ڵام ئێستا به‌سێ مانگ جارێك ئیشێكی یه‌ك رۆژی به پاره‌یه‌كی زۆر كه‌متریش ده‌ستناكه‌وێت.
سێ مانگه یه‌ك رۆژ ئیشم نه‌كردوه، ته‌نانه‌ت بۆ مه‌سروفاتی ماڵه‌وه ملیۆنێك دینارم قه‌رز كردووه
"سێ مانگه یه‌ك رۆژ ئیشم نه‌كردوه، ته‌نانه‌ت بۆ مه‌سروفاتی ماڵه‌وه ملیۆنێك دینارم قه‌رز كردووه، له‌كاتێكدا پێشتر هه‌موو رۆژێك ئیشم هه‌بوو به رۆژانه‌ی 50 هه‌زار دینار"، عه‌دنان بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
هه‌ر ئه‌و هاوڵاتییه نیه، زۆربه‌ی هاوپیشه و هاوڕێیه‌كانیشی له هه‌مان دۆخدا بون، رۆژانه تا كارێكی ده‌ستبكه‌وێت ده‌چێته گۆڕیانی ئه‌حمه‌دئاغا له‌ناوشاری كه‌ركوك، دوای چه‌ند كاتژمێرێك چاوه‌ڕوانی به‌بێكار ده‌گه‌ڕێته‌وه.
"كاتێك كه كه‌سێك دێت بۆ كرێكار 50 كه‌س ده‌وری ده‌گرن و به پاره‌ی كه‌م ده‌چن بۆ ئیشه، به گشتی دۆخه‌كه زۆر سه‌خت بووه".
تا مانگه‌كانی كۆتایی 2017دا، قه‌زای حه‌ویجه و چه‌ند ناحیه‌یه‌كی كه زیاتر له سه‌دا 30ی پارێزگاكه‌یه له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بوو، دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی له ناوه‌ڕاستی 2014دا، ئه‌وه‌ش ئاواره‌ی زۆری ره‌وانه‌ی ناوشار و كه‌مپه‌كان كرد، كه خۆی به‌ده‌ست بارگرانی داراییه‌وه ده‌یناڵاند.
سه‌رباری راگرتنی ناردنی بودجه بۆ كه‌ركوك، به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ئیداره‌ی پارێزگاكه و به‌غدا، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و قه‌یرانی دارایی به گشتی عیراق، كاریگه‌رییه‌كانی زیاتر بون بۆ كه‌ركوك و زۆربه‌ی پرۆژه‌كانیش راگیران.
جومعه محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بێكاری لە كەركوك لە ئاستێكی زۆر بەرز و مەترسیداردایە، بە پێی ئەو ئامارانەی لای ئێمە تۆمار كراوە، لە دوای كردنەوەی فەرمانگەكه له‌ساڵی 2005ەوە 90 هەزار كەس ناویان تۆماركردوه وه‌ك بێكار تا 2018، به‌ڵام ته‌نیا له ساڵی رابردودا زیاتر له 45 هه‌زار ناو تۆماركراون".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه فه‌رمانگه‌كه‌ی ئه‌وان، چه‌ند رێكارێكی گرتۆته‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری، له‌وانه كردنه‌وه‌ی خولی پیشه‌یی بۆ كار وه‌ك چاككردنه‌وه‌ی كۆمپیوته‌ر، مۆبایل و چه‌ندین پیشه‌ی تر، تا خه‌ڵك بتوانێت كاری خۆی هه‌بێت.
چه‌ند ساڵێكه روپێوی ورد و گشتگیر له عیراق نه‌كراوه، بۆیه ئاماری پێشتر هه‌یه و به‌پێی سایتی ده‌زگای ناوه‌ندی بۆ ئامار، رێژه‌ی بێكاری له نێو گهنجامدا ده‌گاته سه‌روو سه‌دا 20.
له‌و ئامارانه‌دا بۆ ساڵی 2014دا ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو كه رێژی بێكاری له نێوان كه‌سانی ته‌مه‌ن 15 بۆ 24 ساڵ له پارێزگای كه‌ركوك، سه‌دا 5.2 بووه و ئه‌و رێژه‌یه له 2016دا به‌رزبۆته‌وه بۆ سه‌دا 28.7.
بێكاری لە كەركوك لە ئاستێكی زۆر بەرز و مەترسیداردایە
هه‌ڵۆ عوسمان، له كرێكاریی بیناسازییه‌وه ده‌ستی داوه‌ته كاری تاكسی له كه‌ركوك، چونكه نه‌یتوانی وه‌ك جاران ئیشی ده‌ستبكه‌وێت و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئیش له‌م شاره قاتییه، به گشتی هه‌ر ئیش نیه، چونكه زۆربه‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كانیش كرێكاری تایبه‌ت به خۆیان ده‌هێنن و ئیش به كرێكاری ئێره ناده‌ن".
له ساڵی رابردووه‌وه، حكومه‌تی ناوه‌ندی به چه‌ند قۆناغێك خه‌رجكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی كه‌ركوكی ده‌ستپێكردۆته‌وه، له‌و بودجه‌یه‌ش به‌پێی رێكاره راگه‌یه‌ندراوه‌كانی ئیداره‌ی پارێزگاكه، به‌شێكی بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رز و به‌شێكیشی بۆ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پرۆژه راگیراوه‌كان ته‌رخانكراوه.
به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كار له كه‌ركوك ده‌ڵێت هۆكارێكی بێكاری و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاسته‌كه‌ی په‌یوه‌سته به دۆخی ئه‌منییه‌وه، به‌وپێیه‌ی ناسه‌قامگیر بووه و كه‌مترین وه‌به‌رهێنان كراوه، جگه له‌وه‌ش داڕمانی ئابوری عیراق به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له ئاستی جیهان، له ساڵی 2014وه، هۆكارێكی تری بێكارییه.
دوابه‌دوای كۆتایی داعش له كه‌ركوك و نه‌مانی شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه، بارگرژیی و ناكۆكی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ندی به‌غدا به تایبه‌ت له پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم، جارێكی‌تر ناسه‌قامگیری بۆ پارێزگاكه هێنا و هه‌زاران كه‌س ئاواره‌بون، كه دواتر دۆخه‌كه به‌ره‌و هێوربونه‌وه رۆیشت.