زیاتر له 90 هاوڵاتی هێشتا بێسه‌روشوێنن، دوای چه‌ند رۆژێك له نقومبونی به‌له‌مه گه‌شتیارییه‌كه‌ی موسڵ و له ئێستاشدا ده‌یان مه‌له‌وان له چوارچێوه‌ی چه‌ند تیمێكی جیاوازدا، هه‌ڵمه‌تێكی به‌فراوانی گه‌ڕانیان ده‌ستپێكردووه به دوای ته‌رمی قوربانییه‌كاندا.
به‌له‌مه گه‌شتیارییه‌ی موسڵ، ئێواره‌ی 21ی ئازار له روباری دیجله نقوم بوو، به‌هۆیه‌وه زیاتر له 100 كه‌س خنكاون و هێشتاش ته‌رمی زیاتر له نیوه‌یان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
به‌پێی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كه سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی گه‌شتیاران بۆ سه‌ره به‌له‌مه‌كه نیشانده‌دات له دورگه‌ی گه‌شتیاری ئوم ره‌بیعه‌ین له شاری موسڵ 287 كه‌س سه‌رده‌كه‌ون له نێویاندا زۆرینه ژن و منداڵ.
له‌و ژماره‌یه كه له‌سه‌ر به‌له‌مه‌كه بوون، تائێستا ته‌رمی 97 كه‌س ده‌رهێنراوه‌ته‌وه و له سه‌روبه‌ندی روداوهكهشدا نزیكه‌ی 60 كه‌س رزگاركران به‌ر له‌وه‌ی بخنكێن، به‌ڵام ئه‌وانیتر بێسه‌روشوێنن، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی نه‌ینه‌وا بۆ (كه‌ركوك ناو).
عه‌قید خالد كه‌ریم، به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی روباره‌كان له نه‌ینه‌وا له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا له كاتی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تیمێكی مه‌له‌وانی توركی، ئاشكرایده‌كات كه ته‌رمی 97 كه‌س ده‌رهێنراوه و 85 بۆ 90 هاوڵاتیش ته‌رمه‌كانیان دیارنیه و له ئاوه‌كه‌دا ماون.
ئه‌و تیمه توركییهی مه‌له‌وانی توركی، ئێواره‌ی دوێنێ دوشه‌ممه 25ی ئازار گه‌یشتنه موسڵ، بۆ گه‌ڕان به دوای ته‌رمی قوربانیاندا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ی ئازار سه‌رۆكی تیمه مه‌له‌وانییه‌كه‌ی توركیا له موسڵ، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو رونیكرده‌وه، به‌هۆی بارانی زۆره‌وه قوڕ و لیته‌ی زۆر له روبارهكهدا دروستبووه، ئه‌وه‌ش وایكردووه ئایتی بینین له‌ژێر ئاوه‌كه‌دا زۆر كه‌مبێته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌بونی قوڕ و لیته، ئاستی ئاوه‌كه و خێراییه‌كه‌یشی زۆره، جگه له‌وه داروپه‌ردوی زۆر له ئاوه‌كه‌دایه و به‌هۆیه‌وه پرۆسه‌ی گه‌ڕان به دوای ته‌رمه‌كاندا ئه‌سته‌م بووه.
چه‌ند رۆژێكه شه‌پۆلێكی بارانی به‌خوڕ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عیراقی گرتۆته‌وه و به‌هۆیه‌وه ئاستی ئاوی روباره‌كان زیادیكردووه و به‌نداوی موسڵیش ئاوی زیاتری به‌رداوه‌ته‌وه به‌هۆی پڕبونیهوه.
تیمی مه‌له‌وانی سه‌ر به ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، هاوشانی تیمه‌كانی تر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ی ئازار به‌شدارییان كرد له پرۆسه‌ی گه‌ڕان به دوای ته‌رمی قوربانیانی روداوه‌كه‌ی موسڵ.
جه‌واد كازم، لێپرسراوی جموجۆڵی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له حه‌شدی شه‌عبی به میدیای هێزه‌كه‌ی راگه‌یاندووه كه تیمێكیان له سامه‌راوه چۆته موسڵ، به پێداویستی و كه‌ره‌سته‌وه تا رۆڵیان هه‌بێت له دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیان.
له سنوری پارێزگای نه‌ینه‌واش، پۆلیسی روباره‌كان به جیا به‌دوای ته‌رمه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن و له ده‌ره‌وه‌ی روباره‌كه‌ش، تا ناوچه‌كانی باشوری پارێزگاكه تیمی جیاوازی حكومی، مانگی سوری عیراقی و به‌رگری شارستانی راوه‌ستاون و ده‌گه‌ڕێن به‌دوای ته‌رمدا له كه‌ناری روبارهكهدا.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، له هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، چه‌ندین مه‌له‌وانی شاره‌زا و تیم گه‌یشتونه‌ته موسڵ، تا له روباری دیجله به دوای ته‌رمدا بگه‌ڕێن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی هه‌رێم.
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌شت به‌له‌میان بۆ تهرخانكردون، به ئامانجی به‌كارهێنانی له هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان به‌دوای قوربانیاندا.
جگه له تیمه فه‌رمییه‌كان، چه‌ندین مه‌له‌وانی شاره‌زاش به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خش، له دیجله‌دا هاوكاری ئیداره‌ی شاره‌كه ده‌كه‌ن.
له ئێستادا ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی كاتییه‌وه به‌رێوه‌ده‌برێت، به‌پێی فه‌رمانی دیوانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق، ئه‌وه‌ش له سه‌رۆكی زانكۆ و هه‌ردوو فه‌رمانده‌ی پۆلیس و ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، دوای دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار و جێگره‌كانی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه.