فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ پارێزگاری پێشوی نه‌ینه‌وا و حه‌وت لێپرسراوی تر ده‌رده‌چێت

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، ناوچه‌ی گه‌شتیاری غابات له‌موسڵ كه‌ به‌له‌مه‌كه‌ی تێدا نقوم بوو فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو

دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا فه‌رمانی ده‌ستگیركردن و قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن بۆ نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری دورخراوه‌ی نه‌ینه‌وا و حه‌وت لێپرسراوی تر ده‌رده‌كات، به‌ تۆمه‌تی زیانگه‌یاندن به‌ ماڵ و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی.

له‌ نوسراوێكدا كه‌ 26ی ئازار ده‌ركراوه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست (كه‌ركوك ناو) كه‌وتووه‌، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌كانی نه‌زاهه‌ سه‌ر به‌ دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی فیدراڵی، بڕیاریداوه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن له‌ پارێزگاری نه‌ینه‌وا و حه‌وت لێپرسراوی تری دیوانی پارێزگا.

له‌و نوسراوه‌دا ناوی هه‌شت تۆمه‌تبار هاوپێچ كراوه‌ و پێكهاتون له‌ پارێزگاری دورخراوه‌ی نه‌ینه‌وا، به‌رێوه‌به‌ری به‌شی گرێبه‌سته‌كان له‌ دیوانی پارێزگا، یاریده‌ده‌ری پارێزگار بۆ كاروباری ئیداری، به‌رێوه‌به‌ری به‌شی پرۆژه‌كان، فه‌رمانبه‌ر له‌ به‌شی كاروباری هاوڵاتیان، تێبینه‌رێك، ئه‌ندازیارێك و پرۆگرامه‌رێك له‌ دیوانی پارێزگا.

ئه‌حمه‌د جبوری، په‌رله‌مانتاری عیراق له‌ پشكی نه‌ینه‌وا له‌ تویته‌ری خۆی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیرگردنی بۆ پارێزگاری دورخراوه‌ی نه‌ینه‌وا و چوار لێپرسراوی تری دیوانی پارێزگا بڵاوكردۆته‌وه‌.

نه‌ینه‌وا، 19ی ئازاری 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان پارێزگاری نه‌ینه‌وا فۆتۆ: ئه‌حمه‌د زه‌یدی

 

ته‌واوی ئه‌وانه‌ی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردنیان بۆ ده‌ركراوه‌ له‌ موسڵ له‌ نێویاندا پارێزگاری پێشوو به‌ مادده‌ی 340 له‌ یاسای سزادانی عیراقی له‌لایه‌ن دادگاوه‌ تۆمه‌تباركراون.

به‌پێی ئه‌و مادده‌یه‌ یاساییه‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك به‌ ئه‌نقه‌ست زیان بگه‌یه‌نێت به‌ سامانی گشتی و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و شوێنه‌ی ئیشی تێدا ده‌كات سزاده‌درێت به‌ زیندانی بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ حه‌وت ساڵ زیاتر نه‌بێت.

ئه‌و فه‌رمانه‌ی دادگا دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ی ئێواره‌ی 21ی ئازار دێت له‌ موسڵ، كه‌ به‌هۆی نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاریه‌وه‌ له‌ روباری دیجله‌، زیاتر له‌ 100 كه‌س خنكان و هێشتاش ته‌رمی زۆرینه‌ی قوربانیان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا و له‌چوارچێوه‌ی لێكه‌وته‌كانی ئه‌و روداوه‌دا، په‌رله‌مانی عیراق به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی له‌ پۆسته‌كانیان دورخسته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆكوه‌زیران و به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی.

نه‌وفڵ حه‌مادی سوڵتان، له‌ كاردانه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌ماندا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی، ئه‌و هێشتا پارێزگاری كاربه‌رێكه‌ری نه‌ینه‌وایه‌ و تانه‌ی له‌ دورخستنه‌وه‌ی داوه‌، بۆیه‌ پێكهێ"انی شانه‌ی قه‌یرانی بۆ به‌رێوه‌بردنی پارێزگاكه‌ به‌ ناده‌ستوری ناوبرد.

پێشتر و له‌ سه‌روبه‌ندی روداوه‌كه‌ی موسڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌ فه‌رمانێكدا پێكهێنانی شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی نه‌ینه‌وا و ئیداره‌دانی پارێزگاكه‌ راگه‌یاند، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌رۆكی زانكۆ، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا و فه‌رمانده‌ی پۆلیس، به‌بێ پارێزگار.

لابردنی پارێزگار، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی ده‌یان كه‌س له‌ خه‌ڵكی موسڵ و كه‌سوكاری قوربانیان له‌ نزیك شوێنی روداوی نقومبونی به‌له‌مه‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ و داوایانكرد جگه‌ له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پارێزگار ته‌واوی به‌رپرسانی روداوه‌كه‌ش سزا بدرێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT