هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، جێی مشت‌ومڕ و ناكۆكی نێو په‌رله‌مانی عیراقه، دوای له‌كارخستنی پارێزگار، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌هۆی روداوی به‌له‌مه‌كه‌ی موسڵه‌وه بۆته پرسی گه‌رمی لایه‌نه سیاسییه‌كان.
په‌رله‌مانی عیراق، له یه‌كه‌م دانیشتنی دوای نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری له موسڵ و خنكانی ده‌یان كه‌س، بڕیاریدا به دورخستنه‌وه‌ی پارێزگار و دوو جێگره‌كه‌ی، به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.
به‌پێی به‌لاغی دانیشتنه‌كه‌ی 24ی ئازاری په‌رله‌مان، له‌چوارچێوه‌ی تاوتوێكردنی روداوه‌كه‌دا، فه‌رمانگه‌ی یاسایی راسپێردراوه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندانی داواكاری 121 په‌رله‌مانتار، كه داوایانكردووه ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌كاربخرێن.
هه‌وێنی ئه‌و گۆڕانكارییه به‌په‌له‌ی په‌رله‌مان، نقومبونی به‌له‌مێكی گه‌شتیاری بوو له روباری دیجله، كه ئێواره‌ی 21ی ئازار به زیاتر له 280 كه‌سه‌وه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و ته‌نیا نزیكه‌ی 70 كه‌س رزگاریان بوو، ئه‌وانیتر زیاتر له نیوه هێشتا ته‌رمه‌كانیشیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د سه‌عید، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی نه‌ینه‌وا هه‌ویه‌تونا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "روداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی نه‌ینه‌وا سه‌لماندی كاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگا شكستی هێناوه و بۆته شوێنێك بۆ گه‌نده‌ڵی، بۆیه پێویسته سڕ بكرێت تا ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی نوێ".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه ئێستا په‌رله‌مان له تاوتوێی ئه‌وه‌دایه چۆن ئه‌نجومه‌نی پارێزگا سڕ بكات.
دوابه‌دوای روداوه‌كه‌ی موسڵ، خه‌ڵكی ئه‌و شاره ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی دژی لێپرسراوان و ده‌ستبه‌جێ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران له‌رێی پێكهێنانی شانه‌ی قه‌یرانه‌وه ده‌سه‌ڵاته‌كانی له پارێزگار سه‌نده‌وه، به‌رله‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكوه‌زیران و به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی، له‌و پۆسته دوریبخاته‌وه.
له ئێستاشدا و دوای نه‌مانی پارێزگار، هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌دایه هیچ یه‌كێك له لێپرسراوانی پێشتری موسڵ، له ئه‌ركه‌كانیاندا نه‌مێنن و ئیداره‌یه‌كی نوێ، پێكبهێنرێت.
عه‌تاب دوری، سه‌ركرده له هاوپه‌یمانی نیشتمانی سڕكردنی ئه‌نجومه‌ن به پێویست ده‌زانێت و بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "دوای مه‌ترسیه‌كان و كه‌مته‌رخه‌می زۆر له هه‌موو ئاسته‌كاندا به تایبه‌ت خزمه‌تگوزارییه‌كان ئیتر پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌ت كاری ته‌واوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان سڕ بكات".
دوری پێیوایه پێویسته حكومه‌ت دۆسیه‌ی پارێزگاكان بگرێته ده‌ست و رێگری بكات له دزینی ماڵ و سامانی گشتی.
له نێو په‌رله‌مانی عیراق، هه‌وڵێك هه‌یه داواكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌موو عیراق بگرێته‌وه نه‌ك ته‌نیا نه‌ینه‌وا، ئه‌وه‌ش تا هه‌ڵبژاردنی نوێ، كه هێشتا واده‌ی ئه‌نجامدانی دیارینه‌كراوه.
ئیبتسام هاشم، په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون به (كه‌ركوك ناو)ی وت "زیاتر له 175 واژۆ كۆكراوه‌ته‌وه بۆ سڕكردنی كاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و راده‌ستكردنی ئه‌ركه‌كانیان به پارێزگاره‌كان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی و چاودێری په‌رله‌مانتارانی پارێزگاكه".
به‌پێی یاسای پارێزگا نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی له‌سه‌ر داواكاری سێیه‌كی ئه‌ندامه‌كانی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌می هه‌بوو له ئه‌ركه‌كانی یان پێشێلی ده‌ستور و یاساكانی كرد یاخود سێیه‌كی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌ندامێتییان له ده‌ستدا.
هه‌ر له‌و یاسایه‌دا هاتووه كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌توانێت ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه به زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر داواكاری پارێزگار یان سێیه‌كی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌بوو.
عه‌لی جابر ته‌میمی، شاره‌زای یاسایی باسی له یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان كرد كه ده‌سه‌ڵاتی داوه به ئه‌نجومه‌ن كاره‌كانی راییبكات تا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێ، ده‌ڵێت له ئێستادا ئه‌نجومه‌نه‌كان كاربه‌ڕێكه‌رن.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه رونیكرده‌وه "په‌رله‌مان ده‌توانێت ئه‌و مادده یاساییه هه‌موار بكاته‌وه و كاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن رابگرێت و پارێزگار وه‌ك كاربه‌ڕێكه‌ر بهێڵێته‌وه"، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌رله‌مان بڕیار ده‌رناكات و یاسا ده‌رده‌كات بۆیه سڕكردنی ئه‌نجومه‌ن به یاسا و به‌پێی ده‌ستور ده‌بێت.
به‌بڕوای ته‌میمی هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مان بۆ سڕكردنی ئه‌نجومه‌ن له‌رێی بڕیاره‌وه "وه‌ك یاسا به‌های نیه"، به‌ڵكو پێویسته هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكاته‌وه تا بكات به‌و ئامانجه.
دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له عیراق، له ساڵی 2013دا بووه و هه‌رچه‌ند بڕیاربوو كۆتایی ساڵی رابردودا ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام دواخرا و بڕیار له واده‌ی نوێ نه‌دراوه.
عامر فائز، په‌رله‌مانتاری فه‌تح پێیوایه هیچ ده‌قێكی یاسایی نیه رێگه‌بدات به په‌رله‌مان كاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان سڕ بكات، ئه‌وه‌شی به (كه‌ركوك ناو) وت "هیچ بڕگه و ده‌قێكی یاسایی یان ده‌ستوری نیه رێگه‌ی ئه‌و كاره به په‌رله‌مان بكات ته‌نیا له حاڵه‌تی راگه‌یاندنی باری له ناكاو و سڕكردنی ده‌ستور نه‌بێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باسی له‌وه‌كرد بودجه‌ی نه‌ینه‌وا گه‌یشتوه و پێویستی به دابه‌شكردن هه‌یه، هیچ لایه‌نێكی جێبه‌جێكردنیش نیه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بێت، ته‌نانه‌ت شانه‌ی قه‌یرانیش، بۆیه ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ته‌نیا لایه‌نه ئه‌و ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆ.